خڕۆکە سپییەکانی خوێن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-23-15:28:00 - کۆدی بابەت: 9128
خڕۆکە سپییەکانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

خوێن

خوێن بنچینەی ژیانی مرۆڤە، لەڕێگەی دڵەلوولە کۆئەندامەوە بەناو لەشی مرۆڤدا دەسوڕێتەوە و ماددە سەرەکییەکانی وەک ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی بە خانەکانی لەش دەگەیەنێت، هەروەها پاشماوەی زیندەپاڵیش لە هەمان خانەوە دەگوازێتەوە بۆ بەشێکی تری لەش. خوێن هیچ جێگرەوەیەکی نییە و ناتوانرێت دروست بکرێت. تاکە هۆکاری دەستکەوتنی خوێن مرۆڤێکی ترە کە وەکوو بەخشەر خوێنی خۆی دەبەخشێت بە ئەو کەسەی پێویستییەتی. پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو خوێن بریتیین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن (٤٠٪ بۆ ٤٥٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت)، خڕۆکە سپییەکانی خوێن (لەگەڵ پەڕەکانی خوێن ١٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنن)، پەڕەکانی خوێن و پلازما (٥٥٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت).

خڕۆکەی سپی

خڕۆکە سپییەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: white blood cell یان WBC) کە پێشیان دەوترێت لیوکۆسایت (بە ئینگلیزی: leukocyte) یان خانە سپییەکانی خوێن، بریتیین لە پێکهاتەی خانەیی ناو خوێن کە هیمۆگڵوبینیان تێدا نییە، ناوکی هەیە و جووڵۆکە، کاری سەرەکی ئەم خانانە بەرگریکردنە لە لەش دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان و ئەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی ماددەی نامۆ و پاشماوەی خانەییەوە تووشی مرۆڤ دەبن، کە ئەم کارەش لەڕێگەی تێکشاندنی میکرۆبەکان و خانە شێرپەنجییەکان یان بەرهەمهێنانی دژەتەنەوە ئەنجام دەدات.
خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە سوڕی خوێندا بوونیان هەیە، بەڵام زۆربەی خڕۆکە سپییەکان لە دەرەوەی سوڕی خوێن و لەناو شانەکاندان، کە تیایاندا دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان دەجەنگن. ئەو بڕە کەمەشی کە لە سووڕی خوێندایە لە شوێنێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تری لەش. خڕۆکە سپییەکانی خوێن بە فەرمانە تایبەتەکانیان جیادەکرێنەوە، هەروەها لە ڕێڕەوی خوێندا دابەشبوونی خانەیی ئەنجام نادەن.

بەرهەمهێنان

خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە مۆخی ئێسکدا دروست دەبن، لە خوێن و لیمفە شانەکاندا هەڵدەگیرێن، لەبەر ئەوەی هەندێک جۆری خڕۆکە سپییەکان کە پێیان دەوترێت بێگانەخۆرەکان (بە ئینگلیزی: neutrophils) ماوەی ژیانیان کەمترە لە یەک ڕۆژ، بۆیە مۆخی ئێسک بە بەردەوامی خڕۆکەی سپی بەرهەم دەهێنێت.

جۆر و فەرمان

خڕۆکە سپییەکانی خوێن بەسەر سێ پۆلێنی سەرەکیدا دابەشکراون، وەک: 

  1. خڕۆکە دەنکۆڵەییەکان - granulocytes
  2. لیمفە خڕۆکەکان  - lymphocytes
  3. خڕۆکە تاک ناوکەکان - monocytes

خڕۆکە دەنکۆڵەییەکان

خڕۆکە دەنکۆڵەکان (بە ئینگلیزی: Granulocytes) ئەو خڕۆکە سپییانەن کە دەنکۆڵەی بچووکی لە پڕۆتین پێکهاتوویان تێدایە، سێ جۆر لە خانە دەنکۆڵەییەکان بوونی هەیە کە بریتیین لە:

  1. تفت‌دۆست - Basophils: ئەم جۆرە خڕۆکە سپییانە بە ڕێژەی کەمتر لە ١٪ لە لەشدا بوونیان هەیە، هەروەها بەشێوەیەکی ئاسایی دوای کاردانەوەیەکی هەستیاری ژمارەکەیان زیاد دەکات.
  2. ئیۆسین‌دۆست - Eosinophils: ئەم جۆرە خڕۆکە سپییانە بەرپرسن لە کاردانەوە دژی تووشبوونی میکرۆبیی مشەخۆرەکان، واتە دژی مشەخۆرەکان دەجەنگن. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵیان هەیە لە کاردانەوەی گشتیی سیستمی بەرگری، هەروەها کاردانەوە بۆ هەوکردنی لەش.
  3. بێگانەخۆرەکان - Neutrophils: ئەم جۆرە خانانە زۆربەی خڕۆکە سپییەکانی لەش پێکدەهێنن، وەک مردووخۆر ڕۆڵدەبینن، چونکە چواردەوری هەر بەکتریا و کەڕوویەک دەدەن کە هێرش بکات بۆ لەشی مرۆڤ و تێکی دەشکێنن.

لیمفە خڕۆکەکان

ئەم پۆلێنەی خڕۆکە سپییەکان لە سێ جۆر پێکهاتووە کە بریتیین لە:

  1. خانەکانی بی - B cells: کە بە (لیمفە خڕۆکەکانی بی)ـش ناسراون، ئەم خانانە دژەتەنەکان بەرهەم دەهێنن بۆ ئەوەی یارمەتی سیستمی بەرگری بدەن تاکوو کاردانەوەی بۆ تووشبوونی میکرۆبی هەبێت.
  2. خانەکانی تی - T cells: کە بە (لیمفە خڕۆکەکانی تی)ـش ناسراون، یارمەتی ڕێکخستن و لابردنی ئەو خانانە دەدەن کە هۆکاری تووشبوونی میکرۆبیین.
  3. بکوژە سروشتییەکانی خانە - Natural killer cells: ئەم خانانە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر و کوشتنی خانەی ڤایرۆسی و شێرپەنجەیی.

