پەیکەری مەسیح

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-06-21:18:00 - کۆدی بابەت: 8927
پەیکەری مەسیح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیکەری مەسیح یان عیسای ڕزگارکەر (بە ئینگلیزی: Christ the Redeemer، بە پورتوگالی: Cristo Redentor، بە عەرەبی: تمثال المسيح الفادي) دەکەوێتە بەرزایی ٧٠٠ مەتری لوتکەی چیای کۆرکۆڤادۆی شاری ڕیۆ دی جانیرۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی بەڕازیل. لە ساڵی ١٩٣١ـی زایینی دروستکراوە، بەرزییەکەی ٣٠ مەتر و لەسەر پایەیەکی هەشت مەتری دانراوە و پایەکەی کڵێسایەکەی بچووکی تێدا دروستکراوە، هەروەها پانییەکەی بە ئاسۆیی قۆڵەکانی ٢٨ مەترە. ئەم پەیکەرە بووەتە نیشانەی دیاری شاری ڕیۆ دی جانیرۆ و تەواوی بەڕازیل.

مێژووی پەیکەرەکە

پەیکەرەکە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٢ بۆ ١٩٣١ لە بەردەسابوون و کۆنکرێتی بەهێز دروستکراوە و بە شەش ملیۆن کاشی سێگۆشەیی ڕووپۆشکراوە. ئەمڕۆ هێمایەکی کولتووری بەڕازیل و نیشانەیەکی جیهانییە بۆ ئایینی مەسیحی. لە سەرەتادا پێشنیاری دروستکردنی پەیکەری مەسیح لەسەر چیای کۆرکۆڤادۆ ڕەتکرایەوە، دوای ئەوەی وڵاتەکە بووە کۆمار لە ساڵی ١٨٨٩ ڕۆڵی دەوڵەت و کڵێسا لە یەکتر جیاکرانەوە. دووەم پێشنیار لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن کاسۆلیکەوە کرا کە پاڵنەریان هەستپێکردنی بێباوەڕی خەڵکی ڕیۆ دی جانیرۆی هاوچەرخ بوو. پێشنیارەکە لەلایەن کاسۆلیکییەکانەوە پەسەندکراو بوو و بەخشینەکان بۆ پشتگیریکردنی دروستکردنی پەیکەرەکە کۆکرانەوە کە زۆربەی لەلایەن کاسۆلیکەکانی بەڕازیلەوە بوو.

نەخشەکێشانی پەیکەرەکە

نەخشەکێشانەکەی بریتی بوو لە پێغەمبەر عيسا به دەستی کراوە لە شێوەی خاچی مەسیح، پەیکەرەکە دروستکرا و بە هێمای ئاشتی دانرا. پەیکەری مەسیح لەلایەن پەیکەرساز و ئەندازیاری بەڕازیلی هایتۆر دا سیلڤا کۆستا لە ساڵی ١٩٢٢ کاتێک بناغەی پەیکەرەکە دانرابوو وێنەیەکی عیسای کێشابوو، لە کێبەرکێی نەخشەکێشانی پەیکەرەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام نەخشەکێشانی قۆڵە کراوەکانی عیسا بیرۆکەی کارلۆس ئۆسفاڵد بوو، پەیکەری مەسیح لەلایەن پەیکەرسازی فەڕەنسی پاوڵ لاندڤۆسکی لەگەڵ ئەندازیاری فەڕەنسی ئەلبێرت کاکۆت و هایتۆر دا سیلڤا کۆستا کاری لەسەر کرا. کێشی نزیکەی ٧٠٠ تەنە، ڕووخساری پەیکەرەکە لەلایەن گیۆرگی لیۆنیدا دروستکراوە کە پەیکەرسازێکی ڕۆمانی بوو لە پاریس دەژیا لەلایەن پاوڵ لاندڤۆسکی بە کرێ گیرابوو.

پەیکەرەکە لەمڕۆدا

پەیکەرەکە بووەتە شوێنێکی کولتووری و ئایینی بەڕازیل و جیهان، بەهۆی ناوبانگی شوێنەکە ڕۆژانە قەرەباڵخی زۆرە و ژمارەیەکی بێشومار گەشتیار ڕووی تێدەکەن، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیۆن سەردانکەری هەیە. لە ڕۆژێکی ساماڵدا ڕیۆ دی جانیرۆ دیمەنێکی دڵڕفێنی لە چیای کۆرکۆڤادۆە هەیە ئەمەش بووەتە هۆی سەرنجی گەشتیاران. شوێنەکە زۆربەی ڕۆژ کراوەیە و شەمەندەفەر و پاسی گەشتیاری هاتوچۆکردنیان بۆ گەشتیاران ئاسانکردووە، هەروەها نرخی بلیتی چوونە ژوورەوە گونجاوە. پەیکەرەکە چەندین جار بروسکە لێی داوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بروسکە لە پەنجەی دەستی ڕاستی پەیکەرەکەی داوە و زیانی بەرکەوتووە. پەیکەری عیسا لە ساڵی ٢٠٠ خرایە ناو لیستی حەوت سەیروسەمەرەکەی جیهانەوە.

بۆچی پەیکەری مەسیح گرنگە

پەیکەرەکە بەناوبانگترین شوێنی ناوچەکەیە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە شارەکە دەکەن خوازیارن سەردانی بکەن. بەهۆی نەخشەکێشانە ناوازەکەی گرنگیەکی زۆری هەیە، لە شێوەی مرۆڤ دروستکراوە بەڵام لە دوورەوە لە شێوەی خاچێکە و و بە قۆڵە کراوەکانییەوە ڕووی لە شارەکە کردووە. ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنی پەیکەرەکەدا بەکارهێنراون ڕەنگی کراوەن و بە خێرایی ڕووناکی لە خۆر و مانگ و دەوروبەر دەداتەوە، هەرچەندە کە ناتوانن وردەکارییەکانی پەیکەرەکە ببینن بەڵام خاچێکی سپی هەمیشە لە دوورەوە دیارە.


سەرچاوەکان



720 بینین