تێکۆشەر خالید

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-03-21:31:00 - کۆدی بابەت: 8886
تێکۆشەر خالید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێکۆشەر خالید (بە ئینگلیزی: Tekoshar Khalid) نووسەر، چیرۆکنووس، وتارنووس و ڕۆماننووسێکی لاوی کوردە، جگە لە زمانی دایک زمانی فارسی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە ڕێکەوتی ١٥\٦\١٩٨٩ زایینی لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ئینسایکلۆپیدیای نووسەرانی کورد لە ڕیزبەندی چیرۆکی کوردییە لە نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین. خاوەنی یەکەمین کتێبی مینیماڵە بە زمانی کوردی کە کتێبی (بەڵێ، هەڵەیەک ڕووی داوە)یە و یەکەمین وەرگێڕانی کتێبیشی (ماسیی ڕەشی بچکۆلە)ی (سەمەد بێهرەنگی)ـیە. بە بڵاوبوونەوەی کتێبی کۆمەڵەچیرۆکی ئاسمانی سوور، زیاتر ناسرا. خاوەنی هەندێک خەڵاتی ئەدەبییە لەوانە خەڵاتی ڕوانگە بۆ چیرۆک لە ساڵی ٢٠١٣. هەروەها براوەی خەڵاتی ڕێکخراوە هونەرییەکانی لاوان و گەلاوێژە.

دەربارەی چیرۆکەکانی

تێکۆشەر خالید هەر چیرۆکێکی بە تەکنیک و گێڕانەوەی جیاوازتر لەوی تر نووسیوە‌. شوێن و کەشی چیرۆکەکان جیاوازن و زمانی کەسایەتییەکان لە هەناوی ڕاستییەوە هاتوونەتە دەرەوە و نووسەر لەوێوە ساکارانە خەیاڵەکانیان لە بارەی عەشق، جەنگ و ئاشتی دەخاتە ڕوو. کۆی کەسایەتییەکان هەڵگری نەخۆشی یان جۆرێک لە گرێی دەروونین، کە کولتوور و ژینگە و سروشت بەسەری هێناون. ئەوان مرۆڤی هیوادار، تێکشکاو و نەخۆشن و بە ئاسانی دەمرن و خۆیان دەدەن بە دەستەوە. پێدەکەنن و گاڵتەوگەپ دەکەن و درۆ دەکەن لە پێناوی شاردنەوەی گرێ و ڕاستیی تاڵی سەردەمی جەنگ و ناخۆشیی. لە شوێنێک کە هیچ هیوایەک نەماوە، هیوا دەخوازن و لەو شوێنەیش، کە ئومێد سەردەردەهێنێت، ئەوان دەکەونەوە بیری ڕۆژگارە تاریکەکان. ئەوان مرۆڤی سەردەمی جەنگ و تاریکترین ڕۆژەکانی ژیانیانن.

کار و بەرهەمی نووسەر

کتێبە چاپکراوەکان

  • بەڵێ، هەڵەیەک ڕووی داوە (چیرۆک- مینیماڵ) ٢٠١٣ - یەکێتیی نووسەرانی کورد - مەڵبەندی گشتیی
  • ماسیی ڕەشی بچکۆلە (چیرۆکی درێژ) ٢٠١٥- وەرگێڕان - سەمەد بێهرەنگی
  • ئاسمانی سوور (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠٢٠
  • یەک ڕۆژ چاوەڕوانیی (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠٢٠ - وەرگێڕان

وتار

لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، وتاری ئەدەبیی بڵاو کردووەتەوە، چوار ساڵ بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگیی ڕۆژنامەی ئاژانس بووە، هەروەها ستوونێکی بە ناوی (سندووق) بە هاوبەشیی لەگەڵ شاڵاو حەبیبە بۆ ماوەی چوار ساڵ نووسیوە.


سەرچاوەکان



407 بینین