ئەلکالۆید

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-01-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9247
ئەلکالۆید

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر بەرهەمی سروشتی لە سروشتدا بوونیان هەیە کە بەرهەمی کردەی زیندەچالاکیی ڕووەک و گیانەوەرانن. زیندەگۆڕاوەکانی سەرەتایی یان یەکەمیی کردەی زیندەچالاکی (Primary metabolites) بریتین لە کاربۆهیدرات، پڕۆتین، ترشی ئەمینی، ترشی ئەندامی، ڤیتامین و چەورییەکان، لەنێویشیاندا زۆر کۆمەڵەی ئاوێتە ئەندامییە سروشتییەکان بوونیان هەیە کە بەرهەمی دووەمیی زیندەچالاکین و ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لەسەر بوونەوەران هەیە، زیندەگۆڕاوەکانی دووەمی (Secondary metabolites) بریتین لە ئەلکالۆیدەکان، تێرپینەکان، پۆلیفینۆڵەکان، گلوکۆزینۆلەیتەکان، فلاڤۆنۆیدەکان و ستیرۆیدەکان، هەروەها ئەوەی لە هەموویان تایبەتترە بریتییە لە ئەلکالۆیدەکان، چونکە لە ترشە ئەمینییەکان وەردەگیرێن و وەکوو زیندەگۆڕاوی دووەمی لەلایەن ڕووەکەکان و هەندێک گیانەوەرانەوە دروست دەکرێن و ڕۆڵی زۆر گرنگیان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، ئەلکالۆیدەکان تەنیا لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و خواردن و خواردنەوەکاندا بوونیان نییە، بەڵکوو بەشێوەی دەرمانی وریاکەرەوەش بوونیان هەیە.

ئەلکالۆیدەکان

ئەلکالۆیدەکان یان شێوەتفتەکان یان لەتفتچووەکان (بە ئینگلیزی: Alkaloids) کۆمەڵەیەکی گەورەی ئاوێتە ئەندامییە سروشتییە تفتەکانن کە گەردیلەکانی نایترۆجین (ئەمینۆ یان ئەمیدۆ) لە پێکهاتەکەیاندا هەیە و وا دەکات تفت بن. بەشێوەیەکی گشتی وەک بەرهەمی دووەمی کردەی مێتابۆلیزم لەلایەن وردەزیندەوەر، گیانەوەر و ڕووەکەکانەوە بەرهەم دێن، زۆربەی ڕووەکەکان ئەلکالۆید لە پێکهاتەیاندا هەیە بەتایبەتیش ڕووکە گوڵدارەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠٠٠ جۆری جیاوازی ئەلکالۆید لە ٤٠٠٠ جۆری ڕووەک ناسێنراون و دیاریکراون کە کاریگەریی گرنگ و هەمەجۆریان لەسەر مرۆڤ و گیانەوەرانی تر هەیە.

نموونەی هەندێک لە ئەلکالۆیدە باوەکان وەکوو مۆڕفین، کوینین، ئیفیدرین، نیکۆتین و چەندانی تر. دەکرێت ڕووەکێک چەند جۆرێکی کەمی لە ئەلکالۆید تێدابێت، بەڵام هەندێکیان وەکوو تلیاک (Opium poppy) و کەڕووی (Ergot fugus) نزیکەی ٣٠ جۆریان تێدایە کە لە بەشە جیاوازەکانی ڕووەکەکە هەڵگیراون. 

فەرمانی ئەلکالۆیدەکان لە ڕووەکدا هێشتا بەتەواوی دیارینەکراوە و ڕوون نییە، ئەمانە وەک زیندەگۆڕاوی دووەمی (Secondary metabolites) یان بەرهەمی لاوەکیی کردەی زیندەگۆڕانی ڕووەک دادەنرێن، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان ئەلکالۆیدەکان ڕۆڵیان لە دروستبوونی تۆوی ڕووەکەکان و پاراستنی ڕووەکەکان لە مێرووە زیانبەخشەکان هەیە.

