جەزیرەی بۆتان

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-29-14:55:00 - کۆدی بابەت: 9223
جەزیرەی بۆتان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەزیرەی بۆتان یان جەزیرەی ئیبن عومەر (بە عەرەبی: جزيرة بوطان أو جزيرة ابن عمر) شارۆچکەیەکە لە پارێزگای شرناخ (پارێزگایەکە لە باکووری کوردستان) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لە تورکیا، دەکەوێتە سەر ڕووباری دیجلە لە سنووری تورکیا و سووریا و لە نزیک لە سنووری عێراق و تورکیایە، بەم شێوەیە ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان هەر سێ وڵاتی تورکیا و سووریا و عێراق، پانتایی و ڕووبەری شارۆچکەکە ٤٦٧٫٦٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەکە بە ١٤٣٫١٢٤ کەس خەمڵێندراوە، کە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە کوردن لەگەڵ بوونی عەرەب و سریانی/ ئاشووری.

هۆکاری ناونانی

بە سریانی پێی دەوترێت (جزرتا) چونکە ناچەیەکە دوورە لە شارەوە. واقیدی (یەکێکە لە کۆنترین مێژوونووسانی ئیسلام) لە بارەی ناونانی بە جەزیرەی ئیبن عومەر وتوویەتی: ئەو کەسەی کە جەزیرەی ئیبن عومەری دروستکردووە، پیاوێکی خەڵکی بەرقەعیدی مووسڵ بووە پێیان دەوت عەبدولعەزیز ئیبن عومەر، لەبەرئەوە ناوچەکەش بەناوی ئەوەوە ناونراوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم ناوچەیە دوورگە نییە و هیچ دەریایەکی لێ نییە، بەڵام پێی دەوترێت جەزیرە (دوورگە) چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی مێژوویی لە خاكی میزۆپۆتامیای سەروو کە لە باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوورەوە بە ڕووباری دیجلە دەورەدراوە.

مێژوو

هۆزەکانی بەکری کوڕی وائیل، بەتایبەت هۆزی بەنی شەیبان، لەو ناوچەیەی کە لە جەزیرەی بۆتانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دیاربەکر نیشتەجێ بوون. جەزیرەی بۆتان وەکوو دەروازەیەک کە میزۆپۆتامیای سەروو بە ئەرمینیا دەبەستێتەوە، شارۆچکەیەکی گرنگ بووە بەتایبەتی لە سەردەمی عەباسییەکان و لە سەردەمی خاچپەرستاندا. لە سەرەتای چاخی ئاسنیدا، ئەم ناوچەیە بەشێک لە شانشینی (کوموە) بووە لە باکووری ئاشوور. هەروەها لە سەردەمەکانی کلاسیکی کۆندا، جەزیرەی بۆتان کەوتبووە ناوچەی کاردۆخ. بەپێی هەندێ سەرچاوە جەزیرەی بۆتان بە ئەو ناوچەیە وەسفکراوە کە ئەسکەندەری مەکدۆنی لە ٣٣١ پێش زاییندا بە دەریاچەی دیجلەدا پەڕیوەتەوە. 
 
لە پاشماوە ئیسلامییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، جەزیرەی بۆتان لە ڕیزبەندی ٨٠ ـدایە، ئەو شارۆچکەیەیە کە پێغەمبەر نوح لە بناری چیای جودی دروستیکردووە، کاتێک کەشتییەکەی لە چیای جودی وەستاوەتەوە، هەروەها گۆڕی پێغەمبەر (نوح)ـی لێیە.

بنیامین توتەیلی لە سەدەی ١٢ دەربارەی پاشماوەی کەشتییەکەی نوح وتوویەتی: خەلیفەی مسوڵمانان عومەری کوڕی خەتاب پاشماوەی کەشتییەکەی نوح پێغەمبەری کردووە بە مزگەوت.

وەکوو پایتەختی میرنشینی بۆتان، جەزیرەی بۆتان سەنتەرێکی گرنگی ڕۆشنبیری کوردی بووە، زانست و مۆسیقا و شیعر لە ژێر سایەیدا گەشاوەتەوە. 

هەروەها ئەم ناوچەیە ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامی لە خاکی میزۆپۆتامیادا هەبووە، بەشێوەیەک لە سەدەی یازدەدا خوێندنگایەک لەلایەن وەزیری سەلجووقی تێدا دروستکراوە.

لە سەدەکانی دواتردا چوار خوێندنگای شافعی بە ناوەکانی (خوێندنگای ئیبن بەزری، خوێندنگای زاهیرەدین قیماز ئاتابجی، خوێندنگای ڕەزوییە، خوێندنگای قازی جەمالەدین عەبدولڕەحیم)، لەگەڵ دوو خانەقا لە دەرەوەی دیوارەکانی شار هەبوون.

دیارترین شوێنەوارەکانی جەزیرەی بۆتان

  1. مزگەوتی گەورە
  2. خوێندنگای سوور
  3. مەزارگەی نوح پێغەمبەر
  4. گۆڕی مەم و زین
  5. قەڵای جەزیرە 

قەڵای جەزیرە (بە کوردی: بێرکا بێلیک، "کۆشکی فرە ڕەنگ") لەلایەن میرنشینی بۆتانەوە دروستکراوە، لە چیرۆکی مەم و زیندا ئەو شوێنەیە کە زین تیایدا نیشتەجێیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٤٧ میرنشینەکە تێکشکێنرا، سەربازانی تورک بە شێوەی خولیی قەڵاکەیان وەکوو سەربازگە بەکارهێناوە، بەم شێوەیە لە بەکارهێنانی سەربازیدا مایەوە و بە ڕووی خەڵکیدا داخرا، لە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠١٠ لەلایەن پاسەوانانی سنووری تورکیاوە بەکارهاتووە.

کەسایەتییە ناودارەکانی جەزیرەی بۆتان

  1. ئیبن جەزەری: قورئانخوێن.
  2. جەزەری: ئەندازیار و داهێنەر.
  3. نەسیحەدین عیجلی: بازرگان و شاعیر.
  4. بەدرخان بەگ (کۆتا میری میرنشینی بۆتان) 
  5. ئیبن ئەسیر: مێژوونووسی عەرەب
  6. مەلای جەزیری: شاعیری کورد
  7. محەمەد سەعید ڕەمەزان بوتی

لە ڕووی کەشوهەواوە ئەم ناوچەیە بەرزترین پلەی گەرمای تورکیای تێدا تۆمارکراوە، کە ٤٨.٦ پلەی سەدی بووە لە ٣٠ تەممووزی ساڵی ٢٠٠٠ـدا.


سەرچاوەکان



1627 بینین