ئاسکی ڕەنە  

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-22:40:00 - کۆدی بابەت: 9268
ئاسکی ڕەنە  

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسکی ڕەنە (بە ئینگلیزی: Reindeer)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە، هەندێکجار پێی دەوترێت ئاسکی کاریبو کە ناوی جێگەکەیەکی ئەمریکایە، بۆ نموونە خەڵکی ئەمریکا بە ڕەنەیەک کە ماڵی بکەن هەر دەڵێن ڕەنە بەڵام بە دانەیەک کە لە سروشتدا بێت دەڵێن کاریبو، نشینگەی ئەم جۆرە ئاسکە دەکەوێتە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکای باکوور، شوێنی ژیانکردنیشی دەکەوێتە دارستانەکانەوە لە نزیک جەمسەری باکووری زەوی، واتە لە جێگە ساردەکاندا دەژی و بەتایبەتیش لە تەندرا، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان پێکەوەیە واتە لە کۆمەڵە و ڕەوەدا دەژین، زۆرینەی ڕەوەکانیش لە ١٠ ئەندام پێکهاتووە، لە دۆخی ئاساییدا ئاسکی ڕەنە گیانەوەرێکی هێمن و ئارامە بەڵام کاتێک یەکێک لە تاکەکانی ڕەوەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە ئەوا شەڕانگێز دەبن و نزیکبوونەوە لێیان دەکرێت مەترسیداربێت، هەروەها ئەم جۆرە ئاسکە گیانەوەرێکی خێرایە کە لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٨٠ کیلۆمەتر ببڕێت، خەڵکی ناوچەکانی جەمسەری باکووری زەوی ڕاویدەکەن و سوود دەبینن لە گۆشتەکەی یاخود فەرووەکەی بۆ دروستکردنی جلوبەرگ، جگە لە ئەمانەش هەندێکیان وەک هۆکاری گواستنەوە بەکاریدەهێنن، ئاسکی ڕەنە لە زۆرینەی وڵاتەکاندا بەوە بەناوبانگە کە گالیسکەی سانتا ڕادەکێشیت لە سەری ساڵدا و دەیگوازێتەوە، واتە بە گوێرەی بۆچوونەکە ڕەنە توانای فڕینی هەیە، ئەم چیرۆکە ئەفسانەییەش بووە بە جێگەی سەرنجی منداڵ و گەورەکان بۆ ئەم جۆرە ئاسکە و دەیناسنەوە. 

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئاسکی ڕەنە بە فەروویەکی ئەستوور داپۆشراوە کە لە نێوان مووەکانیدا بۆشایی هەیە و دەتوانێت هەوا کۆبکاتەوە، ئەو هەوایەی کۆگادەکرێت جەستەی ئاسکەکە گەرمدەکات و پلەی گەرمی جەستەشی جێگیر دەکات، لە ئەنجامدا لە سەرمای جەمسەری باکوور دەیپارێزێت، یاخود لە کاتی کۆچکردندا هاوکاری دەکات کە بەئاسانی لە ڕووبارەکاندا سەرئاوبکەوێت، ڕەنگی فەرووەکەی دەکرێت قاوەیی، ڕەساسی، سپی یاخود ڕەنگە کاڵەکانی وەک بێجی بێت و نیشانە و پەڵەی سپیشی هەیە لە ناوچەکانی مل و سنگ و سکیدا، ئەم جۆرە ئاسکە قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی لە نێوان ٦٠-٣٢٠ کیلۆگرام دەبێت درێژییەکەشی دەکرێت بگاتە ١٨٠ سانتیمەتر، قەبارەی نێرینەکانیش گەورەترە بەبەراورد بە مێینەکان، هەروەها ئاسکی ڕەنە بە یەکێک لە گەورەترین جۆری ئاسکەکان ناودەبرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ناو بەفر و جێگەی سارددا دەژی بەڵام بەهۆی لووتییەوە دەتوانێت ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژێت گەرمیبکاتەوە پێش ئەوەی بچێتە سییەکانییەوە، ئەم جۆرە ئاسکە کاوێژکەرە و گەدەی لە چوار بەش پێکهاتووە، کە هەر بەشێکی فرمانی هەرسکردنی جیاوازی هەیە، سمی بە جۆرێکە کە بە گوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە زستاندا گەورە و ئەستوور و ڕەقە بەهۆیەوە بەئاسانی بەسەر بەفر و سەهۆڵدا دەجووڵێت، بەڵام لە هاویندا نەرمترە کە هاوکاری دەکات لە مەلەکردن و جووڵەکردن لە ناو ئاودا، هەردوو نێرینە و مێینەکان شاخی گەورە و درێژیان هەیە بەڵام قەبارەی ئەوەی نێرینەکان دوو هێندەی شاخی مێینەکان دەبێت.  

