دژەپەیداکەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-28-01:32:00 - کۆدی بابەت: 9204
دژەپەیداکەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دژەپەیداکەر (بە ئینگلیزی: Antigen) گەردێکە کە هانی وەڵامدانەوە بەرگرییەکان دەدات بە چالاککردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن کە دژی نەخۆشییەکان دەجەنگن. دژەپەیداکەرەکان دەکرێت لەسەر ڕووی ئەو تەنانە بن کە دێنە ناو جەستەوە وەکوو بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر، کەڕوو، ئەندامە گواستراوەکان و خانە نائاساییەکان وەکوو خانە شێرپەنجەییەکان.

سیستمی بەرگری

سیستمی بەرگری جەستە پشت بە چەند میکانیزمێکی بەرگری دەبەستێت بۆ پاراستنی جەستە دژی نەخۆشی. سیستمی بەرگری هانی وەڵامدانەوە دەدات کە وەڵامدانەوەکان بریتین لە دروستکردن و بەرهەمهێنانی خانە و پڕۆتین لە دژی تووشبوونەکان.

دوو جۆر بەرگری هەیە لەناو جەستەدا بەرگری گشتی و بەرگری تایبەت:

  • بەرگرییە گشتییەکان: جۆرێکی ناتایبەتی میکانیزمی پاراستنە لە دژی هۆکاری نەخۆشییەکان. بە خێرایی وەڵامی هۆکاری نەخۆشی دەداتەوە بەڵام لە توانایدا نییە جارێکی تر بە شێوەیەکی تایبەت ڕووبەڕووی هەمان هۆکاری نەخۆشی ببێتەوە
  • بەرگرییە تایبەتییەکان: جۆرێکن لە بەرگرییەکان کە دەتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی هۆکاری نەخۆشییەکان. بەرگرییە تایبەتییەکان خاوترن لە بەرگرییە گشتییەکان بەڵام ئەمان دژەپەیداکەرەکەیان لەبیر دەمێنێت و لەکاتی دووبارە تووشبوون بە هەمان هۆکاری نەخۆشی خێرا لەناوی دەبەن

کارلێکی نێوان دژەپەیداکەر و سیستمی بەرگری

جەستە پێویستی بەوەیە تەنە نامۆ و بێگانەکان جیا بکاتەوە لە پێکهاتە ئاساییەکانی جەستە، و دژەپەیداکەرەکانیش پێکهاتەی سەرەکین لەم پڕۆسەیەدا. کاتێک جەستە دژەپەیداکەرێک دەناسێتەوە، وەڵامدانەوە بەرگرییەکان دەکەونە گەڕ. کاتێک خڕۆکە سپییەکانی خوێن دەنووسێن بە دژەپەیداکەرەکانەوە، ئەمە دەبێتە هۆی هاندان و وروژاندنی دوو هێندبوونی ژمارەی خانەی خڕۆکە سپییەکان و وەڵامدانەوە بەرگرییەکان دەست پێ دەکەن.

جۆرەکانی دژەپەیداکەر

دژەپەیداکەرەکان دەبنە دوو کۆمەڵەی سەرەکی:

١. دژەپەیداکەری بێگانە: یاخود دژەپەیداکەری جیاواز، ئەم جۆرە لە دەرەوەی جەستەوە دێتە ناوەوە و لەسەر ڕووی بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر، ژەهری مار، خواردن یاخود خانەی گوێزراوە هەیە.

٢. دژەپەیداکەری خود: یاخود خود-دژەپەیداکەر ئاسایی خۆیان لەناو جەستەدا بوونیان هەیە و لە تاکی تەندروستدا نابنە هۆی هاندانی سیستمی بەرگری چونکە جەستە دەزانێت زیانبەخش نین. لە هەندێک حاڵەتیشدا جەستە بە هەڵە لە دژیان دەوەستێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردنی خۆییە بەرگری.

