فسۆک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-06-26-21:16:00 - کۆدی بابەت: 9184
فسۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فسۆک یان فسۆکی ئەمریکی یاخود ناسراوە بە پشیلەی جەمسەرەکان (بە ئینگلیزی: Skunk)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوورەوە، شوێنی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ناوچەی دارستانە کراوەکان و دەوەنەکانەوە، شێوازی ژیانکردنی ئەم گیانەوەرانە بەتەنهایە، واتە پێکەوە کۆمەڵە دروست ناکەن و تەنها لە وەرزی زۆربووندا پێکەوە دەبینرێن، هەروەها فسۆک هەڵگری ڤایرۆسە و دەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و گیانەوەرە ماڵییەکان، بۆیە ماڵیکردن و ڕاگیرکردنی کارێکی دروست نییە، تەنانەت لە هەندێک لە وڵاتەکاندا ماڵیکردنیان قەدەغەیە، لە ئەو جێگانەش کە ماڵیکردنیان ڕێگە پێدراوە ئەوا ئارەقە ڕژێنی فسۆکەکە لادەبرێت، ئەم گیانەوەرە لە وەرزی زستاندا بە شێوەیەکی تەواوەتی ناچێتە سوڕی متبوونەوە بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر دەخەوێت و لە لانەکەیدا دەمێنێتەوە، هەروەها گیانەوەرێکی کۆچەری نییە و تەواوی مەودای ژیانکردنی نزیکەی سێ کیلۆمەترە.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی فسۆک بە فەروو داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت هەریەک لە ڕەش، سپی یاخود ڕەساسی بێت، بەڵام بە گشتی ئەوەیە کە ڕەنگی ڕەشە و دوو هێڵی ئەستووری سپی لەسەر پشتیدا هەیە کە هەتا کۆتایی کلکی درێژ بووەتەوە، جۆرەکانی تر خاڵ و نیشانەیان هەیە لەسەر پشتیان، لە کاتێکدا فسۆکی ئەلبینی تەواوی جەستەی فەروویەکی سپییە و نیشانەی نییە، ددانەکانی ئەم گیانەوەرە زۆر بەهێزە و هاوکاری دەکات لە خواردنی ژمارەیەکی زۆر گیانەوەری جیاواز لە ژەمەکانیدا، هەروەها فسۆک تا ڕادەیەک قەبارەی بچووکە و کێشی لە نێوان ٠.٥-٦.٣ کیلۆگرام دەبێت کە هاوتای کێشی پشیلەیەکی ماڵییە، بەڵام درێژییەکەی دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازی زۆر دروستدەبێت، جگە لە ئەمانەش دەتوانێت لە ماوەی کاتژمێرێكدا ١٦ کیلۆمەتر ببڕێت.  

خۆراک

فسۆک گیانەوەرێكی هەموو شت خۆرە، واتە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، دەتوانێت میوەکان بخوات و ڕاوکەریشە کە هەریەک لە قرتێنەر، کەروێشک، ماسی، مەمکداری بچووک، خشۆک، وشکاوەکی و مێرووەکان ڕاودەکات و دەیانکات بە ژەمی خۆراکی، لە نێویشیاندا مێرووەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازی فسۆکەکانن کە بەهۆی قاچە بەهێز و چنگەکانیانەوە زەوی هەڵدەکۆڵن و مێرووەکان دەخۆن، لەهەمان کاتدا فسۆک خۆشی لەلایەن گیانەوەری بەهێزترەوە ڕاودەکرێت و دەبێت بە نێچیر، نموونەی ئەو گیانەوەرانەش وەک پشیلە کێوییەکان، هەڵۆ و گورگە ئەمریکییەکان، بەڵام بۆ بەرگریکردن و هەڵهاتن لە ڕاوچییەکانیان فسۆکەکان دەتوانن ماددەیەکی شل دەربدەن لە ئارەقە ڕژێنەکانی ژێر کلکییانەوە، ڕژانەکە ژەهراوی نییە بەڵام بۆنێکی بەهێزی هەیە و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بە فەرووی گیانەوەرەکەوە دەمێنێتەوە، هەروەها ئەگەر بگاتە چاوەکانی دەکرێت زیانی پێبگات، بۆنەکەش بۆ مەودایەکی دوور دەگوازرێتەوە وهەستی پێدەکرێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوونی فسۆکەکان لە نێوان مانگی ٢-٤ دەبێت، نێرینەکان سەیری مێینەکان دەکەن و نزیکدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن کە ئاخۆ مێینەکە ئامادەیە بۆ یەکگرتن، ئەگەر مێینەکە ئامادە نەبێت ئەوا لە ڕێگەی ڕژێنەکەی ژێر کلکییەوە ماددە شلەکە دەردەدات و نێرینەکە هەڵدێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئامادەبێت ئەوا پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕییەکەی نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت، مێینەی فسۆک ساڵانە تەنها یەکجار بێچووی دەبێت ژمارەی بێچووەکانیش دەگۆڕێت و لە نێوان ١-١١ دانە دەبێت ناوەندە ژمارەکەشی شەش بێچووە، نێرینەکانیش دەتوانن لەگەڵ چەندین مێینەی تر یەکگرتن ئەنجام بدەن، پاش لەدایکبوونیان بێچووەکان هەتا تەمەنی سێ هەفتەیی توانای بینین و بیستنیان نییە، دایکەکە گرنگییان پێدەدات و شیریان دەداتێ، پاشان لە تەمەنی شەش هەفتەییەوە دەتوانن لە لانەکەیان بچنە دەرەوە، هەروەها لە تەمەنی دوو مانگیدا لە شیر دەبڕدرێنەوە، دەگەنە قۆناغی پشت بەخۆبەستن و بە شوێن جێگەی مانەوەی تایبەت بە خۆیاندا دەگەڕێن، ناوەندە رێژەی تەمەنی فسۆکەکان لە نێوان ٥-٨ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

خێزانی فسۆکەکان لە ١١ جۆر ئەندام پێکهاتووە، نموونەی هەندێک لە بەناوبانگترینیشیان ئەمانەیە:

  • فسۆکی خاڵداری ڕۆژئاوایی
  • فسۆکی خاڵداری ڕۆژهەڵاتی
  • فسۆکی لووت بەرازی
  • فسۆکی هێڵدار
  • فسۆکی ماسکدار


سەرچاوەکان



469 بینین