مۆڕفین یەکەم ئەلکالۆید بوو کە لە ساڵی ١٨٠٤ بەشێوەیەکی بلووری لەلایەن کیمیاگەری ئەڵمانی فرێدریک ستێرتێرنەر جیاکرایەوە کە پێکهاتەیەکی بەهێزی ڕووەکی تلیاکە. خوێندنی ئەلکالۆیدەکان لە بوارەکانی کیمیای زیندەیی و دەرمانزانیدا لە سەدەی نۆزدەیەمەوە دەستی پێ کردووە.

ئەلکالۆیدەکان کۆمەڵەیەکی سەرنجڕاکێشی ئاوێتە کیمیایییەکانن کە مەودایەکی فراوانی چالاکی و کاریگەریی خوازراو و نەخوازراویان لەسەر مرۆڤ و گیانەوەران هەیە. ئەم ئاوێتانە کاریگەریی هەمەجۆری فیسیۆلۆجیی وەکوو، دژەبەکتریا، دژەهەوکردن، دژەدەزووە دابەشبوون، ئازارشکێن، سڕکەری ناوچەیی، خەوهێنەر، دەروون-چالاک یان کاریگەری دەروونی (Psychoactive) و دژەشێرپەنجە و زۆری تریان هەیە. لە ئێستادا ئەلکالۆیدە ڕووەکییەکان جێگەی بایەخێکی زۆری کیمیاگەر، زیندەزان و دەرمانسازەکانن، هەرچەندە زۆربەیان بەکارهێنانیان لە بواری تاقیکردنەوەی گیایی مەترسیدارە، وەرگرتنی بڕێکی تەندروست لە ئەلکالۆیدەکان سوودی تەندروستی بە مرۆڤ دەدات، بەڵام ژەمی لەڕادەبەدەر دەکرێت زۆر ژەهرین بێت و تەنانەت ببێتە هۆی مردنیش.

پێکهاتە و تایبەتمەندیی کیمیایی

ئەلکالۆیدەکان لە پێکهاتەی کیمیاییدا بەتەواوی جیاوازن، ئەم ئاوێتانە بەلایەنی کەمەوە گەردیلەیەک لە نایترۆجین لە پێکهاتەیاندا هەیە کە لە ئاوێتەی ئەمۆنیاوە وەرگیراوە لە ئەنجامی شوێنگرتنەوەی گەردیلەی هایدرۆجین بە کۆمەڵەی هایدرۆکاربۆن. ئەلکالۆیدەکان جگە لە کاربۆن، هایدرۆجین و نایترۆجین دەکرێت گەردیلەکانی ئۆکسجین و گۆگردیشیان تێدابێت، هەروەها بەدەگمەن هەندێکیان گەردیلەکانی کلۆر، بڕۆم و فسفۆڕیان تێدایە. زۆرجاریش نایترۆجینەکان شێوەی ئەڵقەیان دەبێت وەکوو ئەلکالۆیدەکانی ئیندۆڵ، هەروەها ئەو ئاوێتە سروشتییانەی کە نایترۆجینەکە لە دەروەی ئەڵقەکەیاندا بوونی هەیە، وەکوو مێسکاڵین، سیرۆتۆنین و دۆپامین زیاتر بە ئەماین دادەنرێن نەک ئەلکالۆید، هەرچەندە زۆرێک لە زاناکان ئەلکالۆیدەکان وەک جۆرێکی تایبەت لە ئەماینەکان هەژمار دەکەن.

ئەلکالۆیدەکان تامێکی تاڵیان هەیە و لەشێوەی پووخت یان پەتییاندا ڕەقێکی بلووریی بێبۆن و بێڕەنگن و هەندێکجاریش دەکرێت شلێکی زەردباو بن. ئەلکالۆیدەکان هەر وەک تفتە نائەندامییەکان دەتوانن کارلێک لەگەڵ ترش بکەن و خوێ پێک بهێنن بەهۆی بوونی گەردیلەی نایترۆجین، هەر بۆیەش پێیان دەوترێت لەتفتچووەکان.

