حسێن شێربەگی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-07-18:36:00 - کۆدی بابەت: 8928
حسێن شێربەگی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حسێن شێربەگی نووسەر ڕۆماننووس و وەرگێڕێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٥١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری بۆکان لەدایکبووە و ھەر لەوێ دەستی بە خوێندن کردووە. لە قوتابخانەی ئەبوو عەلی سینای ئەوکات سەرەتایی تەواوکردووە و دواناوەندیشی لە قوتابخانەی کۆرشی کەبیر تەواو کردووە. دیارترین بەرهەمی ڕۆمانی شاربەدەرە.

ژیانی

حسێن شێربەگی دانشسەرای چوار ساڵەی مامۆستایەتی خوێندووە، پاشان بووەتە مامۆستای  قوتابخانەکانی شاری بۆکان و ساڵی ٢٠٠٦ـی زایینی خانەنشین کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستاش بەرپرسی کتێبخانەی گشتی مامۆستایانە و سەرقاڵی خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی وتار و کتێب و چیرۆک و نووسینە.

نووسین

حسێن شێربەگی ھەر لە منداڵییەوە گوێی لەو چیرۆک و حیکایەتانە ڕاگرتووە کە باوکی گێڕاونییەتەوە و لە پۆلەکانی سەرەتاییشەوە دەستی بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار کردووە. ساڵی ١٩٦٦ لە ناوەندی مامۆستایەکی خۆی (ڕەشید ئازادیخا) ھانی داوە کە بنووسێ و ساڵی ١٩٦٧–١٩٦٨ چەند چیرۆکێکی کوردی بۆ ڕادیۆ کوردیی کرماشان ناردووە. لە ساڵی ١٩٦٩ لە کێبەرکێیەکی چیرۆک نووسی لە گۆڤاری جەواناندا سەرکەوتووبووە. پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەستی کردووە بە کوردی نووسین و بڵاو کردنەوەی بەرھەم بە زمانی خۆی، ھەروەھا پەرەی بە خوێندنەوەی کوردیش داوە. ساڵی ١٩٩٨ شاربەدەری چاپ کردووە. شێربەگی زۆر بەرھەمی بڵاو نەبۆوەی ھەیە و لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانیش چالاکی نواندووە.

بەرهەمە بڵاوکراوەکانی

شێربەگی خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە جگە لە نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار لە زۆربەی بڵاوکەرەوەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان، تا ئێستا ئەو بەرھەمانەی چاپ کراون:

  • ڕۆمانی شاربەدەر ساڵی ١٩٩٨
  • کۆچیرۆکی دۆنادۆن ساڵی ٢٠٠٢
  • تیۆری ڕۆمانی چیرۆکی نوێ، ئینسانی ڕێبازی نوێ
  • وەرگێڕانی نووسەر ئالان ڕۆب گریێ ساڵی ٢٠٠٢
  • وەرگێڕانی دایە، باوە، کتێبم بۆ بخوێننەوە ساڵی ٢٠٠٦
  • وەرگێڕانی سێ سەعات و بیست و دوو دەقیقەی بەرەبەیان (کۆچیرۆک، نووسەر: ئەحمەد شاملوو) ساڵی ٢٠٠٦
  • وەرگێڕانی چریکەی چیرۆکی فارسی (لێدوان و وتار، نووسەر: یووسف عەلیخانی) ساڵی ٢٠٠٣
  • وەرگێڕانی ئاوازی کریسمەس (نووسەر: چارڵز دیکینز) ساڵی ٢٠١٨
  • وەرگێڕانی وێستگەکانی من (کۆوتار و بیرەوەری) ساڵی ٢٠١٨
  • دەچمە سەر ناڵەشکێنە
  • ھەوارچی ھەواری ھاوار
  • ڕێبوارەکان و ھەڵۆ


سەرچاوەکان



295 بینین