بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر ئیۆ جیما (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-01-14:31:00 - کۆدی بابەت: 9240
بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر ئیۆ جیما (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر ئیۆ جیما
ناوی وێنە بە فەرمی Raising the Flag on Iwo Jima
ڕیزبەندی بیست و چوارەم
جۆر جەنگ
مێژوو ١٩٤٥
وێنەگر Joe Rosenthal

بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر ئیۆ جیما

وێنەیەکی ئایکۆنییە کە شەش هێزی دەریایی ئەمریکا لە کاتی شەڕی ئیۆ جیما لە قۆناغەکانی کۆتایی جەنگی زەریای هێمن ئاڵای ئەمریکایان لەسەر لوتکەی چیای سوریباچی بەرز کردووەتەوە. وێنەکە لەلایەن جۆ رۆزنتاڵ لە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ٢٣ی شوباتی ١٩٤٥ گیراوە، بۆ یەکەمجار دوای دوو ڕۆژ لە ڕۆژنامەکانی یەکشەممە بڵاوکرایەوە و لە هەزاران بڵاوکراوەدا دووبارە چاپکرایەوە. 

دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕکردن، چیای سوریباچی گیرا، بەخێراییش ئاڵایەکی ئەمریکا هەڵکرا، بەڵام فەرماندەی لەشکرەکە داوای ئاڵایەکی گەورەتری کرد بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی، لەگەڵیشیدا بۆ پێشاندانی سەرکەوتنەکەی بە دژمن. لە کاتی هەڵکردنی ئاڵا گەورەکەدا جۆ رۆزنتاڵ خۆی ئامادە دەکات و وێنەکە دەچرکێنێت.

ئەم وێنەیە، تاکە وێنە بوو کە لە هەمان ساڵی بڵاوکردنەوەیدا خەڵاتی پولیتزەری بۆ فۆتۆگرافی بەدەستهێنا و دواتر بۆ دروستکردنی یادەوەری جەنگی هێزی دەریایی لە ساڵی ١٩٥٤ بەکارهات، کە تایبەت بوو بە ڕێزگرتن لە هەموو هێزەکانی دەریایی کە لە ساڵی ١٧٧٥ـەوە لە خزمەتدا گیانیان لەدەستداوە. یادگارییەکە لەلایەن فیلیکس دی وێڵدۆنەوە پەیکەرسازی کراوە و دەکەوێتە پارکی ئارلینگتۆن ریج، نزیکە لە دەروازەی ئۆرد-وایتزێل لە گۆڕستانی نیشتمانیی ئارلینگتۆن و کاریلۆنی هۆڵەندا. وێنەکە لە ئەمریکا وەک یەکێک لە وێنە گرنگ و ناسراوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم سەیر دەکرێت.

هەڵکردنی ئاڵاکە لە نیوەڕۆیەکی زوودا ڕوویدا، دوای ئەوەی لوتکەی شاخەکە گیرا و ئەو بەیانییە ئاڵایەکی بچووکتر لەسەر لوتکەی بەرزکرایەوە. سێ لەو شەش سەربازەی لە وێنەکەدا دیارن لە کاتی شەڕەکەدا لە چالاکیدا کوژران.

دوای ماوەیەک ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس دەستبەرداری مافی چاپکردنی وێنەکە بوو و خستییە بواری گشتییەوە. 


سەرچاوەکان



689 بینین