دەریاچەی بایکاڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-21-18:42:00 - کۆدی بابەت: 9114
دەریاچەی بایکاڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەریاچەی بایکاڵ (بە ئینگلیزی: Baikal)، دەریاچەیەکی کەندەڵانە لە وڵاتی ڕووسیا. کەوتووەتە باشووری سیبیریا، لەنێوان ئیرکوتسک ئۆبلاست لە باکووری ڕۆژئاوا و بوریاتیا لە باشووری ڕۆژهەڵات. قەبارەی ئاوی دەریاچەکە ۲۳٦١٥٫٣٩ کیلۆمەتر سێجایە، لەڕووی قەبارەوە گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرینە لە جیهاندا و ٪٢٢ بۆ ٪٢٣ـی ئاوی شیرینی جیهان لەخۆدەگرێت. دەریاچەی بایکاڵ قووڵترین دەریاچەی جیهانە و ئەوپەڕی قووڵییەکەی هەزار و ٦٤۲ مەترە، لەگەڵ ئەوەشدا دێرینترین دەریاچەی جیهانە و تەمەنی بایکاڵ ۲٥ بۆ ۳۰ ملیۆن ساڵە. ڕووبەری ڕووی دەریاچەکە ۳۱ هەزار ٧٢٢ کیلۆمەتر دووجایە، لەڕووی ڕووبەرەوە حەوتەم گەورەترین دەریاچەی جیهانە و لەنێو خاوێنترین دەریاچەکانی جیهاندایە.

ژیان لە دەریاچەکەدا

دەریاچەی بایکاڵ نیشتیمانی هەزاران جۆری ڕووەک و ئاژەڵە، کە زۆربەیان نیشتیمان نشین و تایبەت بە ناوچەکەن. هەروەها شوێنی هۆزەکانی بوریاتەیە، کە لە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەکە بزن، وشتر، مەڕ و ئەسپ بەخێو دەکەن، تێکڕای پلەی گەرمیی دەگۆڕێت لە وەرزی زستاندا ۱۹- پلەی سەدیی و لە هاویندا پلەی گەرم بەرزدەبێتەوە بۆ ۱٤ پلەی سەدی. یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٦دا دەریاچەی بایکاڵی وەکوو شوێنەوارێکی میراتی جیهانی ناساند.

هەڵکەوتەی جوگرافی

دەریاچەکە بە چیا دەورە دراوە؛ چیای بایکاڵ لە کەناری باکوور، زنجیرە چیای بەرگیزن لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵات و زنجیرە چیای پریمۆرسکی کە بەدرێژایی کەناری ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە. شاخەکان و تایگا (دارستانی کاج) وەکوو پارکێکی نیشتمانی پارێزراون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەریاچەیە ٢٧ دوورگەی تێدایە؛ گەورەترینیان بە ناوی ئۆلخۆن درێژییەکەی ٧٢ کیلۆمەترە. هەروەها ئاو لە ٣٣٠ ڕووبارەوە دەڕژێنە دەریاچەکەوە.

تایبەتمەندییەکانی ئاوی دەریاچەکە

دەریاچەی بایکاڵ یەکێکە لە خاوێنترین دەریاچەکانی جیهان. ڕوونی ئاوی دەریاچەکە لە وەرزی زستاندا ٣٠ بۆ ٤٠ مەترە و لە وەرزی هاویندا پێنج بۆ هەشت مەترە. ئاوی دەریاچەکە دەوڵەمەندە بە ئۆکسجین، تەنانەت لە بەشە قووڵەکانی دەریاچەکەدا، ئەم تایبەتمەندییەش لە دەریاچەکانی تری جیادەکاتەوە.

لە دەریاچەی بایکاڵدا، پلەی گەرمیی ئاوەکەی بەپێی شوێن، قووڵی و کاتەکەی جیاوازە. بەدرێژایی وەرزەکانی زستان و بەهار، لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە تا سەرەتای ئایار و حوزەیران، بۆ ماوەی نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگ ئاوی ڕووی دەریاچەکە دەیبەستێت و دەریاچەکە بە سەهۆڵ دادەپۆشرێت؛ بە تێکڕایی، ئەستووری سەهۆڵەکە دەگاتە ۰٫٥ بۆ ١٫٤ مەتر، بەڵام لە هەندێک شوێندا دەگاتە زیاتر لە دوو مەتر. بەدرێژایی ئەم ماوە، پلەی گەرمی لەگەڵ قووڵی دەریاچەکەدا بەهێواشی زیاد دەکات، ئاوی نزیک چینە بەستووەکە زۆر ساردە و لە قووڵایی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ مەتردا پلەی گەرمی ئاوەکە ٣٫٥ بۆ ٣٫٨ پلەی سەدییە.