پۆلێنکردن 

پۆلێنکردنی ئەلکالۆیدەکان کارێکی زەحمەتە چونکە هەمۆجۆرییەکی زۆری پێکهاتەیان هەیە، بۆیەش چەند جۆرێکی پۆلێنکردن بە پشتبەتسن بە پێوەری جیاواز بوونیان هەیە. لە ئێستادا پۆلێنکردنە نوێیەکان پشت بە لەیەکچوونی پەیکەری کاربۆنیی ئەلکالۆیدە جیاوازەکان دەبەستن و لەسەر ئەم بنەمایە بۆ ١٣ پۆلی جیاواز پۆلێن دەکرێن.

پۆلێنە سەرەکییەکانی ئەلکالۆیدەکان، نموونەی باوی هەر پۆلێنێک و ئەو ڕووەکەی تێیدا هەیە لەگەڵ سوودەکانیان لەم خشتەیەدا خراونەتە ڕوو.

پۆل نموونەی ئەلکالۆید  سەرچاوەی ڕووەکی سوود
ئیمیدازۆڵەکان ئیفیدرین  ما هوانگ  هەناسەتەنگی
ئیندۆڵەکان یۆهیمبین یۆهیمبی ورووژێنەری سێکسی
ئایزۆکوینۆڵینەکان بێربێرین گۆڵدنسیڵ سکچوون
پایپریدین پایپریدین بیبەری ڕەش وریاکەرەوە
پایپریدینەکان لۆبیلین لۆبیلیا هەناسەتەنگی
پیورینەکان کافایین چا و قاوە وریاکەرەوە
پایریدینەکان نیکۆتین تۆباکۆ (تووتن) وریاکەرەوە
پایرۆلیدینەکان کۆکایین ڕووەکی کاکاو سڕکەر
پایرۆلیزیدینەکان سیمفیتاین کامفڕی  دابەشبوونی خانە
کوینۆڵۆنەکان کوینین سینکۆنا مەلاریا
کوینۆلیزیدینەکان لیپانین بڕووم هاندەری چالاکیی منداڵدان
ستیرۆیداڵەکان ڤێراترین ڤێراترەم بەرزەپەستانی خوێن
تێرپینۆیدەکان ئەکۆنیتین مۆنکشوود پەککەوتنی دڵ

شێوازی جیاکردنەوە

پووختەی ئەلکالۆیدەکان کە لە ڕووەکەوە وەردەگیران بەهۆی کاریگەرییە هەمەجۆرەکانیانەوە لە هەموو سەردەمەکاندا بەکارهێنراون، بەڵام خەڵک لە کۆندا شێوازی ڕاستەوخۆی جیاکردنەوەی ئاوێتە پووختەکانیان لە بەشەکانی ڕووەکەوە نەزانیوە.

ئەلکالۆیدەکان بەگشتی بە شێوەی گیراوەی ئاوی لە شانەکانی ڕووەکدا بوونیان هەیە، بۆیەش بەزۆری شێوازی پووختەکردن یان لێدەرهێنان (Extraction method) بۆ جیاکردنەوەیان لە ڕووەک بەکاردێت. زۆر شێوازی تایبەتی پووختەکردن پەرەیان پێ دراوە، کە دواتر هەر ئەلکالۆیدێک دەتوانرێت لە تێکەڵەکەی جیابکرێتەوە و بە شێوەیەکی پووخت بەردەست بێت، هەروەها بۆ ئەوەی شێوەی بلووریی ئەلکالۆید بەدەست بێت پێویستە توێنەری تایبەت بەکار بێت.

شوازێکی تری جیاکردنەوەی ئەلکالۆید بریتییە لە کرۆماتۆگرافی یان تۆماری پوختیی ڕەنگ (Chromatography) کە بریتییە لە دانانی چەند توێنەرێکی جیاواز لە سیستمێکدا لەسەر ماددەی ڕەقی جیاوازی وەکوو سلیکا یان ئەلومینا، بەهۆی جیاوازی لە ڕوومژینی ئەلکالۆیدەکان بۆ توێنەرەکان، دەکرێت جیابکرێنەوە و دیاری بکرێن. کرۆماتۆگرافیی چین-تەنکی جێبەجێکاری بەرز (HPTLC) و تەکنیکە هاوشێوەکانی لە شیکاری چەندێتیی کارامەی ئەلکالۆیدەکاندا بەکاردێن.

