نەخشی کاشانی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-29-15:50:00 - کۆدی بابەت: 9224
نەخشی کاشانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخش و نیگاری کاشانی یان هونەری کاشانی (بە عەرەبی: الزخرفة القاشانية أو الفن القاشاني، بە ئینگلیزی: Qashani or Kashani) هونەرێکی نەخشسازی فارسییە، کە سەرەتایی بەکارهێنانی لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٦ تا ١٨ زایینی، زیاتر بۆ ڕازاندنەوەی شوێنە پیرۆز و مێژووییەکان بەکارهاتووە.

کاشانی ئاماژەیە بە پانێڵێکی سیرامیکی شێوە چوارگۆشەیی (لە شێوەی کاشیدایە)، کە ڕووەکەی بە نەخشی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێندراوەتەوە، بە فارسی بە (کاشی هفت رنگ) ناسراوە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە هەمیشە حەوت ڕەنگ بەکارهاتووە، بەڵکوو هەندێک جار ڕەنگی جیاواز بۆ ڕێکخستن و هەماهەنگی لەگەڵ پارچەکانی دەروبەریدا بەکارهاتووە، زیاتر ڕەنگەکانی نیلی، شینی ئاسمانی، سەوز و زەرد و هەندێك جار ڕەنگی سوور بەکاردەهێندرێن، کە بە هێڵی ڕەشی ڕێک جیادەکرێنەوە ئەمەش وای لێ دەکات لەسەر بنکە سپییەکەی جوانتر دەربکەوێت.

مێژوو

لە کۆتاییەکانی سەردەمی تەیموری و سەرەتای سەردەمی سەفەوییەکاندا نەخش و نیگاری کاشانی بەشێوەیەک گەشەیکردووە کە جێگەی نەخشی مۆزایکی گرتوەتەوە، پاشان ئەم هونەرە زیاتر بڵاوبویەوە بەتایبەت لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە ڕێگەی هەندێک لە هونەرمەندانی فارسییەوە بۆ وڵاتی تورکیا گوازراوەتەوە، بەم شێوەیە نەخشی کاشانی بناغەی ڕازاندنەوەی مزگەوتەکان، تەکیەکان، کۆشکەکان، مەزارگەکان و گۆڕستانەکان بووە. هەروەها لە سەردەمی عوسمانیەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ ڕازاندنەوەی دیواری بیناکان بەکارهاتووە.

جۆرەکانی نەخشی کاشانی

  1. نووسینەکی: لە نووسینی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز یان نووسینێکی پەیوەست بە ڕووداوە مێژوویەکان پێکهاتووە، کە بە دەقی فارسی دەنەخشێندرێن.
  2. ڕووەکی: لەم جۆرەدا نەخشی گوڵ و درەختی سرووشتی لەسەر پانێڵەکان دەنەخشێندرێن وەکوو گوڵی شلێر و گوڵە مێخەک و درەختی سنۆبەر.
  3. ئەندازەیی: ئەم جۆرە لە شێوەی ئەندازەیی و فەرەگۆشەیی جیاواز پێکدێت.


سەرچاوەکان



332 بینین