دوای ئەوەی سەهۆڵی ڕووی دەریاچەکە دەشکێت، وردە وردە ئاوی ڕووی دەریاچەکە بەهۆی تیشکی خۆرەوە گەرم دەبێت، لە مانگی ئایار و حوزەیران پلەی گەرمی ئاوەکە لە قووڵایی زیاتر لە ۳۰۰ مەتر نزیکەی ٤ پلەی سەدییە. تیشکی خۆر بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ئاوی ڕووی دەریاچەکە و لە مانگی ئابدا دەگاتە نزیکەی ۱٦ پلەی سەدی و لە شوێنە تەنکەکانیشدا دەگاتە ۲۰ بۆ ۲٤ پلەی سەدی. بەڵام لە قووڵایی نزیکەی ۳۰۰ مەتردا پلەکانی گەرمی جێگیرن لە ۳٫١ بۆ ۳٫٤ پلەی سەدیدایە و ساڵانە گۆڕانکارییەکی کەمیان تێدا ڕوودەدات.

کەشی زریاناوی لە دەریاچەکەدا شتێکی باوە، بەتایبەتی بەدرێژایی وەرزەکانی هاوین و پاییز، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین شەپۆل کە بەرزییەکەیان ٤٫٥ مەترە.

ڕووەک و ئاژەڵەکانی دەریاچەکە

زەباتی دەریایی بایکاڵ ڕووەکێکی نیشتیمان‌نشینی دەریاچەی بایکاڵە. بایکاڵ لەڕووی زیندەفرەجۆرییەوە دەریاچەیەکی دەوڵەمەندە، میوانداری لە زیاتر لە ١٠٠٠ جۆر ڕووەک و ٢٥٠٠ جۆر ئاژەڵ دەکات، بەڵام بڕوا وایە کە ژمارەی ڕاستەقینەی هەردوو جۆرەکه زیاترن. هەروەها زیاتر له ٪٨٠ـی ئەم ئاژەڵانه نیشتیمان نشینی دەریاچەکەن.

ئەستەڵەکی دەریاچەی بایکاڵ چەندین جۆر ڕووەکی گوڵ‌ئاسای تێدایە، و لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ژینگەی جوگرافی دەریاچەکەدا چاوبازەی زەلکاوی دەدۆزرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زیاتر لە ٨٥ جۆر گاشەگیای ژێرئاوکەوتوو لە دەریاچەکەدا تۆمارکراون. هەروەها زیاتر لە ٤٠٠ جۆر قەوزەی دیاتۆم لە دەریاچەکەدا دەبینرێن و نزیکەی نیوەی ئەمانەش نیشتیمان‌نشینی بایکاڵن.

ئاژەڵە شیردەرەکان

دەتواندرێت ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەری شیردەر لە ژینگەکانی دەوروبەری دەریاچەکەدا بدۆزرێنەوە. وەکوو ورچی قاوەیی ئۆراسی، گورگی ئۆراسی، ڕێویی سوور، سمۆرە، ئاس، ئاسکی شاخ گەورە، گاکێوی ئەمریکایی باکووری، ئاسکی ڕەنە، ئاسکی کێوی سیبیریەیی، ئاسکی میسکی سیبیریەیی، یەکانەی کێوی، سمۆرەی سوور، سمۆرەیی سیبیریەیی، مشکەکێوی، مشکی جەمسەری و کەروێشکی کێوی.

باڵندەکان

۲۳٦ جۆر باڵندە لە دەریاچەکەدا نیشتەجێن، ۲۹ جۆریان باڵندەی ئاویین. بەڵام بە ناوی دەریاچەکەوە ناونراون، هەریەک لە مراویی بایکاڵی و مەلی خوێندووی کێوی بایکاڵی لە بەشی خۆرهەڵاتی ئاسیادا بەربڵاون.

