ئایرنمان

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-06-16-19:18:00 - کۆدی بابەت: 9043
ئایرنمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایرنمان یان پیاوی ئاسنین (بە عەرەبی: الرجل الحديدي, بە ئینگلیزی: Ironman)، ناوی ڕاستی تۆنی ستارکە. ئایرنمان کەسایەتییەکی پاڵەوانی خەیاڵییە، لە کتێبە کۆمیکە ئەمریکییەکاندا دەردەکەوێت کە لەلایەن کۆمپانیای کۆمیکی مارڤڵ بڵاودەکرێتەوە. یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣. کەسایەتییەکە لەلایەن ستانڵی کاری دروستکردنی بۆ کراوە، لەلایەن سیناریۆنووس لاری لیبەرەوە پەرەی پێدراوە و هەردوو هونەرمەند دۆن هێک و جاک کێربی کاری دیزاین کردنیان بۆ کردووە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

تۆنی ستارک، لە ٢٩ی ئایاری ١٩٧٠، لە شاری مانهاتنی ویلایەتی نیویۆرک لەدایکبووە. باوکی ناوی هاوارد ستارک و دایکیشی ناوی ماریا ستارکە. هاوارد ستارکی باوکی سەرمایەدارێکی بازرگانییە، بەڵام پیاوێکی ڕەق و ئاڵوودەی مەییە.
لە تەمەنی گەنجێتیدا باوکی ڕەوانەی قوتابخانەی شەو و ڕۆژیی دەکات، بۆ ئەوەی پیاوێکی سەربەخۆی لێدەربچێت.
لە قوتابخانە، تۆنی خۆشەویستی یاریکردنی بۆ دروست دەبێت. ستارک دەبێت بە زیرەکترین قوتابی لە قۆناغی ئامادەییدا، دواتر دوو بڕوانامەی کۆلێج لە فیزیا و ئەندازیاری بەدەستدەهێنێت. هیچ شتێک بەرەنگاری تۆنی پێنەدەکرا، هەموو شتێک زۆر ئاسان بوو بۆی. تۆنی ستارک چووە بیستەکانی تەمەنییەوە، بەشێک بوو لە دەوڵەمەندە بێکارەکان.
بە تەمبەڵی و بێ لانەیی بە هەموو جیهاندا گەڕا. بوو بە گەڕۆکێک کە حەزی بە کات بەسەربردن و ڕابواردن بوو.
دایک و باوکی ستارک لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا، کە هۆکارەکەی کەم و کوڕی وەستێنەری ئۆتۆمبێلەکە بوو. لەبەر ئەم هۆکارە، تۆنی کۆمپانیای ئەو ئۆتۆمبێلەی کڕی و دووبارە دیزاینی بۆ وەستێنەرەکە کردەوە، ئەو کەموکوڕییەی لە هەموو مۆدێلەکانی داهاتوودا چارەسەرکرد. پاشان کۆمپانیای پیشەسازی ستارکی بەڕێوەدەبرد. ئەم کارانەی تەنها لە بیستەکانی تەمەنیدا کرد. تۆنی تووشی پێکانێکی سەخت دەبێت لە سنگیدا کاتێک هەوڵ دەدەن بیڕفێنن، ئەو کەسانەی کە تۆنی دەگرن، پێی دەڵێن کە چەکێکی کۆمەڵکوژیان بۆ دروستبکات، بەڵام تۆنی لە جێگای ئەوە جلوبەرگێکی زرێپۆشی میکانیکی دروست دەکات، بۆ ئەوەی ژیانی ڕزگار بکات. دواتر تۆنی ستارک، پەرە بە جلوبەرگەکە دەدات، چەک و ئامێرە تەکنەلۆجییەکانی تری بۆ زیاد دەکات. تۆنی، جل و بەرگەکەی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی جیهان و ناو لە خۆی دەنێت ئایرنمان، واتە پیاوی ئاسنین.

کەسایەتی

تۆنی ستارک، لە سەرەتادا خاوەن کەسایەتییەکی زیرەک، چاکەخواز، بێخەم و ئارەزووی لە کات بەسەربردن و ڕابواردنە، دواتر وردە وردە دەبێت بە کەسێکی جددی و بایەخدەر و وەک کەسێکی پێشڕەویکەریش دەمێنێتەوە.

تواناکانی

 • خاوەنی زرێپۆشێکی ئاسنی بەهێزە، کە هێز و توانای مانەوەی سەروو سروشتی پێدەبەخشێت.

 • تۆنی، ئامێری داڕشتنەوەی جەستەیی هاوشێوەی ڤایرۆسی تەکنۆ ئۆرگانیکی دەستکاریکراو لە دەمارەکانی دەدات، بەهۆی ئەمەوە دەتوانێت ژیانی بپارێزێت و بە زوویی برینەکانی ساڕێژ ببن.

خاڵی لاوازی

 • مەی خواردنەوەکەی، کە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان.

 • خۆپەسەندییەکەی.

 • لاوازی لە بەرامبەر ئافرەتاندا.

 • زرێپۆشەکەی، بەبێ بوونی زرێپۆشەکەی هیچ توانایەکی نییە.

 • تۆنی ناچارکراوە بەشێکی یادەوەرییەکانی بسڕێتەوە.

 • دڵی بە کارەبا کار دەکات، ئەگەر هێزێکی زۆر بەکاربهێنێت ئەگەری ئەوە هەیە باترییەکەی دڵی کارەبای تێدا نەمێنێت.

 • بەشێک لە داهێنانەکانی بوون بە دوژمنی خۆی.

 • توانای جڵەوکردنی تەواوی نییە بەسەر زرێپۆشەکەیدا.

 • خراپ مامەڵەکردن لەگەڵی لەلایەن ئەو کەسانەوەی کە کاری بۆدەکەن.

 • توانای نییە بە تەواوی جڵەوی خۆی بکات.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

 ⁃ هاوڕێکانی

 • کاڕۆڵ دانڤێرز
 • سۆر
 • ڕید ڕیچاردس
 • جارڤس
 • ستیڤ ڕۆجرز
 • جەیمس ڕۆدز

 ⁃ دوژمنەکانی

 • گۆست
 • ماندەرین
 • ئایرن مەنگێر
 • مادەم مەسک

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

زنجیرە فیلمەکانی

 • The invisible Iron man (2007)
 • Iron man (2008)
 • Iron man 2 (2010)
 • Iron man 3 (2013)

زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانی

 • The Marvel Super Heroes (1966)
 • Iron Man (1994)
 • Iron Man: Armored Adventures (2009)

 • فیلمی Captain America (2016)
 • فیلمی Spider-Man: Homecoming (2017)
 • فیلمی The Avengers(2012)


سەرچاوەکان



516 بینین