خڕۆکە تاک ناوکەکان

خڕۆکە تاک ناوکەکان (بە ئینگلیزی: Monocytes) پۆلێنێکی تری خڕۆکەی سپیین کە نزیکەی ٢-٨٪ تێکڕای ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی لەش پێکدەێنن، کاتێک بوونیان دەبێت کە لەش دژی تووشبوونێکی میکرۆبیی درێژخایەن دەجەنگێت، کاریان دیاریکردن و لەناوبردنی ئەو خانەیە کە هۆکاری تووشبوونە میکرۆبییەکەن.

مەودای ئاسایی 

ڕێژەی ئاسایی خڕۆکە سپییەکان لە لەشدا لە هەر میلیمەترێکی چوارگۆشەدا (per cubic millimeter) و بە پشت بەستن بە تەمەن بریتییە لە:

تەمەن   ڕێژەی ئاسایی
منداڵی تازە لەدایکبوو 13,000–38,000
کۆرپەی دوو حەفتە و گەورەتر 5,000–20,000
کەسانی پێگەیشتوو 4,500–11,000

ڕێژەی ئاسایی خڕۆکە سپییەکان لە خانمانی دووگیان و لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا بریتییە لە 5,800–13,200 بۆ هەر میلیمەترێکی چوارگۆشە.

ڕێژەی بەرزی خڕۆکە سپییەکان

پزیشکەکان بە ئەو حاڵەتەی کە تیایدا لەشی کەسێک لە ڕێژەی ئاسایی زیاتر خڕۆکەی سپی بەرهەم دەهێنێت دەڵێن لیوکۆسایتۆسس (بە ئینگلیزی: leukocytosis)

بەرزیی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان دەکرێت نیشانەی ئەم حاڵەتانە بێت:

ڕێژەی نزمی خڕۆکە سپییەکان

پزیشکەکان بە ئەو حاڵەتەی کە تیایدا لەشی مرۆڤ لە ڕێژەی ئاسایی کەمتر خڕۆکەی سپی بەرهەم دەهێنێت دەڵێن لیوکۆپێنیا (بە ئینگلیزی: leukopenia)

ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی تووشبوون بە لیوکۆپێنیا بریتیین لە:

دەکرێت پزیشکەکان بەشێوەکی بەردەوام چاودێری خڕۆکە سپییەکان بکەن تاکوو دیاری بکەن کە ئایا ئەم کێشە تەندروستییە بەهۆی کاردانەوەی سیستمی بەرگریییەوەیە.

پشکنینی خڕۆکە سپییەکان

پزیشک لەماوەی پشکنینی جەستەییدا دەکرێت داوای پشکنینی ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی بکات لەڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینی خوێنەوە، دەکرێت ئەم پشکنینە بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو نەخۆشییە یان حاڵەتە بکرێت کە کاری کردووەتە سەر ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان.
هەروەها وەرگرتنی نموونەی خوێن باوترین ڕێگەیە بۆ پشکنینی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانی لەش، بەڵام پزیشک دەتوانێت شلەکانی تری لەشی وەک شلەی دڕکە پەتک بپشکنێت بۆ زانینی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان.

پزیشک دەکرێت داوای ئەم پشکنینە بکات بۆ پشکنینی دۆخی:

  • هەستیاری
  • تووشبوونی میکرۆبی
  • شێرپەنجەی خوێن
  • چاودێریکردن و دیاریکردنی هەندێک جۆری نەخۆشی
  • چاودێریکردنی کاریگەری هەندێک جۆری چارەسەری وەک چاندنی مۆخی ئێسک

چارەسەری بەرزی و نزمی ڕێژەی خڕۆکەی سپی

چارەسەر بۆ ڕێککردنەوەی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانی لەش پشت دەبەستێت بە دیاریکردنی ئەو حاڵەتەی کە هۆکاری ناڕێکی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانە.
ئەگەر کەسەکە لەژێر چارەسەر پزیشکیدا بووبێت و کاری لە ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی کردبێت لە لەشیدا، ئەوا بە پشت بەستن بە جۆری چارەسەرەکەی پێویستە دەربارەی ئەم حاڵەتە و چارەسەرەکەی سەردانی پزیشک بکات.
کەسی تووشبوو دەتوانێت بە وەرگرتنی دەرمانی هایدرۆکسی یوریا (hydroxyurea) یان چارەسەری (leukapheresis) کە چارەسەرێکە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە شێرپەنجەی خوێنیان هەیە و بڕێکی زۆر بەرزی خڕۆکەی سپییان هەیە، تیادا خوێنی نەخۆش بە ئامێرێکدا تێپەڕ دەکرێت و خڕۆکە سپییەکانی لێدەردەهێنرێت و دەگەڕێنرێتەوە بۆ لەشی نەخۆشەکە.
ئەگەر ڕێژەی خڕۆکە سپییەکانی کەسێک بەهۆی چارەسەری کیمیایی شێرپەنجەوە نزم بوو، پزیشک دەکرێت پێشنیاری دوورکەوتنەوە لەو خواردنانە بکات کە بەکتریایان تێدایە. کە ئەمەش دەکرێت ڕێگری لە تووشبوونی میکرۆبی بکات.


سەرچاوەکان



2971 بینین