ماسییەکان

کەمتر لە ٦٥ جۆر ماسیی ڕەسەن لە حەوزی دەریاچەکەدان، بەڵام زیاتر لە نیوەیان نیشتیمان‌نشینی ناوچەکەن. هەریەک لە خێزانەکانی ماسی‌یەسەرپانەی ئاوە قووڵەکان، ماسی‌یەڕۆنەی بایکاڵی و ماسی‌یەسەرپانەی بایکاڵی ماسیی دیاریکراوی حەوزی دەریاچەکەن. درێژی ئەم ماسییە سەرپانانە کەمتر لە ۲۰ سانتیمەترە.

بێ‌بڕبڕەکان

دەریاچەکە میوانداری ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەری بێبڕبڕەی نیشتیمان نشینی دەریاچەکە دەکات. جۆرە گیانەوەرێکی پێ‌سەوڵی سەر بە خێزانی (Temoridae) و جۆرە جیاوازەکانی زیندەوەری بێ پەلوپۆ لە دەریاچەی بایکاڵدا جێگیرن، کە ٪٨٠ بۆ ٪٩٠ـی بارستەی ڕووەک و گیانەوەری ناوچەکە پێکدەهێنن.

هەروەها زیاتر لە ٣٥٠ جۆر و جۆرۆکەی گیانەوەرە توێکڵدارەکانی دووجۆرپێ و ئۆستراكۆد نیشتیمان‌نشینی دەریاچەکەن. هاوشێوەی دەریاچەیەکی دێرینی تر، بە ناوی تانگانیکا، بایکاڵ ناوەندی جۆراوجۆری ئۆستراكۆدە. نزیکەی ٪٩٠ـی ئۆستراكۆدەکانی دەریاچەی بایکاڵ نیشتیمان‌نشینن. ئەمەش وای لێ دەکات کە لە دوای گیانەوەرە دووجۆرپێیەکانەوە ببێت بە دووەم جۆراوجۆرترین گیانەوەرە توێکڵدارەکانی ناو دەریاچەکە.

گوێچکەماسی و دوو زمانەیی

لە ساڵی ٢٠٠٦دا، زیاتر لە ١٥٠ جۆر گوێچەماسی ئاوی شیرین لە دەریاچەی بایکاڵدا ناسێنران، لەنێویاندا ١١٧ جۆریان نیشتیمان نشینی دەریاچەکە بوون. تەواوی ئەم جۆرانەش لە قووڵایی ۲۰ بۆ ۳۰ مەتردا تۆمارکراون، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زۆربەیان لە ئاوە تەنکەکاندا دەژین. هەروەها گیانەوەرە دوو زمانەییە نیشتیمان نشینەکانی دەریاچەکە بەزۆری لە ئاوە کەم قووڵەکاندا دەژین و بەشێکی کەمیان لە قووڵاییەکاندان.

کرمە ئاوییەکان

دەریاچەی بایکاڵ ناوەندی گیانەوەرانی ئاوی کەم‌مووزبرانی جۆراوجۆری ئاوی سازگارە، زیاتر لە ۲۰۰ جۆر کرمی ئاوی لە دەریاچەکەدا دەژین، لەنێویاندا ۱٦۰ جۆریان تایبەتن بە دەریاچەکە. ژمارەیەکی کەمی کرمی ئەڵقەیی ئاوی سازگار و چەند سەد جۆرێک لە دەزووەکرمەکان لە دەریاچەکەدا ناسێنراون، بەڵام ڕێژەیەکی زۆریان وەسفنەکراون.

زیاتر لە ۱٤۰ جۆر پانەکرمی نیشتیمان نشین لە حەوزی بایکاڵدان، زۆربەی ئەم کرمانه بچووکن و درێژییەکەیان کەمتر لە دوو سانتیمەترە و لە ئاوە کەم قووڵەکاندا دەژین، لە کاتێکدا لە بەشە قووڵەکانی دەریاچەکەدا کرمی گەورەی ۳۰ سانتیمەتری دەژین.

گیانلەبەرە ئيسفەنجییەکان

بەلایەنی کەمەوە ۱٨ جۆر گیانەوەری ئیسفەنجی لەناو دەریاچەکەدان، لەو ۱٨ جۆرە ۱٥یان تایبەتن بە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا درێژی ئەم گیانەوەرانه دەگاتە یەک مەتر یان زیاتر.


سەرچاوەکان



565 بینین