زرنگانەوەی گوێ

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-03-23:34:00 - کۆدی بابەت: 9269
زرنگانەوەی گوێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زرنگانەوەی گوێ (بە ئینگلیزی: Tinnitusحاڵەتی بیستنی دەنگێکە لە گوێییەکانی مرۆڤ لە کاتێکدا هیچ دەنگێکی دەرەکی بوونی نییە، زرنگانەوەی گوێ نەخۆشی نییە بەڵکوو نیشانەی نەخۆشییە، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە زیاتر گوێبیستی فیکە و هاڕە هاڕ و گیزە گیز و خشەخش دەبن لە گوێیەکانیان، هەندێک کەسیش گوێبیستی ئاواز و گۆرانی دەبن، هەروەها توانای بیستنی دەنگە دەرەکییەکان کەم دەبێتەوە و زیاتر هەستیاربوون بەرامبەر دەنگەکانی چواردەوەر ڕوودەدات. 

هۆکارەکان

لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زرنگانەوەی گوێ دروست ببێت یانیش لەناکاو ڕووبدات، بەتەواوی هۆکارەکەی ڕوون نییە، بەڵام پەیوەندی بە لەدەستدانی توانای بیستنەوە هەیە، ئەم بارودۆخانە دەشێت ببنە هۆی زرنگانەوەی گوێ: 
 • لەدەستدانی توانای بیستن بەهۆی چوونە تەمەنەوە 
 • زیانکەوتن بە گوێی ناوەوە کە بەهۆی بیستنی دەنگی بەرز بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕوودەدات
 • کەڵەکەبوونی مۆمی ناو گوێیەکان
 • هەوکردنی گوێیەکان
 • هەوکردنی گوێی ناوەڕاست
 • سەرگێژخواردن
 • دروستبوونی ئێسکی زیادە لە گوێدا
 • باش کارنەکردنی جۆگەی ئۆستاکی
 • ڕەقبوونی بەشەکانی گوێ
 • ژەهراویبوون بە جیوە یان قوڕقوشم
 • ئەو دەرمانانەی ژەهراوین بۆ گوێ و بەشەکانی
 • ئەو نەخۆشییە دەمارییانەی کاردەکەنە سەر بیستن
 • ئازارگەشتن بە کەللەی سەر
 • کەمی ڤیتامین B12
 • کەمی ئاسن
 • تووشبوون بە کۆرۆنا

سەرەڕای ئەمانەش 30% ئەو کەسانەی کە زرنگانەوەی گوێییەکانیان هەیە هیچ کێشەی گوێیەکان و بیستنیان نییە، بەڵام تاکە نیشانە کە تێیاندا دەردەکەوێت و بێزاریان دەکات بیستنی زڕەی گوێیە.

ئایا زرنگانەوەی گوێ مەترسیدارە؟

زرنگانەوە نیشانەیەکی مەترسیدارە، لەوانەیە دەرئەنجامی نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت لە گوێیەکان، کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە هەیە بە شێوەیەک کەسەکان دووچاری پەستانی دەروونی و کەمبوونەوەی سەرنج و بێخەوی و خەمۆکی دەکات، لە هەندێک حاڵەتەکان زرنگانەوە بە تێپەڕبوونی کات چاک دەبێتەوە بەتەواوی زرنگانەوەکە نامێنێت یان جەستە ڕادێت لەگەڵیدا، بەڵام زۆر گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت لەکاتی هەبوونی هەوکردن و ئازار و کەڵەکەبوونی مۆمی گوێ و لەدەستدانی بیستن، هەروەها چارەسەرکردنی حاڵەتەکە لەپێناو پاراستن و لەدەستنەدانی بیستن بۆ هەمیشە.

پشکنین و دیاریکردن 

پشکنینی گوێیەکان بە بەکارهێنانی هێڵکاری دەنگ و پشکنینی بیستنی ئاوازی پوخت، هەندێک لە پشکنینەکان بۆ سەر و کۆئەندامی دەماری نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت، هەروەها پشکنینی بۆ بوونی هەر هەوکردنێک لە بەشەکانی گوێ ئەنجام دەدرێت کە بەهۆی بوونی زیندەوەرە وردبینەکانەوە ڕوو دەدات.

چارەسەرکردن

لە ئێستادا چارەسەرێکی ڕاستەوخۆی نییە بۆ زرنگانەوەی گوێ کار لە هەموو کەسەکان بکات و چارەسەریان بکات، چارەسەرەکان بەپێی هۆکاری نەخۆشییەکە ئەنجام دەدرێت، ئەگەر مۆم لە گوێ کەڵەکە بووبێت لابردنی مۆمە زیادەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چاکبوون، ئەگەر هۆکارەکە نەدۆزرایەوە چارەسەرکردنەکان لە ڕێگەی ڕێکخستنی چارەسەری ڕۆژانە دەبێت وەک: 
 • چارەسەری دەنگی: بیستنی دەنگی مامناوەند ڕۆژانە بۆ کەمکردنەوەی بیستنی زڕە لە گوێیەکان.
 • ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕ بۆ شارەزابوون لە حاڵەتەکە و وەرگرتنی زانیاری پێویست و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵی.
 • هەوڵدانی گۆڕینی بیروڕاکان دەربارەی حاڵەتەکە بۆ کەمبوونەوەی پەستانی دەروونی و کەمتر هەستپێکردنی ئەو دەنگانە یارمەتیدەر دەبێت. 
 • چارەسەری وەڵامدانەوەی مێشک بۆ زرنگانەوە کە هاوکارە لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە زرنگانەوە لە گوێیەکان.

خۆپاراستن

بیستنی دەنگی بەرز بۆ ماوەیەکی درێژخایەن باوترین هۆکاری دروستبوونی زرنگانەوەیە لە گوێیەکاندا، بۆ خۆپاراستن لەم حاڵەتە پێویست بە دوورکەوتنەوە دەکات لە دەنگی زۆر بەرز و بەکارهێنانی بیستۆک بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە وەک ژەهر کاردەکەنە سەر بیستن، گرنگە پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک ئاگاداری و مەترسییەکانی خواردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە بزانرێت.


سەرچاوەکان



1316 بینین