کوالا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-22:35:00 - کۆدی بابەت: 9266
کوالا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

کوالا یان ورچی کوالا (بە ئینگلیزی: Koala)، گیانەوەرێکی تورەگەداری کۆمەڵەی مەمکدارەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە ئوستوڕالیاوە و جێگەی ژیانکردنیشی چەند دارستانێکی جیاواز دەگرێتەوە، هەروەها بە یەکێک لە مەمکدارە تایبەتەکانی ئوستوڕالیا ناودەبرێت، ئەم گیانەوەرە نزیکەی ٨٠%ـی کاتەکانی لە خەوتن و پشووداندا بەسەر دەبات، ڕادەی خێراییەکەشی بە جۆرێکە کە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٣ کیلۆمەتر ببڕێت، شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە و ڕەوە دروستناکەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی تاکەکانی جێگیرە و لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نییە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی و لەدەستدانی نشینگەوە ژمارەیان کەمدەبێتەوە، کوالاکان گیانەوەری جێگیرن واتە کۆچەری نین، هەر تاکێکی مەودایەک بە لانە و ماڵی خۆی دەزانێت، نێرینە و مێینە هاوبەشی دەکەن لە مەوداکاندا، بەڵام کاتێک نێرینەیەکی تر دەچێتە ناوچەکەوە ئەوا بە توندی شەڕ دەکەن لە ڕێگەی گازگرتن و چنگ لێدانەوە.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی کوالا سەرێکی خڕ و گەورەیە لەگەڵ گوێچکەی بازنەیی ڕەنگ کاڵ، جەستەی بە فەرووی چڕ داپۆشراوە و ڕەنگەکەی دەکرێت ڕەساسی، ڕەش، سپی یاخود قاوەیی نزیک ڕەساسی بێت، قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە، کێشی لە نێوان ٤-١٥ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٦٠-٨٥ سانتیمەتردا دەبێت، کوالا لە دەرەوەی جەستەیدا کلکی نییە و جێگەکەی فەروویەکی نەرم و سافە بەڵام لە ئێسکە پەیکەریدا و لە ناوەوەدا جێگەی کلکی هەیە، لووتی ڕەشە و چنگەکانی تیژن پەلەکانیشی کورت و بەهێزن کە ئەم تایبەتمەندییانە هاوکاری دەکەن لە مانەوە لەسەر درەختەکان، لەهەمان کاتدا هاوکاریشی دەکەن لە بازدانی بەرز، کە کوالاکان بۆ پەڕینەوە لە درەختێکەوە بۆ درەختێکی تر بە سوود وەرگرتن لە بەهێزی قاچەکانیان بازدەدەن.

خۆراک

کوالا گیانەوەرێکی گیاخۆرە و خۆراکی سەرەکیشی بریتییە لە گەڵاکانی درەختی کینا، هەرچەندە ئەم درەختە جۆری زۆری هەیە بەڵام ئەوانەی کە کوالا دەیخوات دەکرێت ژەهراویبن، لەکاتێکدا زۆرینەی ڕووەکخۆرەکانی تر گەڵای ئەم درەختە ناخۆن بەڵام کوالاکان لە ڕێگەی جگەریانەوە ژەهرەکەی خاوێن دەکەنەوە و دەیخۆن، هەروەها لەبەر ئەوەی ژەمە خۆراکییەکانی ماددەی پڕ لە پڕۆتین نین و ڕیشاڵی زۆری تێدایە بۆیە شێوازی ژیانکردنێکی تەمەڵانەی هەیە و چالاک نییە، بۆ ئەوەی بڕێکی کەمی وزە بەکاربێنێت، جگە لە ئەمانەش کوالا ئاوی کەم دەخواتەوە کە زۆرینەی لە کاتی خواردنی گەڵاکانەوە بەدەستدەهێنێت، هەروەها کوالا دەبێت بە نێچیری ژمارەیەکی زۆر کەمی گیانەوەرەکان و ڕاوچی و ڕاوکەری زۆری نییە لە نشینگەکەیدا، نموونەی ڕاوکەرەکانیشی بریتین لە باڵندە ڕاوکەرەکان و مرۆڤەکان، هەروەها بێچووەکانیش دەبنە نێچیری هەردوو مارەکان و سەگەکان، کە هەندێک سەگ هەیە بە تایبەتی ڕاوی کوالاکان دەکات، ئەم جۆرانە دەبنە هۆی نەخۆشخستنیان، کە لە کاتی گازگرتن و ڕاوکردندا بەکتریای زیانبەخشیان بۆ دەگوازنەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

تاکەکانی کوالا لە تەمەنی دوو ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، بەڵام زۆرینەی جارەکان یەکگرتنەکە سەرکەوتوو نابێت هەتا نێرینەکە تەمەنی نەگات بە ٤-٥ ساڵ، لە وەرزی زۆربووندا نێرینەکان بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن بۆ بانگکردنی مێینەکان و لەهەمان کاتدا دوورخستنەوەی هەر نێرینەیەک کە ئەگەری هەبێت لە ناوچەکەدا بێت، ئەو نێرینەیەی کە زۆرترین توانای جڵەوکردنی هەبێت دەرفەتی دەبێت بۆ یەکگرتن لەگەڵ زۆرترین ژمارەی مێینە، پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە نزیکەی ٣٥ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر بێچووی بچووک لەدایکدەبێت کە زۆر قەبارە بچووک و پێنەگەیشتووە، راستەوخۆ دەچێتە تورەگەی سەر سکی دایکەکە و بە یەکێک لە گۆی مەمکەکانەوە بەند دەبێت، هەتاکوو لە شیر دەبڕدرێتەوە گەشەیەکی باش دەکات، بێچووەکان لە نێوان تەمەنی ٦-٧ مانگیدا لە شیر دەبڕدرێنەوە، پاشان بۆ ماوەی چەند مانگێکی تر یاخود هەتا وەرزی زۆربوونی داهاتوو لەسەر پشتی دایکی دەبێت، لە  هەر جارێکی سکپڕیدا مێینەکە تەنها یەک بێچووی دەبێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی کوالا لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت.  


سەرچاوەکان



1744 بینین