پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو خاوێنکەرەوەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-27-19:16:00 - کۆدی بابەت: 9196
پێکهاتە زیانبەخشەکانی ناو خاوێنکەرەوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک باسی بوونی تۆکسین (جۆرێکی ژەهرە) لە ماڵدا دەکرێت، زۆربەی کەس بیر لە بوونی ئەم ماددانە لە خواردن و ئارایشت و بەرهەمی تایبەت بە گرنگیدان بە خوددا دەکەنەوە. هەر لەبەر ئەمەیە زۆربەی ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن شێوازی ژیانێکی سەلامەت و دۆستی ژینگە پەیڕەو بکەن، سەرەتا دەست دەکەن بە گۆڕینی خواردنەکانیان بۆ خواردنی سروشتی و ئارایشتەکانیان بۆ ئارایشتی ناژەهراوی. بەڵام زۆربەی تۆکسینەکان لە ماڵەکاندا لەناو ئەو بەرهەمانەدا بوونیان هەیە، کە وا دەدانرێت بەرهەمێکی پارێزەر و خاوێنن وەک خاوێنکەرەوەکانی وەک شامپۆ و تاید. لەدوای ئەوەی کە بۆ ماوەی چەندان ساڵە ڕۆژانە بەکاری دەهێنیت، هیچ زیانێکی لەسەر جێنەهێشتوویت، قوورسە کە بیربکەیتەوە دەکرێت ئەم بەرهەمانە زیانبەخش بن.
لە کاتێکدا ئەوە ڕاستییە کە خاوێنکەرەوەکان جلوبەرگ خاوێن دەکەنەوە و بۆنێکی خۆشی پێدەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ماددەی زیانبەخشیان تێدایە کە کاریگەری لاوەکی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ جێدەهێڵن. خاوێنکەرەوەکان زیان بە جلوبەرگ ناگەیەنن و نابنە هۆی دڕانی. مەبەست لە زیانەکانیان ئەوەیە کە کاتێک جلێک دەشۆردرێت ئەم ماددە کیمیاییانە دەچنە ناو ئاوەڕۆکانەوە و تێکەڵ بە ڕێڕەوی ئاو دەبن. هەروەها پێستی مرۆڤ گەورەترین ئەندامە لە لەشیدا، کاتێک کە ئەم ماددە کیمیاییانە لەسەر جلوبەرگەکانن، ڕۆژانە پێست لەڕێگەی کونیلەکانەوە هەڵیاندەمژێت.
ئەم ماددە کیمیاییانەی کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەرێت پەیوەستکراون بە مەودایەک کێشەی تەندروستی وەک سووربوونەوەی پێست تاکوو کێشەی زۆر جدیتری وەک شێرپەنجە، هەروەها کێشەی لەدایکبوون و گەشەی منداڵ. 

ماددە زیانبەخشەکان

١,٤-دووانەئۆکسەین 

١,٤-دووانەئۆکسەین یان دایۆکسەین (بە ئینگلیزی: 1,4-Dioxane) بە هۆکاری شێرپەنجە ناسراوە، ماددەیەکی باوی ناو خاوێنکەرەوە و شامپۆیە، ئەم پێکهاتەیە وەک ماددەی توێنەر و لابەری چەوری لە پاککەرەوەکاندا بەکاردێت، توێژینەوە ئەزموونییەکان لەسەر مشک و ئاژەڵەکانی تری تاقیگە ئەوەیان سەلماندووە کە دایۆکسەین دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی لە بەشە جیاوازەکانی لەشدا لە دەمەوە تاکوو جگەر.
١,٤-دووانە ئۆکسەین بەئاسانی لەڕێگەی پێست و هەناسەدانەوە هەڵدەمژرێت، هەروەها بە ئاسانی تێکەڵی خاک و ئاوی ژێرزەوی دەبێت، ئەمەش سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە پیس دەکات و مەترسی بەرکەوتن لەڕێگەی خواردنەوەوە زیاد دەکات.

گۆگرداتی سۆدیۆمی لاورڵ 

گۆگرداتی سۆدیۆمی لاورڵ (بە ئینگلیزی: Sodium Laureth Sulphate  یان (SLS)) ماددەیەکە کە لە خاوێنکەرەوەکاندا بە مەبەستی دروستکردنی کەف بەکاردێت، ئەم ماددەیە لە نەوتی خاو و زەیتی گوێزی هیندی و زەیتی خورما دەردەهێنرێت، کاری سەرەکی ئەم پێکهاتەیە تێکەڵکردنی چەوری و ئاوە لەگەڵ یەکتر، کە ئەمەش وا لە چەوری دەکات بە ئاسانی لە جلەکان یان هەر شتێکی تر ببێتەوە کە پاککەرەوەکەی بۆ بەکاردێت. گۆگرداتی سۆدیۆمی لاورڵ لەبەر هەرزانییەکەی و کاریگەرییەکەی لە خاوێنکردنەوەدا بەشێوەیەکی فراوان بەکاردێت.
ئەم ماددەیە بەوە ناسراوە کە سووتێنەرە بۆ پێستی مرۆڤ و هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی پێستی وەک ئەگزیما و ڕۆزەیشا و سەدەف. بۆیە باشترە ئەو کەسانەی پێستێکی هەستیارییان هەیە دووربن لە ئەو پاککەرەوانەی ئەم پێکهاتەیان تێدایە.

فۆسفاتەکان

فۆسفاتەکان (بە ئینگلیزی: Phosphates) بە کەمکردنەوەی کاری کالسیۆم و مەگنیسیۆمی ناو ئاوی بەلووعە وا لە پاککەرەوەکان دەکەن زیاتر کاریگەر بن، باوترین فۆسفاتی بەکارهاتوو بریتییە لە سیانە فۆسفاتی سۆدیۆم (sodium tripolyphosphate). جگە لەو کاریگەرییانەی کە لەسەر خاوێنکردنەوە هەیانە، فۆسفاتەکان لەبەر ئەو زیانانەی کە بە ئاوی خواردنەوەی دەگەیەنن، لە زۆربەی وڵاتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا بەکارهێنانیان قەدەغەکراوە، فۆسفاتەکان ڕێگە بۆ کۆبوونەوەی کەڕووی قەوزەیی لەسەر دەریاچە و ڕووبارەکان خۆش دەکەن، کە ئەمەش ڕێگرە لەوەی زیندەوەرە ئاوییەکان ئۆکسجینی پێویستیان پێ بگات و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان. بەڵام هەندێک جۆری پاککەرەوە هەن کە دۆستی ژینگەن و خاڵین لە فۆسفاتەکان، بەم شێوەیەش زیان بە سروشتی سیستمی ژینگە ناگەیەنن.

ئیسۆکسیلاتی نۆنیڵ فینۆڵ

ئیسۆکسیلاتی نۆنیڵ فینۆڵ (بە ئینگلیزی: Nonylphenol Ethoxylate) ماددەیەکی بەدناوی کیمیاییە کە بە تێکدەری سیستمی نێوەدەردانی مرۆڤ و ئاژەڵ ناسراوە، ئەم ماددە کیمیاییە لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپادا قەدەغەکراوە، بەڵام لە هیندستان هێشتا بەکاردێت. ئیسۆکسیلاتی نۆنیڵ فینۆڵ بە لاساییکردنەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین وا لە لەش دەکات کە نەتوانێت جیاوازی بکات لەنێوان ئەم ماددەیە و ئیسترۆجیندا، بەمەش کاردەکاتە سەر سیستمی نێوەدەردانی لەش. ئەم ماددانە زیندەلێکهەڵوەشان‌هاتوو نین و لە خاکدا دەمێننەوە، بەم شێوەیەش ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی تاکوو چەندین ساڵ بەم ماددەیە ژەهراوی دەبن بۆ زیندەوەرە ئاوییەکان.

بەنزین

ماددە ڕووکار چالاکەکانی (alkylbenzene sulphonates و linear alkylbenzene sulphonates) دوو باوترین ماددەی ڕووکار چالاکی لە بەنزین دەرهێنراون کە لە پاککەرەوەکانی جلوبەرگدا بەکاردێن. کاری ماددە ڕووکار چالاکەکان دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان ئاو و پەڵەی سەر جلوبەرگ، کە دەنکۆڵە پیسەکانی پەڵە لەناو ئاودا هەڵدەواسن و وایان لێدەکەن بە ئاسانی بتوێنەوە و بشۆردرێن، هەوای ناوماڵ ئاستێکی بەرزی بەنزینی تێدایە کە لە بەرهەمەکانی ناوماڵی وەک پاککەرەوە و بۆیەی وێنەکێشان و بۆیەی کەلوپەلەوە وەریگرتووە. ئەم ماددانە پێست و چاو و لووت دەسووتێننەوە و بۆ زیندەوەرە ئاوییەکان ژەهراوین.

بۆنی دەستکرد

بۆنەکانی ناو خاوێنکەرەوەی جلوبەرگ (بە ئینگلیزی: Fragrances) بریتیین لە تێکەڵەی نزیکەی 4,000 ماددەی کیمییایی، کە زۆربەیان سەرچاوەکەیان نەوتی خاوە. مرۆڤ کاتێک بۆنی ئەم ماددانە دەکات کە دەچنە هەواوە و ئاوێتەی فڕۆکی زیندەیی زیانبەخشی وەک تێرپینەکان (بە ئینگلیزی: terpenes) هەوای ناوماڵ پیس دەکات. بۆنە بەهێزە دەستکردە کیمیاییەکان بەوە ناسراون کە کۆئەندامی هەناسە دەسووتێننەوە و دەبنە هۆی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی وەک ڕەبۆ. بگەڕێ بۆ ئەو پاککەرەوانەی کە لێیان نووسراوە خاڵی لە بۆن (بە ئینگلیزی: fragrance-free) یان بۆنێکی نیانیان هەیە کە بە ئینگلیزی لێیان نووسراوە (mild aroma).


سەرچاوەکان



427 بینین