پرتەقاڵی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-20-01:43:00 - کۆدی بابەت: 7862
پرتەقاڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی پڕتەقاڵی (بە عەرەبی: اللون البرتقالي، بە ئینگلیزی: Orange) پڕتەقاڵی له تێکەڵکردنی ڕەنگی زەرد و سوور بەرهەم دەهێنرێت، ئەو ڕەنگەیە کە لە شەبەنگی بینراو دەکەوێتە نێوان ڕەنگی سوور و ڕەنگی زەرد، درێژی شەپۆلی ئەم ڕەنگە لە نێوان 585 بۆ 620 نانۆمەترە و لە ڕەنگە گەرمەکانە.
کارۆتینەکانی نێو ڕووەکەکان ڕەنگی پرتەقاڵی دەبەخشنە چەند بەروبوومێکی سەوزە و میوەکان نموونەی پرتەقاڵ، لالەنگی، گێزەر و پەتاتەی شیرین، ئەو وزە ڕووناکییەی کە ڕووەکەکە لە ڕێگەی خۆرەوە هەڵیدەمژێت  بۆیەی کارۆتینەکان دەیگۆڕن بۆ وزەی کیمیایی تاکوو یارمەتی گەشەکردنی ڕووەکەکە بدات.

پلەکانی ڕەنگی پرتەقاڵی 

ـ ڕەنگی پڕتەقاڵی تۆخ و تاریک
ـ ڕەنگی پڕتەقاڵی کاڵ 
ـ ڕەنگی پڕتەقاڵی مەیلەو سوور
ـ ڕەنگی پڕتەقاڵی زەردکاری مەیلەو ئاڵتوونی
ـ ڕەنگی پڕتەقاڵی ئاگری 

مێژووی ڕەنگی پرتەقاڵی

دەستەواژەی "orange" - "پرتەقاڵی" لە سەدەی سیازدەیەمەوە بۆ میوەی مزرەمەنییەکان بەکارهاتووە، ڕەچەڵەکی وشەکە لە وشەی "Naranja" یان "Nrage"ـی ئیسپانی وەرگیراوە کە واتای "داری پرتەقاڵە"، بەڵام ئینگلیزەکان بەپێی کات گۆڕانکارییان لەو وشەیەدا کرد وشەی "Orange" بۆ میوەی پرتەقاڵ بەکارهێنرا و بڵاو بووەوە، پێش ئەو دەستەواژەیە لە ئەورووپای ناوەڕاست ڕەنگی پرتەقاڵی هیچ ناوێکی نەبووە و وشەی "Geoluhread" کە واتای "زەرد - سوور"ـە بۆ وێناکردنی ڕەنگەکە وتراوە و بەکارهێنراوە، پاشان فارسەکان و عەرەبەکان ڕەنگی پرتاقاڵییان پەیوەست کرد بە میوەی پرتەقاڵەوە.
هۆکاری ئەوەی کە بە تایبەتی ئەم ڕەنگە جگە لە ڕووەکەکانی تری نموونەی گێزەر و میوەکانی تر پەیوەست کرا بە میوەی پرتەقاڵەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە پرتەقاڵ میوەیەکی کۆنە و لە مێژەوە بوونی هەبووە و لە هەموو شوێنێک بەربڵاو بووە، بەڵام بەرهەمە ڕووەکەکانی تری نموونەی گێزەر بە ڕەنگی جۆراوجۆر بوونیان هەبووە و گێزەری پڕتەقاڵی لە پاش سەدەکانی ناوەڕاست لەلایەن هۆڵەندییەکانەوە چێنراوە و پەرەی پێدراوە و درەنگ بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
بۆیە لە سەدەی شازدەیەمەوە ڕەنگی پرتەقاڵی و میوەی پرتەقاڵ لە زۆرێک لە زمان و کولتوورەکاندا هەمان دەستەواژەیان بۆ بەکارهێنراوە.
لە میسڕی کۆن و هیندستان ئەم ڕەنگە بۆ وێنەکێشانی سەر گۆڕەکان بەکارهاتووە.
لە چین و شارستانییەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست ڕەنگی پرتەقاڵی ئاماژە بووە بۆ نوێکاری و چالاکی و گڕووتینی لە وێنەکاشان بەکارهاتووە. 

واتای پرتەقاڵی لەڕووی دەروونناسییەوە

ڕەنگی پڕتەقاڵی لە ڕەنگە گەرمەکانە و هەستی چالاکی و گڕوتین دەبەخشێت، هەروەها لە ڕیکلام و بانگەشەکاندا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەرامبەر بەکاردهێنرێت چونکە ئەم ڕەنگە هەستی سەرەنجدان لای کەسەکان چالاک دەکات، لەڕووی دەروونیەوە ڕەنگی پرتەقاڵی ئارەزووی خواردن زیاد دەکات.
ڕەنگی پرتەقاڵی ئاماژەیە بۆ هەستی گەرمی، واتای سادەییە، هەستی وزە و چالاکی و پەرۆشی دەبەخشێت.
ڕەنگی پرتەقاڵی پەیوەستە بە خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتن بۆیە هەستی ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشن. 

واتا و بەکارهێنانی ڕەنگی پڕتەقاڵی لە کولتوورەکاندا

ـ پڕتەقاڵی لەلای هیندۆسەکان ڕەنگێکی پیرۆزە چونکە هێمای ئاگرە، پێیان وایە ڕۆح و جەستە لە ڕێگەی ئەو ڕەنگەوە پاکدەبنەوە.
ـ پرتەقاڵی دروشمی ئایینی هیندۆسی و بووزییەکانی ئاسیایە.
ـ بە پێچەوانەی هیندۆسەکان، لە کۆندا ڕەنگی پڕتەقاڵی لە ئایینی مەسیحیدا ئاماژە بوو بۆ ڕۆچوون لە گوناهـ و تاوانەکانیی پەیوەست بە ئارەزووەکانی مرۆڤەوە.
ـ شۆڕشی پڕتەقاڵی ئاماژەیە بۆ ئازادی سیاسی لە ئۆکرانیا لە ساڵی 2004 ئەم شۆڕشە ڕوویداوە.
ـ پشتوێنی یاریی گۆدۆ و کاراتی ڕەنگ پڕتەقاڵی ئاماژەیە بۆ ئاستی چوارەم لەو یارییەدا.
ـ لە بۆنە و ئاهەنگەکانی هاڵوین ئەم ڕەنگە زۆر بەکاردەهێنرێت.
ـ لەڕووی ئەکادیمییەوە ڕەنگی پڕتەقاڵی لە ئەمریکا و کەنەدا هێمایە بۆ کۆلێجی ئەندزیاریی.
ـ پرتەقاڵی دروشمی سیاسی دیموکراتی ئایدۆلۆجی زۆرێک لە حیزب و پارتە مەسیحییەکانی ڕۆژئاوایە و ئەم ڕەنگەیان پەیوەست کردووە بە بەرخۆدان و بەرگریی.


سەرچاوەکان



1483 بینین