بەکارهێنان لە دەرمانزانی و پزیشکیدا

ئەلکالۆیدەکان تایبەتمەندیی هەمەجۆری پزیشکییان هەیە، زۆرێکیان تایبەتمەندیی سڕکەری ناوچەیییان هەیە، بەڵام بەکارهێنانە کرادرییەکەیان بۆ سوودی کلینیکی سنووردار کراون.

ئەو ئەلکالۆیدانەی وەکوو دەرمان بەکار دەهێنرێن زۆرن، چەند نموونەیەکیان بریتین لە:

  • مۆڕفین یەکێکە لە باوترین ئالکالۆیدەکان کە هەمیشە وەک چارەسەر بەکارهاتووە، مۆڕفین هۆشبەرێکی زۆر بەهێزە و وەک ئازارشکێن بەکاردێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئالوودەکەرە سوودەکانی سنووردار کراون. 
  • کۆدایین کە وەرگرتەیەکی مەسیل ئیسەرە لە مۆڕفیندا و لە ڕووەکی تلیاکدا بوونی هەیە، ئازارشکێنێکی زۆر نایابە کە بە گشتی ئالوودەکەر نییە.
  • هەندێک لە ئەلکالۆیدەکان وەک وەریاکەرەوە لە دڵ و سییەکاندا کار دەکەن، کوینیدین کە لە ڕووەکەکانی ڕەگەزی سینکۆنا (Cinchona) وەردەگیرێت بۆ چارەسەرکردنی ناڕێکیی لێدانی دڵ بەکار دێت و دەرمانی لۆبیلین کە لە ڕووەکی (Lobelia inflata) وەردەگیرێت بۆ چارەسەری سستیی هەناسەدان بەکاردێت.
  • کۆلچیسین ئەلکالۆیدێکە لە خێزانی لیلیاشیا (Liliaceae) کە وەک دەرمانی دەردە شاهانە (Gout) بەکاردێت. 
  • ئیرگۆنۆڤین لە کەڕووی (Claviceps purpurea) و ئیفیدرین لە ڕووەکی (Ephedra) وەک تەسککەری لوولەکانی خوێن بەکاردێن، ئیرگۆنۆڤین لە چارەسەری خوێنبەربوونی منداڵدان دوای منداڵبوون بەکار دێت و ئیفیدرینش لە چارەسەری سەرمابوون، هەوکردنی ئاڵووەکان، تای های (Hay fever) واتا هەستیاریی هەوکردنی لووت و هەناسەتەنگی (ڕەبۆ) بەکاردێت.
  • زۆرێک لە ئەلکالۆیدەکان تایبەتمەندیی سڕکەری ناوچەیییان هەیە. کۆکایین کە لە ڕووەکی (Erythroxylum coca) وەردەگیرێت سڕکەرێکی زۆر بەهێزە.
  • کیورار کە لە ڕووەکی (Chondrodendron tomentosum) وەردەگیرێت پێکهاتە چالاکەکەی بریتییە لە تیوبۆکیورارین و وەک ماسولکە خاوکەر لە نەشتەرکارییەکاندا بەکاردێت، هەروەها ماددەیەکی ژەهراویشە. 
  • هەردوو ئەلکالۆیدی ڤینکریستین و ڤینبلاستین لە ڕووەکی (Catharanthus roseus) وەک چارەسەری کیمیایی لە زۆر جۆری شێرپەنجدا بەکاردێن.

ئەلکالۆیدە نایاسایییەکان

ئەلکالۆیدەکان وەکوو وریاکەرەوە یان هاندەر (Stimulant alkaloids)

ئەلکالۆیدەکان دەمارە کۆئەندامی مرۆڤ وریادەکەنەوە یاخوود ڕاستەوخۆ کار لە مێشک دەکەن وەکوو نیکۆتین، کۆکایین و کافایین.

