دوشنبا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-20-20:10:00 - کۆدی بابەت: 9104
دوشنبا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دوشنبا (بە ئینگلیزی: Dushanbe, بە عەرەبی: دوشانبي). گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتی تاجیکستانە. تاوەکوو ساڵی ١٩٢٩ بە زمانی ڕووسی بە ناوی Dyushambe ناسرابوو. دوشنبا دەکرێت بە چوار بەشەوە و هەر بەشێکیان ناوی شوێنەوارێکی مێژووییان لێنراوە.

وڵات تاجیکستان
قائیمقام ڕۆستەم ئیمۆماڵی
ڕووبەر ٢٠٣،١٨٢ کیلۆمەتر دووجا
ژمارەی دانیشتوان ٨٦٣،٤٠٠

مێژوو

چەندین شوێنەوار و بەڵگە بوونیان هەیە کە دەیسەلمێنن دوشنبا لە ساڵانی پێش زایینییەوە دۆزراوەتەوە، لەوانە (قاپ، کەوچک و خشڵ) کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایین و هەندێک دەڵێن کە شوێنەوارەکان لەلایەن ئەخمینییەکانەوە دروستکراون بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بەڵگانە دوشنبا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٦٧٦ لە نووسراوێکی بەلخ خان سەبهۆنقولی بەهۆدوردا کە بۆ فیۆدۆری سێیەمی نارد دەرکەوتووە. لە ساڵەکانی سەدەی ١٧ دوشنبا بە کەسابەی دوشنبا ناو دەبرا، کەسابەی بە واتای شارێکی بچووک و دوشنبا بە واتای دووشەممە ئەویش بەهۆی ئەوەی هەموو ڕۆژانێکی دووشەممە لە شارەکەدا بازاڕێکی گەورە دەکرایەوە و بەهۆی گەورەیی و ناوبانگی بازاڕەکەوە ژمارەی دانیشتوان گەیشتە ٧٠٠٠-٨٠٠٠ و لە هەموو ناوچەکانی دراوسێیەوە سەردانی بازاڕەکەیان دەکرد. لە ساڵی ١٨٢٦ و کاتێک تورکەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست شارەکە بە دوشنبا قورغان ناو دەبرا. تاوەکو ساڵی ١٨٧٥ تورکەکان ١٤ مزگەوت، ٢ قوتابخانە و ١٤ چایخانەیان لە شارەکەدا دروستکردبوو. کاتێک تورکەکان بە تەواوەتی ئاسیای ناوەڕاستیان داگیرکرد دوشنبا وەکوو بەشێک لە بوخاران ناسرا. پاشان کاتێک ڕووسییەکان ئاسیای ناوەڕاستیان داگیرکرد، لە ساڵی ١٩٢٤ دوشنبا وەکوو پایتەختی تاجیکستان دەستنیشانکرا، هۆکاری دەستنیشانکردنی دوشنبا وەکوو پایتەخت بۆ چەندین هۆکار دەگەڕایەوە لەوانە (بازاڕەکەی، شوێنە جوگرافییەکەی، بازرگانی و بەرهەمەکانی، بەتایبەتی جلوبەرگ). بە درێژایی دەسەڵاتی ڕووسییەکان لە ناوچەکەدا چەندین هاوڵاتی لە بوخاران و ڕووسیاوە هاتنە ناوچەکەوە و ژمارەی دانیشتوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و دوشنبا وەکوو ناوچەی سەرەکی بەرهەمهێنانی ئاوریشم و کەتان ناسرا. تاوەکوو ساڵی ١٩٧٩ شارەکە چەندین پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی لەوانە (زیادبوونی بەرهەم، هێنانی پاس و دروستکردنی بەنداو) لە شارەکەدا. لە ساڵی ١٩٨٠ ژمارەی تاوان بە ڕێژیەکی زۆر بەرز بووەوە، ڕووسەکان و تاجیکییەکان دژایەتی یەکیان دەکرد و یەکتریان دەکوشت و لەگەڵ ئەوەی بەپێی کات کەمبووەوە بەڵام ئەم کوشتارە تا سەربەخۆبوونی تاجیکستان بەردەوامبوو. 

جوگرافیا 

ڕووبەری شارەکە ٢٠٣،١٨٢ کیلۆمەتر دووجایە و ڕووباری ڤەرزۆب دەڕژێتە ناویەوە. دوشنبا بە گشتی لە شوێنێکی جوگرافی بەرزدایە بە شێوەیەک هەندێک بەشی شارەکە ٩٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن. تاوەکوو ساڵی ١٩٦٠ زۆربەی شارەکە کەوتبووە بەشی چەپی ڕووباری ڤەرزۆب بەڵام بەپێی کات و بەهۆی گەورەبوونی شارەکەوە ئێستا چواردەوری ڕووبارەکە بەتەواوەتی بە خانوو دەورە دراوە.  

دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوان بە گشتی هەمووکات لە زیادبوونێکی خێرادا بووە و بە تایبەتی لە ساڵانی داگیرکاری یەکێتی سۆڤیەت، بەپێی ئەوەی چەند هەزار دانیشتوانێک لە ڕووسیا و وڵاتانی دراوسێی تاجیکستانەوە ڕوویان کردە شارەکە و نیشتەجێ بوون. ڕێژەیەکی کەم لە دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی مەسیحی و یەهودین، زۆربەی دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن.

ئەدەب

لە ساڵی ١٩٢٤ یەکەم ئامێری چاپکردن لە دوشنبا دروستکرا و تاوەکوو ساڵی داهاتووتر ٤ کتێب چاپکران. لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٢٠ دوشنبا وەکوو ناوەندی ئەدەب لە سەرانسەری تاجیکستاندا ناسرا. بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەدەب لە شارەکەدا پەرەیسەند، چەندین شاعیر و نووسەر دروستبوون و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٤ ژمارەی کۆمپانیاکانی چاپکرد ٣٠ کۆمپانیای تێپەڕاند.

وێنە و فیلم

وێنەکێشان و فلیم دەرهێنان لەگەڵ هاتنی ڕووسییەکاندا دروستبوو. بەپێی ئەوەی ڕووسییەکان بە گشتی پێشکەوتووتربوون لە ڕووی کوولتورەوە چەندین شێوازی جیاوازی کوولتوریان هێنایە شارەکەوە و پاشان چەندین وێنەکێش، دەرهێنەر و ئەکتەری تاجیکی دروستبوون.

ئابووری

شارەکە بە گشتی ئابوورییەکی بەهێزی هەیە. پشت بە چەندین شێوازی جیاواز دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی پارە، لەوانە (کشتوکاڵ، گەشتیاری، بەرهەمە جیاوازەکان و توانای ئەندازیاری). کەتان، ئاوریشم، جلوبەرگ، سابون، گۆشت و خشت بە گرنگترین بەرهەمە ئابوورییەکانی شارەکە دادەنرێن.


سەرچاوەکان



252 بینین