میزڵدان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-23-19:17:00 - کۆدی بابەت: 9137
میزڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

میزڵدان (بە ئینگلیزی: urinary bladder) ئەندامێکی گرنگی جەستەی مرۆڤ و بڕبڕەدارەکانە، هەڵگرێکی کاتییە بۆ میز، میز کۆدەکاتەوە بە ڕێژە و بڕی دیاریکراو پێش ئەوەی لە جەستە فڕێ بدرێتە دەرەوە.

میزڵدان چییە؟

میزڵدان ئەندامێکی ماسولکەیی ناوبەتاڵە، میز کۆدەکاتەوە کە لە گورچیلەوە هاتووە، توانای کشانی هەیە، دەکەوێتە ناوچەی حەوز لە بەشی ناوەوەی سێبەندە. میز لە ڕێگەی بۆری میز دەچێتە ناو میزڵدانەوە و لە ڕێگەی میزەڕۆ دەچێتە دەرەوە. میزڵدانی کەسێکی ئاسایی توانای هەڵگرتن یاخود کۆکردنەوەی نزیکەی 300-500 میللیلیتر لە میز هەیە پێش ئەوەی کەسەکە پێویستی بە میزکردن هەبێت، بەڵام دەتوانێت بڕێکی زیاتریش لە میز کۆبکاتەوە.

نەخۆشییەکانی میزڵدان

هەوکردن

هەوکردنی کۆئەندامی میز هەوکردنی میزڵدانیش دەگرێتەوە کە زیاتر لە ئافرەتان باوە لەچاو پیاواندا، چونکە میزەڕۆ لە ئافرەتاندا کورتترە لەچاو پیاواندا ئەمەش وادەکات لە ئافرەتاندا بەربڵاوتربێت. هەوکردنی کۆئەندامی میز لەپیاواندا، زیاتر لەتەمەنی منداڵیدا ڕوودەدات. هەروەها لە بەساڵاچووانیشدا بەهۆی گەورەبوونی پرۆستاتەوە هەوکردن ڕوودەدات و دەبێتە هۆی گیرانی میز. ئەو کەسانەی کە بۆری میزیان گیراوە یاخود تووشی تەسکبوونەوە بوونە، وەک توشبووانی شێرپەنجەی پرۆستات و ئەو کەسانەی کە قەستەرەیان بۆدانراوە مەترسی هەوکردنی میزڵدان تیایاندا زۆرە. هەوکردنەکان زیاتر بەهۆی بەکتریاوەیە باوترینیان بەکتریای (ئی-کۆلایE.coli)یە.

شێرپەنجە

شێرپەنجەی میزڵدان زیاتر بەهۆی شێرپەنجە یاخود گەشەکردنی زیاد لە پێویستی ڕووکەشە خانەکانی ناوپۆشی میزڵدانەوە ڕوودەدات، شێرپەنجەی میزڵدان لەدوای تەمەنی 40 ساڵیەوە باوترە و لە پیاواندا زیاترە لەچاو ئافرەتان. کۆمەڵە هۆکارێک هەن کە مەترسی توشبوون بەم شێرپەنجەیە زۆر دەکەن وەک ماددە کیمیاییەکان، ئەو میکرۆبانەی کە ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە و توانای تووشکردنی شێرپەنجەیان هەیە بەکەسی تووشبوو.

بەردی میزڵدان

بەردی میزڵدان نیشتووی کانزایین کە لە میزڵدان دروست دەبن، لەکاتی بەرزبوونەوەی خەستی میز و حاڵەتی وشکبوونەوە ئەگەری دروستبوون و ڕوودانی بەرد لە میزڵدان بەرزدەبێتەوە. ئەمەش وادەکات کە ئایۆنەکانی وەک خوێی کالسیۆم و مەگنیسیۆم کریستاڵ دروست بکەن و ڕەق ببن و بەرد پێکبهێنن. لەکاتی هەوکردنی میزڵدان ئەگەری دروستبوونی بەرد زۆرە و زۆربەی جار ئازار و نائاسوودەیی توشی کەسەکە دەکەن و دەبنە هۆی گیرانی میز.

پشکنین و دیاریکردن و چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی میزڵدان

پشکنینی میز

کاتێک پزیشکی پسپۆر گومان دەکات کە کەسەکە هەوکردنی هەبێت لە کۆئەندامی میز، پێشنیازی پشکنینی گشتیی میز دەکات، هەبوونی نایترایت و خڕۆکە سپییەکان لەناو میز  ئاماژەن بۆ بوونی هەوکردن، یاخود میزەکە دەنێردرێت بۆ ئەوەی گەشە بە بەکتریا یاخود کەڕووی ناو میزەکە بدرێت و بەتایبەت جۆری زیندەوەرە وردبینەکە بزانرێت و چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشەکە بنووسێت.  دەشێت پشکنینی تر بۆ میزی کەسەکە ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی گورچیلەی نەخۆشەکە، لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئایۆن و کیریاتینین، یانیش لە ڕێگەی سۆنەرەوە گیران و تەسکبوونەوەی بۆڕی میز دیاری بکات.

چارەسەرکردنی هەوکردنی میزڵدان

چارەسەری هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزڵدان لە ڕێگەی دژەزیندەییەکانەوە دەکرێت، هەندێکیان زۆر باون و ڕۆژانە بەکاردەهێنرێن، دیاریکردنی جۆری ئەو بەکتریایە یاخود ئەو زیندەوەرە وردبینەی کە بووەتە هۆی تووشکردنی هەوکردن لە کەسەکەدا زۆر گرنگە بۆ پێدانی چارەسەری گونجاو. بەڵام ئەو هەوکردنانەی کە مەترسییان هەیە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە، لە ڕێگەی خوێنهێنەری کەسەکەوە دەرمانی دژەزیندەیی وەردەگیرێت.

دیاریکردنی شێرپەنجەی میزڵدان

دیاری کردنی شێرپەنجە بە کۆمەڵە پشکنینێک دیاری دەکرێت وەک (سەیرکردنی خانەکانی میزڵدان لەژێر مایکرۆسکۆپ، سۆنەر، CT scan).

چارەسەرکردنی شێرپەنجەی میزڵدان

وەرگرتنی چارەسەر پشتدەبەستێت بە قۆناغی شێرپەنجە، وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی و نەشتەرگەری لابردنی خانە شێرپەنجەییەکان باوترین چارەسەرن لەکەسی تووشبوو.


سەرچاوەکان



1263 بینین