نیکۆتین کە لە ڕووەکی توتن (Nicotiana tabacum) وەردەگیرێت ئەلکالۆیدێکی بنچینەیی و ماددەیەکی ئالوودەکەرە کە لە کێشانی جگەرە، سیگار و سەبیلەکانی (پایپ) توتندا هەیە و لە هەندێک وڵاتدا بۆ هەموو تەمەنێک ڕێگەپێدراو نییە.

ئەلکالۆیدی وریاکەرەوەی کۆکایین دەرمانێکی ئالوودەکەرە بۆیەش بۆ بەکارهێنان وەکوو دەرمان گونجاو نییە. کاریگەریی ئەلکالۆیدی کۆکایین پێچەوانەی مۆڕفینە کە وەستێنەرە و دەمارە کۆئەندامی مرۆڤ کپ دەکات. کۆکایین حاڵەتی دڵخۆشی و جۆشوخڕۆشێکی زۆر بۆ مرۆڤ دروست دەکات کە پێی دەوتریت یوفۆڕیا (Euphoria)، بەڵام وەگرتنی ژەمێکی زۆر دەبێتە هۆی لەرینەوەی لێدانەکانی دڵ و مردن.

هەلوەسەپێکەرەکان

زۆربەی ئەلکالۆیدەکانی کۆمەڵەی ئیندۆڵ هەلوەسەپێکەرن. نموونەی هەلوەسەپێکەرەکان وەکوو مێسکاڵین لە ڕووەکی (Lophophora species) لەگەڵ سایلۆسایبن لە ڕووەکی (Psilocybe mexicana) کە بە بەکارهێنانیان کەسەکە هەلوەسە دەکات.

هەروەها هەندێک ماددەی نیمچەدەستکرد لە ئەلکالۆیدەکانەوە وەردەگیرێن و وەکوو ماددەی هۆشبەر بەکار دێن، بۆ نموونە هیرۆیین کە لە وەرگرتەی دەستکردی ئەلکالۆیدی مۆڕفین بەرهەم دێت هەستی یوفۆڕیا دروست دەکات، هەروەها LDS کە لە وەرگرتەی ترشی لایسێرجیک بەرهەم دێت و کاریگەریی هەلوەسەپێکەری هەیە.

ژەهرەکان

ئەلکالۆیدی کۆنایین پێکهاتەی چالاکی ژەهری هێملۆکە کە لە ڕووەکی (Conium maculatum) وەردەگیرێت و ستریکنینیش کە لە جۆری ڕووەکەکانی (Strychnos) وەردەگیرێت ژەهرێکی بەهێزە، هەروەها تیوبۆکیورارین کە لە ئەلکالۆیدی کیوراردا بوونی هەیە، ژەهرە. ئەلکالۆیدە ژەهرەکانی تر بریتین لە ئەترۆپین، سکۆپۆڵەماین، کۆلچیسین و چەندانی تر.

ئەلکالۆید لە خواردن و خواردنەوەکاندا

زۆرێک لە ئەلکالۆیدەکان لە خواردنەکانی مرۆڤدا بوونیان هەیە، باوترینیان کافایینە کە ئەلکالۆیدێکی کۆمەڵەی زانتینەکانە، کافایین سروشتێکی وریاکەرەوەی هەیە و بەزۆری لە چا، چۆکلێت و قاوەدا بوونی هەیە. هەروەها کافایین لە دەرمانە ئازارشێکنەکانیشدا بەکاردێت و ئەلکالۆیدێکی یاسایی و ڕێگەپێدراوە کە لە زۆرێک لە خواردنەوە گازییەکانی وەکو کۆکا-کۆلادا بوونی هەیە بە مەبەستی تامدارکردن و چالاککردن. هەندێک لەو ڕووەکانەی کە مرۆڤ دەیانخوات و ئەلکالۆیدیان تێدایە بریتین لە:

خواردن ئەلکالۆید
قاوە کافایین
کاکاو کافایین و تیۆبڕۆمین
چا کافایین و تیۆفیلین
تەماتە تۆماتین
پەتاتە سۆلانین

 


سەرچاوەکان

112 بینین