خۆراک

هاوشێوەی زۆرینەی ئاسکەکان ئاسکی ڕەنەش ڕووەکخۆرە و ژەمە خۆراکییەکانیشی بریتین لە گژوگیا و توو لەگەڵ کەتان و قارچک، لە وەرزی زستانیشدا کاتێک گژوگیا بە سەختی دەستدەکەوێت ئەوا بە پشتبەستن بە هەستی بۆنکردنی پەرەسەندوی جێگەی ئەشەنەکان دەدۆزێتەوە، پاشان بەهۆی سمە بەهێزەکانیانەوە بەفر و سەهۆڵەکان دەشکێنن و خۆراکیان بەدەستدەهێنن، مێینەکانیش تاکە مێینەن لە هەموو جۆرە ئاسکەکاندا کە شاخیان هەیە، شاخەکان هاوکارییان دەکەن لە هەڵکۆڵین و شکاندنی بەفر و سەهۆڵەکان بۆ دۆزینەوەی خۆراک، هەر تاکێکی ئەم جۆرە ئاسکە ڕۆژانە ٤-٨ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، لەبەر ئەوەی قەبارەی گەورەیە بە ئاسانی نابێتە نێچیری هەموو گیانەوەرێک بەڵام ورچ و گورگەکان دوو سەرەکیترین ڕاوچییەکانیانن، بێچووەکانیش نێچیرێکی سەرەکین بۆ هەڵۆی ئاڵتوونی، یەکێکی تر لە ڕاوچییەکان مرۆڤەکانن کە بە چەندین مەبەستی جیاواز ڕاویاندەکەن، ئاسکی ڕەنە تاکە گیانەوەری کۆمەڵەی مەمکدارەکانە کە دەتوانێت ڕووناکی سەروو وەنەوشەیی ببینێت، ئەم تایبەتمەندییە هاوکاری دەکات لە بینین و ناسینەوەی ئەو ڕاوچییانەی کە فەرووی سپییان هەیە و لە ناو بەفردا خۆیان حەشارداوە.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوونی ئاسکی ڕەنە لە سەرەتای پایزدا دەبێت کە پێی دەوترێت بەرەبەیانی پایز، هەر نێرینەیەک ٥-١٥ مێێنەی ناو ڕەوەکە هەڵدەبژێرێت، پاش یەکگرتن ماوەی سکپپڕی مێینەکان ٢٢٨-٢٣٤ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر کە کاتی لەدایکبوونی بێچووەکان دێت ئاسکە مێینەکان لە وەرزی بەهاردا پێکەوە دەچنە جێگەیەکی دیاریکراو و پێکەوە بێچووەکانیان دەبێت، بەگشتی ساڵانە مێینەکان تەنها یەک بێچوویان دەبێت بەڵام لە هەندێک دۆخی دەگمەندا دەکرێت دووانەیان ببێت، لە هەفتەی یەکەمدا بێچووەکان شیریان پێدەدرێت لە لایەن دایکیانەوە دواتر دەتوانن خواردنەکانی تریش بخۆن، دوای دوو هەفتە کێشی بێچووەکان دەبێتە دوو هێندەی کێشی کاتی لەدایکبوونیان، پاش تێپەڕبوونی شەش هەفتە بێچووەکان لە شیر دەبڕدرێنەوە، بەڵام بە درێژایی ساڵێک لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئاسکی ڕەنە لە نێوان ١٢-١٥ ساڵ دەبێت، بەڵام ئەو جۆرانەی کە ماڵین تەمەنیان کورتترە چونکە ماڵییەکان بەئاسانی تووشی نەخۆشی دەبن.

جۆرە سەرەکییەکانی

رەنە جۆرێکی ئاسکە و شەش لقی جۆری جیاوازی هەیە، کە بریتین لە ئەمانە:

  • ئاسکی ڕەنەی سڤالبارد: لە ناوچەی سڤالباردی نەرویج بوونی هەیە و بچووکترین جۆرە.
  • ئاسکی ڕەنەی دارستانی فینلەندا: جۆرێکی دەگمەنە و بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.
  • ئاسکی ڕەنەی دارستانی بۆریال: هەروەها پێشی دەوترێت ئاسکی ڕەنەی دارستان، لە ناوچەی دارستانەکانی کەنەدا و ئەمریکای باکوور دەژی.
  • ئاسکی ڕەنەی زەوییە وشکەکان: لە زەوییەکانی کەنەدادا دەژی، هەندێکیشیان دەکرێت لە ناوچەی لەوەڕگاکاندا ببینرێن.
  • ئاسکی ڕەنەی تەندرای ئۆراسیا: یاخود پێی دەوترێت ئاسکی ڕەنەی شاخەکان، زۆرینەی ئەندامەکانی لە نەرویج دەژین لەگەڵ ڕۆژئاوای ئیسکەندەنافیا.
  • ئاسکی ڕەنەی پیری: بچووکترین ئاسکی ڕەنەی ئەمریکای باکوورە کە لە ناوچەکانی دوورگەی جەمسەری باکوور و زەوییەکانی کەنەدا دەژی.


سەرچاوەکان



546 بینین