ئەمنە سوورەکە

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-04-23:23:00 - کۆدی بابەت: 9281
ئەمنە سوورەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەمنە سوورەکە (بە عەرەبی: الأمن الأحمر، آمنة سوراکا، بە ئینگلیزی: ‎Amna Suraka) مۆزەخانەیەکە لە شاری سلێمانی، پێش ئەوەی مۆزەخانەیەک بێت بینای کۆلێژی کشتوکاڵ بوو پاشان بوو بە زیندان و جێی ئەشکەنجەدان لەلایەن ڕژێمی بەعسی پێشووی عێراق. لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی سلێمانی زیندانەکە گیرا.

زیندان

لە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٩١ لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە عێراق ئەمنە سوورەکە بارەگای باکووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی دەزگای ھەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە بە شێوەیەکی ھاوبەشی بە ئەمن ناو دەبرا. دیزاینی ئەم باڵەخانەیە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی ئەوکات ئامادە کراوە، بۆ دروستکردنیشی بە سێ قۆناغ کاری تێدا کراوە، ساڵی ١٩٨٥ کاری بیناسازییەکەی تەواو بووە و بە شێوازێکی فەرمی بۆ کاری لێکۆڵینەوەی سیاسی و وەک گرتووخانە بەکارهاتووە.

کاربەدەستانی ئەو کات هەر لە سەرەتاوە ئەم باڵەخانەیان بۆ مەرامی سیاسی و بیرۆکەی ئەمنی و زیندانی سیاسی بەکارهێناوە، هەر بەو هۆکارە هەموو پێداویستییە تایبەتییەکانی نیشتەجێبوونی کارمەندەکانیان لەناو خودی بیناکە دابین کردووە، وەک دروستکردنی چەندین خانوو و شوێنی مانەوە و ژیان بۆ کارمەندەکان، تەنانەت لێدانی بیری تایبەتیی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی بیناکە.

خەڵکێکی زۆر لەوێ بەندکراون بەتایبەتی قوتابی و ناشناڵیستە کوردەکان و ناڕازییەکانی تر. زۆر کەس ئەشکەنجەدراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر. لە شەڕی سلێمانی ساڵی ١٩٩١ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەربازەکان کشانەوە بۆ بارەگای ئەمن کە وەک سەنگەری بەعس لە شارەکەدا خزمەتی دەکرد و نزیکەی دوو ڕۆژ تا ئەو کاتەی لە حەوتی ئازار لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی سلێمانی زیندانەکە لەدوای دوو سەعات پەلاماردان گیرا. چەکداران بەخێرایی ٣٠٠ ئەمینداریان لە سێدارەدا، لەگەڵ کوشتنی خەڵکێکی زۆری مەدەنی تر. گرووپێکی دایکان کە کوڕەکانیان لەناو شەڕەکەدا کوژرا بوون بەردباران کران و ٢١ عێراقی کوژران. لە کۆی گشتیی نێوان ٧٠٠ تا ٨٠٠ پۆلیس و سەربازی نھێنیی کوژران. بیناکە چەندین شوێنەواری گوللەی ئەو شەڕەی ھەیە کە ڕوویداوە.

مۆزەخانە

پاش گرتنی ئەمنە سوورەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کوردە ئاوارەکانی کەرکووکی تێدا نیشتەجێ بوون، بەڵام دواتر ئامادەکاریی پێویستی بۆ کرا و باڵەخانەکە چۆڵ کرا و لە ساڵی ٢٠٠٣ کرا بە مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ، بەناوی (مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە) بووە بەڵگەنامەی مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی سەدام حسێن. مۆزەخانەکە شەش ڕۆژ لە ھەفتەیەکدا کراوەیە، ئامادەبوون تێیدا بێبەرانبەرە. نمایشەکانی مۆزەخانەکە بریتین لەوەی چۆن خەڵک لە زیندان ئەشکەنجەدراون و لەگەڵ یادکردنەوەی ١٨٢ ھەزار کورد لە ھەڵمەتی ئەنفالی جینۆسایددا کوژراون، لەگەڵ پیشاندانی گوندەکانی کورد کە لە کاتی ھەڵمەتەکەدا خاپوورکران. ھەروەھا پێشانگایەکی تر ھەیە لەسەر ئەنفال و وێنەی لاشەی ھەڵواسراو و ناوی ئەو کوردانەی کە کوژراون یان بێ سەر و شوێن بوون پێشانگایەکی دواتر لەسەر کوژراوانی پێشمەرگە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە. لە مۆزەخانەدا مێژووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە گێڕانەوەیەکی کوردایەتیی بەکارھاتووە.

بەشەکانی ئەمنە سوورەکە

ئەمنە سوورەکە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکهاتووە، هەر بەشێک تایبەت کراوە بە پیشاندانی مێژوو و ڕابردووی گەلی کورد، بەتایبەت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا. بە شێوەیەکی گشتی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە بەسەر دوو بەشی سەرەکییدا دابەش دەبێت، بەشی یەکەم کە مۆزەخانەکانن، بەشی دووەم تایبەتە بە کار و چالاکییەکان ئەمانیش دابەشبوون بەسەر:

بەشی ئاوێنەکان

لە بەشە گرنگ و تایبەتەکانی ئەم مۆزەخانەیە، هۆڵی ئاوێنەکانە، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ژووری ئەفسەرەکانی ئەمن بووە و ئێستا بە شێوازێکی تایبەت وەک ئەشکەوت دروست کراوەتەوە و دیوارەکانی بە ١٨٢،٠٠٠ پارچە ئاوێنە ڕووپۆش کراوە.

ئەم دیوار و پارچە ئاوێنانەش نیشانە و ئاماژەن بۆ ژمارەی قوربانیانی تاوانی ئەنفال کە ١٨٢ هەزار قوربانین. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم پارچە ئاوێنانەش ئاماژەن بۆ پاکی و بێتاوانیی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون.

هەروەها لە بنمیچی ئەم هۆڵە نزیکەی ٤٥٠٠ گڵۆپی ورد و بچووک بەکارهاتوون، ئەمەش وەک ئاماژە و نیشانەیەک بۆ ژمارەی ئەو گوندانەی لە کاتی ئەنفالدا وێران و خاپوورکراون. شێوازی دروستکردنی ئەم بەشە لەسەر شێوەی ئەشکەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ڕووخان و وێرانکردنی گوندەکان لەلایەن بەعسەوە، پێشمەرگەکان پەنایان بۆ ئەشکەوتەکان بردووە بۆ خۆ حەشاردان و بەردەوامبوون لە خەباتیان دژی ڕژێم.

بەشی کولتووری

ئەم بەشە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، کۆمەڵێک کەرەستەی ناوماڵ و فەرش و ڕاخەری کوردی و چەندین جۆر جلوبەرگی تایبەت بە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی تێدایە، هەروەها زۆربەی جۆرەکانی کڵاوی کوردی و چەندین جۆر تفەنگ و فیشەک و فیشەکدانی تێدایە، بەتایبەتی ئەو چەکانەی کە لە سەردەمی شێخ مەحموودی نەمر و شۆڕشەکانی گەلی کورددا وەک شۆڕشی ئەیلوول بەکارهاتوون و خراونەتەوە بەر دیدی بینەر و سەردانکەران.

سەردانکەران لەم بەشە بینەری کۆمەڵێک کەلوپەلی کوردی دەبن کە هەمووی کاری دەستی و هونەری کوردییە، بەتایبەتی ئەو کەلوپەلانەی لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بەکارهاتوون.

ئەم بەشە بەم ئامانجە کراوەتەوە کە بەڵگەیەک بێت بۆ سەلماندنی مێژوو و کولتووری ڕەسەنی کورد، چونکە بێجگە لە کوشتار و لەناوبردنی کورد، ڕژێمی پێشووی بەعس یەکێک لە ئامانجەکانی لەناوبردن و سڕینەوەی مێژوو و کولتووری کوردی بووە.

بەشی زیندانەکان

گرنگترین بەشی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە بەشی زیندانەکانە، کە لە ساڵی ١٩٨٧ بە شێوەیەکی نهێنی دروست کراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی یەکەم لە دوو هۆڵی پیاوان یەکێک لە هۆڵەکان تایبەت بووە بە مێردمنداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و پێنج ژووری زیندانی تاکەکەسی و دوو هۆڵی تایبەت بە زیندانیانی ئافرەتی لێیە. هەر لەم نهۆمە لە بەشی زیندان سێ ژوور تایبەت کراوە بە ئەشکەنجەدان، کە دوو ژووری تایبەتە بە جۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بۆ زیندانییەکان و ژوورێکیش بەناوی ژووری هەڵواسین، کە تایبەت بووە بۆ هەڵواسین و کارەبا لێدانی زیندانییان پێش لێکۆڵینەوە، ئەمەش بە مەبەستی ترسان و تۆقاندنیان بووە تا زۆرترین زانیاریان لێ وەربگرن.

نهۆمی دووەمی ئەم بەشە لە سێ هۆڵی بچووک و هەشت ژووری تاکەکەسی پێکهاتووە، کە وەک شوێنێک بووە بۆ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیندانییەکان، پاشان بەندکراوەکان بۆ جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی گرتووخانەکانی تری عێراق دەکران.

بەشی کۆڕەو

بەشی چوارەمی ئەمنە سوورەکە بۆ پێشانگایەکی هەمیشەیی لەبارەی کۆڕەوە مەزنەکە تەرخان کراوە، کە لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و دوای هەوڵی گەڕانەوە و داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعس، خەڵکی کوردستان بە مەبەستی ڕەتکردنەوەی ئەم ڕژێمە بەرەو سنوورەکان ڕۆیشتن، ڕێژەی کۆچڕەوان ئەو کات بە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مەزەندە دەکران.

ئەم پێشانگایە لە کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی ئەو سەردەمە پێکهاتووە کە خەڵک بەرەو سنوورەکان دەچوون و چەندین وێنە و ڤیدیۆش ژیانی ئاوارەیی خەڵک نیشان دەدەن.

بەشی مین و تەقەمەنی

ئەم بەشە تایبەت کراوە بۆ پیشاندان و خستنەڕووی ئەو جۆرە مین و تەقەمەنی و گوللە تۆپ و هاوەنانەی کە بە بیانووی جەنگی ئێران و عێراق لە کوردستان چێندراون، زۆربەی مین و تەقەمەنییەکانیش بەتایبەت لەو شوێنانە دانراون کە پێشمەرگەی لێ بووە، مەرامیشیان ئەوە بووە پێش بە هێزی پێشمەرگە بگرن و دێهاتەکانی کوردستان وێران بکەن.

بەشێکی تر بۆ مێژووی ئەنفال

بۆ نیشاندانی گەورەیی کارەساتی ئەنفال، بەڕێوەبەرانی ئەم مۆزەخانەیە هۆڵێکی تایبەتی تریان دروست کردووە، لەوێ بە دوور و درێژی نەخشە و پلانی هەموو شاڵاوەکانی تێدایە. ئەو پلان و نەخشەیەی کە بەعس بۆ خۆی دایڕشتووە بە مەبەستی جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد، ئەمەش بە شەش قۆناغ و لە هەشت ناوچەی دیاریکراوی کوردستان جێبەجێ کراوە. ئەمە و هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو زانیاری و ئامارانەی کە لەم بارەیەوە کۆ کراونەتەوە و بەردەست کەوتوون.

لەم هۆڵەدا چەندین وێنەی شەهیدانی ئەنفال و بەشێک لە ناوی ئەو کەسانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتوون دانراون، هەروەها کۆمەڵێک کەلوپەلی دۆزراوەی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەگەڵ وێنەی بکەرەکانی ئەم کارەساتە وەک سەرانی بەعس و کۆمەڵێک پێناسە و ناساندن لەسەر وشە و زاراوەی ئەنفال دانراون.

سەقفی ئەم هۆڵە بە ڕەنگی شین و چەند ئەستێرەیەک داپۆشراوە، ئەمەش وەک هێما و ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی ئەنفال کران و برانە بیابان و دەشتە دوورەکان کە لەوێ بێجگە لە ئاسمان و ئەستێرە هیچ ترووسکایی و هیوای ژیانیان لێ دیار نەبووە.

مۆزەخانەی پێشمەرگە

مۆزەخانەی پێشمەرگە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، لەم بەشەدا هەوڵ دراوە ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی پێشمەرگە بەگشتی و بەتایبەت پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ بە ئافرەت و پیاوەوە لە هەموو بوارەکانی شۆڕش وەک ڕێکخستن و زیندانییە سیاسییەکان و ژیانی پێشمەرگایەتی لە شاخ  بەرز ڕابگیرێت و نیشانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بدرێت. هەر لەم مۆزەخانەیە کۆمەڵێک کەرەستەی شەڕ کە لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەکارهاتوون کۆ کراونەتەوە و دانراون، هەروەها لیستێک لە ناوی پێشمەرگە شەهیدەکانی کوردستان لەوێ هەیە، لەگەڵ چەندین پەیکەری شەهیدان دانراون، لە هەمان کاتدا لەم بەشە قارەمانێتی و بەرخۆدانی پێشمەرگە بە شێوازی دۆکێومێنتاری و فیلم نیشان دەدرێت.

مۆزەخانەی خۆڕاگری

لە پشتی باڵەخانەی زیندانەکان، بەشێک هەبووە وەک بەشی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی زیندانەکان بەکارهاتووە، ئێستا کراوە بە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ناوی مۆزەخانەی خۆڕاگری، ئەم مۆزەخانەیە لە چوار ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە، کە بە شێوازێکی گشتی تایبەتە بە زیندانەکانی سیاسی بۆ پیشاندانی هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر پێشمەرگە و کادیرە حیزبییەکان و کەسانی نیشتمانپەروەری کورددا هاتووە، لەوێ کۆمەڵێک بەڵگە لە سەردەمی ڕاپەڕین کە لەلایەن بەعسەکانەوە بەجێ ماوە و دەست کورد کەوتووە، وەک ناوی زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی لەسێدارەدراو،  دەخرێتە بەر دیدی سەردانکەران.

 یەکێکی تر لە بابەتە نمایش کراوەکانی ئەم بەشە، بریتییە لە کۆمەڵێک وێنە و جۆراوجۆر لەبارەی زیندانییە خۆڕاگرەکانی ناو ئەمنە سوورەکە، لەگەڵ چەندین نامە و دەستنووسی زیندانییەکان کە بۆ کەسوکاریان نووسیویانە.

 هەروەها پیشاندانی چەندان بەڵگە لەسەر ئەو مێردمنداڵانەی بە ئەنقەست تەمەنیان گەورە کراوە بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێن. بەشێکی تر لە وێنەکان تایبەت کراون بەو گەنجانەی بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە دەستگیر دەکران و دواتر لەناو شار و لە پێش چاوی خەڵک گوللەباران دەکران.

 کۆمەڵێک وێنە لەوێ دانراون وەکوو وێنەی ماڵ و خانووی ئەو پێشمەرگانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتە دەڕووخێنران، یان وێنە و خزم و کەسوکاری پێشمەرگەکان لە کاتی سەردانیان بۆ لای زیندانییەکان.

هەروەها ژمارەیەک کەلوپەل و کاری زیندانییە خۆڕاگرەکان، بەتایبەت ئەو کارە دەستییانەی کە لە ماوەی زیندانیبوونیان دروستیان کردووە.

پەتێکی سێدارە کە هی زیندانی ئەبووغرێب و لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشدار بوون لە پرۆسەی ئازادیی عێراق، لە زیندانی ئەبووغرێب لەگەڵ خۆیان هێناویانەتە کوردستان و پێشکەشی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکەیان کردووە، لەوێ دانراوە.

هەروەها کۆمەڵێک لەو چەمک و زاراوانەی بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک لە سەردەمی بەعسدا بەکارهاتوون، لەوێ نووسراونەتەوە، نموونەی ئەمانەش وەک: ئەمنە سوورەکە، ئەمنەکە، تەوارییەکە، سەیتەرە، سارداو، پەنجەمۆر، جلی رەش، پۆستاڵ، عەلی کیمیاوی، ئینزار، بەرازیلییە سوورەکە، فیرار، تەعزیب، ئیعدام و زۆر وشەی تر.

سینەما

لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، تەنها بیر لەوە نەکراوەتەوە هەر شوێنێک بێت بۆ نیشاندانی مێژوو و ڕابردووە خوێناوییەکەی بەعس، بەڵکوو چەندین بەشیان دیاری کردووە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییە هونەرییە جۆراوجۆرەکان، وەک دروستکردنی سینەمایەکی تایبەت و مۆدێڕن بە ناوی سینەمای یەڵماز گونەی، کە شوێنی١١٠ کەسی تێدا دەبێتەوە، ئەم بەشە بە پێشکەوتووترین ئامێر و سیستمەکانی دەنگ و ڕەنگ دروست کراوە و تا ئێستا چەندین فیستیڤاڵی فیلمی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی تێدا بەڕێوە چووە.

گەلەری

هۆڵی گەلەری لە گەراجێک دروست کراوە، کە پێشتر لەلایەن ڕژێمی بەعس وەک گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی کارمەندانی بەعس بەکارهاتووە. ئەم هