ڕیاڵ مەدرید  

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-05-13:33:00 - کۆدی بابەت: 8903
ڕیاڵ مەدرید  

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یانەی تۆپی پێی ڕیاڵ مەدرید (بە ئینگلیزی: Real Madrid, بە عەرەبی: ریال مدرید). یانەیەکی ئیسپانیی تۆپی پێیە، لە ساڵی ١٩٠٢ لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دامەزراوە. ڕیاڵ بە مانای شاهانە دێت بۆیە یانەکە، بە یانە شاهانەییەکە ناسراوە. 

ناوی تەواوەتی یانەی تۆپی پێی ڕیاڵ مەدرید
ناوی تر بۆ یانەکە لۆس بلانکۆس، مێرەنگییەکان، یانە شاهانەییەکە، پاشای ئەورووپا
بەرواری دامەزراندن ٦\٢\١٩٠٢
یاریگا سانتیاگۆ بێرنابیۆ
جێگەی هاندەر ٨١،٠٤٤
سەرۆکی یانە فلۆرێنتینۆ پێرێز
ڕاهێنەر کارلۆ ئەنچێلۆتی
خوول خوولی ژمارە یەکی ئیسپانی (لالیگا)

مێژوو

١٩٠٢ - ١٩٤٣

مێژووی دروستبوونی یانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە تۆپی پێ لەلایەن هەندێک قوتابی زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و کامبریجەوە بە شاری مەدرید ناسرا. لە سەرەتادا و لە ساڵی ١٨٩٧ یانەیەک لە مەدرید بە ناوی یانەی ئاسمان دروستبوو پاشان بەهۆی چەند ناکۆکییەکەوە هەندێک یاریزان یانەکەیان جێهێشت. ئەو یاریزانانەی لە یانەی ئاسمان جیابوونەوە یانەکەیەکیان دامەزراند بە ناوی یانەی تۆپی پێی مەدرید و لە ساڵی ١٩٠٢ بە فەرمی ناسرا. لە ساڵی ١٩٠٥ ڕیاڵ مەدرید یەکەم نازناوی یانەکە، کە جامی ئیسپانیا بوو لە یارییەکەیاندا دژی یانەی ئەتلەتیکۆ بلباو بەدەستهێنا. لە ساڵی ١٩٢٩ خولی ئیسپانی (لالیگا) دامەزرا و لە وەرزی ١٩٣١-١٩٣٢ ڕیاڵ مەدرید یەکەم نازناوی خولی ئیسپانی لە مێژووی یانەکەدا بەدەستهێنا.

١٩٤٣ - ١٩٧٨

لە ساڵی ١٩٤٣ سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو بە سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید یاریگایەکی نوێی دروستکرد کە دواتر لە ساڵی ١٩٥٥ بە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ناسرا. لە ساڵی ١٩٥٥ خولێک دروستبوو کە تیایدا یانە بەهێزەکانی ئەورووپا بتوانن ڕووبەڕووی یەک ببنەوە. یانەی ڕیاڵ مەدرید وەکوو یەکێک لە یانە بەهێزەکان هەڵبژێردرا و توانی بەژداری کێبڕکێکە بکات و بتوانێت بۆ ٥ ساڵی بەدوایەک ١٩٥٦-١٩٦٠ و دووبارە لە ساڵی ١٩٦٦ نازناوی خولی یانە بەهێزەکانی ئەورووپا کە لە ئێستادا بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ناودەبرێت بەدەستبهێنێت. 

١٩٨٠ - ٢٠٠٠

ئەم ساڵانە بۆ یانەی ڕیاڵ سەرکەوتنێکی بەردەوامبوو، کە تیایدا ٥ نازناوی خولی ژمارەی یەکی ئیسپانی (لالیگا)ـیان بۆ ٥ ساڵی بەدوایەک ١٩٨٦-١٩٩٠ بەدەست هێنا. لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ حەوتەم جار و لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ هەشتەم جار نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایان بەدەستهێنا.

٢٠٠٠ - ٢٠٠٦

لە ساڵی ٢٠٠٠ فلۆرێنتینۆ پێرێز بوو بە سەرۆکی یانەکە و توانی ٢٧٠ ملیۆن یۆرۆ قەرزی یانەکە بداتەوە. سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی یانەکە ڕووبەڕووی بووەوە توانییان خولی ئیسپانی بۆ وەرزی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ و خولی یانە پاڵەوانەکان بۆ جاری دەیەم لە ساڵی ٢٠٠٢ بەدەستبهێنن.

٢٠٠٦ - ٢٠٠٩

لەم ساڵانەدا ڕیاڵ تووشی چەندین کێشەی ڕاهێنەر و بەڕێوبەرایەتی بووەوە، بەڵام توانییان نازناوی خولی ئیسپانی وەرزەکانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ و ٢٠٠٧-٢٠٠٨ بەدەستبهێنن.

٢٠٠٩ - ٢٠٢٢

لە ٢٠٠٩ پێرێز گرێبەستی لەگەڵ چەندین ئەستێرەی وەکوو کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاکا و کەریم بێنزیمادا کرد. لە ساڵی ٢٠١٠ خۆسێ مۆرینهۆ بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و توانی گۆڕانکارییەکی زۆر ئەنجام بدات بەڵام یانەی بەرشەلۆنە زۆر بەهێزتربوون، زۆربەی هاندەرانی ئەو کاتە گوتیان "لە مێژوودا بەرشەلۆنە لە سەردەمی گواردێلۆ باشترین  پێکهاتەی بەرشلۆنە بوو" لەبەر ئەم هۆکارە ڕکابەرایەتی بەرشەلۆنە زۆر قورس بوو. ڕیاڵ نازناوی خولی ئیسپانی وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ـی بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١٣ کارلۆ ئەنچێلۆتی بوو بە ڕاهێنەری یانەکە و لەگەڵ خۆیدا سەرکەوتنی هێنا، توانی نازناوی جامی کۆپا دێل رێی و خولی یانە پاڵەوانەکان بۆ وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ لەگەڵ ڕیاڵ مەدریددا بەدەستبهێنێت. وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ نەیانتوانی هیچ نازناوێک بەدەستبهێنن و لەو ساڵەدا ڕافایێڵ بێنیتێز وەکوو ڕاهێنەری یانەکە دەستنیشان کرا بەڵام بەهۆی ئاستی خراپی یانەکە لە ژێر دەستیدا ڕافایێڵ لە کارەکەی دوورخرایەوە و جێگرەوەکەی زینەدین زێدان وەکوو ڕاهێنەر دەستنیشانکرا لە وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ توانی یازدەیەم نازناوی خوولی یانە لە مێژووی یانەکەدا بەدەستبهێنێت. ساڵی ٢٠١٦ زێدان وەکوو ڕاهێنەر مایەوە، یانەکە لەژێر ڕاهێنەرایەتی زێدان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧ بە یەکێک لە باشترین وەرزەکانی ڕیاڵ مەدرید لە مێژووی یانەکەدا دادەنرێت کە تیایدا ڕیاڵ مەدرید بە درێژایی ٤٠ یاری دۆڕانی بەخۆیەوە نەبینی، نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی بۆ جاری دوازدەیەم و نازناوی خوولی ئیسپانی بەدەستهێنا و لەکۆی ٥ نازناو توانی ٤ نازناوی بباتەوە. وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ یانەکە ئاستێکی ئێجگار بەرزی پێشکەش کرد و توانی سێزدەیەم نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی یانەکە بەدەستبهێنێت.

لە هاوینی ٢٠١٨ زێدان وازهێنانی خۆی لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە ڕاگەیاند و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا جولێن لۆپێتێجوی شوێنی گرتەوە. پاش ئەنجامە خراپەکانی جولێن لەگەڵ ڕیاڵ لە ١١\٣\٢٠١٩ زێدان دووبارە وەکوو ڕاهێنەری ڕیاڵ دەستنیشانکرا و توانی سەرکردایەتی یانەکە بکات و نازناوی خولی ئیسپانی وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ببەنەوە. لە ٢٠٢١ زێدان یانەکەی جێهێشت و ئەنچێلۆتی بۆ وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ سەرکردایەتی یانەکەی کرد. توانی نازناوی خوولی ئیسپانی وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بۆ یانەکە دەستەبەر بکات و یەکێک لە لەبیرنەکراوترین وەرزی خولی یانە پاڵەوانەکان پێشکەش بکات کە بە درێژایی وەرزەکە ڕیاڵ مەدرید توانی لە یانەکانی پاریس سەینت جێرمان، چێڵسی، مانچستەر سیتی و لە یاری کۆتاییشدا لە لیڤەرپووڵ بباتەوە و چواردەیەم نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکان بەدەستبهێنن.

لۆگۆی یانەکە

لە سەرەتادا و لە ساڵی ١٩٠٢ لۆگۆکە لە پیتەکانی M,C,F کە بە وانای یانەی تۆپی پێی مەدرید دەهات پێکهاتبوو. لە ساڵی ١٩٠٨ لۆگۆکە شێوەیەکی بازنەی و فەرمی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٢٠ و کاتێک ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ڕیاڵ مەدرید تاجێک بۆ لۆگۆی یانەکە زیادکرا بەڵام لە ساڵی ١٩٣١ و بە درێژایی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا یانەکە چیتر بە ڕیاڵ مەدرید بانگ نەدەکرا تەنها بە مەدرید، هەموو ناوی شاهانەیی و تاجی سەر لۆگۆکەشیان لێسەندرایەوە. لە ساڵی ١٩٤١ و دوو ساڵ پاش جەنگی ناوخۆ دووبارە مەدرید بووەوە بە ڕیاڵ مەدرید، لۆگۆکەی بوو بە ڕەنگێکی ئاڵتوونی و تاجەکەی وەرگرتەوە. 

جلوبەرگ

جلوبەرگی سەرەکی یانەکە هەمیشە ڕەنگی سپی بووە. سەرەڕای ئەوەی ڕەنگی جلوبەرگی لاوەکی یانەکە بە گشتی شین یاخوود مۆر بووە، هەندێک کات ڕەنگەکانی سوور، سەوز، پرتەقاڵی و ڕەش بۆ جلوبەرگی لاوەکی یانەکە بەکارهێنراون.

ڕکابەرەکان

بەرشەلۆنە

ڕکابەرایەتی نێوان یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە سەرەتاکانی تۆپی پێی ئیسپانیاوە دروستبووە. بەپێی ئەوەی بە دوو سەرکەوتووترین و باشترین یانەکانی ئیسپانیا دادەنرێن یاری نێوان ئەم دوو یانەیە بە کلاسیکۆی ئیسپانیا ناودەبرێت و چێژی تایبەتی خۆی هەیە. دەوترێت کلاسیکۆ تەنها بە تۆپی پێ دروست نەبووە، بەڵکوو جیاوازی کولتوور و شێوازی زمان لە نێوان ناوچەکانی کاستیلا و کەتەلۆنیا و ڕکابەرییان لە جەنگی ناوخۆدا هۆکارێکی تری بەهێزی کلاسیکۆیە. بە درێژایی هەبوونی تۆپی پێی ئیسپانی ٢٤٩ کلاسیکۆ ئەنجامدراوە، ١٠٠ یاری ڕیاڵ مەدرید، ٩٧ یاری بەرشەلۆنە براوە بووە و ٥٢ یاری بە ئەنجامی یەکسانی کۆتایی هاتووە.

ئەتلەتیکۆ مەدرید

ئەم ڕکابەرایەتییەی ئه‌تله‌تیكۆ مەدرید بەهەمان شێوەی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە سەرەتاکانی تۆپی پێی ئیسپانیاوە دروستبووە و بەپێی ئەوەی هەردوو یانە لە شاری مەدریدی پایتەخت دروستبوون ڕکابەرییەکی سەرسەخت لە نێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کام یانە باشترینی شاری مەدریدە و ئەو نازناوە بەدەستبهێنن. 

ئەتلەتیکۆ بلباو

ڕکابەرایەتی ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ بلباو بە گشتی لە سەدەی ٢٠ بەهێزتربوو و بەپێی کات ڕیاڵ مەدرید ئاستی خۆی سەلماندووە کە یانەیەکی سەرکەوتووترە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ژمارەی نازناوەکانی ڕیاڵ زۆر زیاتر بووە.

بایەرن میونخ

ڕیاڵ مەدرید و بایەرن میونخ بە باشترین یانەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دادەنرێن بۆیە هەرکات ئەم دوو یانەیە ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە گرنگی خۆی هەیە و بە یارییەکی مێژووی دادەنرێت. لەگەڵ ئەم ڕکابەرایەتییە سەختەدا لە هیچ یارییەکی کۆتایی خولێکی ئەورووپادا ڕووبەڕووی یەک نەبوونەتەوە.  

یۆڤانتۆس

ڕیاڵ مەدرید و یۆڤانتۆس ٢١ جار ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە ڕیاڵ مەدرید ١٠ یاری، یۆڤانتۆس ٩ یاری بردەوەتەوە و ٢ یاری بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە. 

یاریگا

لە ساڵی ١٩١٢ کامپۆ دێ ئۆدۆنێڵ Campo de O’Donnell بوو بە یاریگای یانەی ڕیاڵ مەدرید و بۆ ماوەی ١١ ساڵ وەکوو یاریگای یانەکە مایەوە. لە ساڵی ١٩٢٣ ئێستادیۆ چامارتین Estadio Chamartín کە جێگای ٢٢،٥٠٠ هاندەری تێدا دەبووەوە بوو بە یاریگای یانەی ڕیاڵ مەدرید. لە ساڵی ١٩٤٣ سەرۆکی یانەکە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریگایەک کە بە یەکێک لە باشترین یاریگاکانی دەیەکە دەستنیشان کرا دروستکرد و لە ساڵی ١٩٥٥ یاریگاکە ناوی سانتیاگۆ بێرنابیۆی پێبەخشرا.

یاریزانە ئەفسانەکانی ڕیاڵ مەدرید

  • ئیکەر کاسیاس (ئیسپانی)
  • سێرجیۆ ڕامۆس (ئیسپانی)
  • ڕائول (ئیسپانی)
  • ڕۆبەرتۆ کارلۆس (بەڕازیلی)
  • کەریم بێنزیما (فەڕەنسی)
  • فێرناندۆ هیێرۆ (ئیسپانی)
  • زینەدین زێدان (فەڕەنسی)
  • فێرێنک پوسکاس (هەنگاری)
  • ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ (ئەرجەنتینی)
  • مارسێلۆ (بەڕازیلی)
  • ئەربیۆلا (ئیسپانی)
  • لویس فیگۆ (پورتووگالی)
  • هوگۆ سانچێز (مەکسیکی)
  • ئیمیلیۆ بوترێگوەینۆ (ئیسپانی)
  • کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (پورتوگالی). 

گرنگترین نازناوەکان

ئیسپانیا

نازناوی خولی ژمارە یەکی ئیسپانی (لالیگا): ٣٥ جار نازناوی جامی کۆپا دێل رێی: ١٩ جار نازناوی جامی ئیسپانیا: ١٢ جار

ئەورووپا

نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان: ١٤ جار نازناوی خولی یوفا: دوو جار نازناوی خولی سوپەری یوفا: ٤ جار


سەرچاوەکان



2272 بینین