پێکهاتەی دژەپەیداکەرەکان

پێکهاتەکانی دژەپەیداکەر بریتین لە ئیپیتۆپ و دیاریکەری دژەپەیداکەری. هەر دژەپەیداکەرێک چەند ئیپیتۆپێکی هەیە کە دەنووسێت بە شوێنی پێکەوەنووسانی دژەتەنەوە. دژەپەیداکەرەکان بە میکانیزمی کلیل و قوفڵ دەنووسێن بە دژەتەنەکانەوە، واتە هەر دژەپەیداکەرێک دژەتەنی تایبەت بە خۆی هەیە.

گرنگی دژەپەیداکەرەکان

دژەپەیداکەرەکان هۆکاری دەستپێکردنی وەڵامدانەوە بەرگرییەکانن، دەتوانن بنووسێن بەو خڕۆکە سپیانەی خوێنەوە کە بەشێکن لە بەرگرییە تایبەتییەکان وەکوو خانەکانی بی (B cells) و تی (T cells). خانەکانی بی دژەتەن دروستدەکەن، دوای ئەوەی دژەپەیداکەر دەنووسێت بە وەرگرەکانی سەر ڕووی خانەکانی بی، دژەتەنەکان بەرهەم دەهێنرێن.

پێکوتە

کوتان پڕۆسەیەکە تێیدا پێکهاتەیەکی پزیشکی لە ڕێگەی دەرزی یاخود حەپەوە دەدرێت بە کەسەکە کە پڕۆتین یان بەشێکی لاوازکراوی هۆکاری نەخۆشییەکەی تێدایە. پێکوتەکان بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی وەڵامدانەوە بەرگرییەکان لەناو جەستەدا لە دژی دژەپەیداکەرێکی دیاریکراو. کاتێک جەستە دژەتەنێکی دیاریکراو دروست دەکات وەکوو دژەتەنی ئەنفلۆنزا، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە بەباشی ئامادە بێت لە ئەگەری تووشبوونی داهاتوودا بە هەمان هۆکاری نەخۆشی. کاتێک کە پێکوتەت وەرگرت ئەوا دژەتەنەکان لە جەستەتدا دەمێنێتەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک.

لە تووشبوونە ڤایرۆسییەکاندا

لە تووشبوونە ڤایرۆسییەکانی وەکوو ئەنفلۆنزای وەرزی، سیستمی بەرگری دژەتەن دروستدەکات کە دەتوانێت بە تایبەتی بنووسێت بە دژەپەیداکەرەکەوە. پڕۆسەکە هەر وەکوو پێکوتە وایە بەڵام تووشبوونە ڤایرۆسییەکان بەهێزترن. دژەپەیداکەرەکانی ڤایرۆسە تووشکەرەکان دەبنە هۆی دروستبوونی وەڵامدانەوەیەکی بەرگری، بەم هۆیەوە جەستە دژەتەنی تایبەت بە دژەپەیداکەرەکە دروست دەکات. لە پاڵ دژەتەنەکاندا بیرەوەرییە خانەکانیش دروست دەبن لە کاتی دووبارە تووشبوون بە هەمان هۆکاری نەخۆشی.

پشکنینی دژەپەیداکەر

پشکنینی دژەپەیداکەر لە ڕێگەی نموونە (سامپڵ)ی خوێنەوە دەکرێت، ئەم پشکنینانە دەتوانێت نەخۆشی دەستنیشان بکات، ڕێگری بکات لە ڕوودانی کارلێکە بەرگرییەکان و دەتوانێت ئەوەش دەستنیشان بکات ئایا پێکوتە کاریگەری هەبووە لەسەر کەسەکە یاخود نا.

پشکنینی دژەپەیداکەر بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە لەوکاتەدا هەن و کەسەکە تووش بووە واتە هۆکاری نەخۆشییەکە لە جەستەی کەسەکەدا هەیە لەو ساتەدا. بۆ نموونە لە حاڵەتی تووشبوون بە کۆڤید-١٩ ئەگەر لەکاتی پشکنینەکەدا دژەپەیداکەر ئەرێنی (پۆزەتیڤ) بوو ئەوا واتە کەسەکە لەوکاتەدا تووشبووی ڤایرۆسەکەیە و پێویستە چارەسەر وەربگرێت.


سەرچاوەکان



584 بینین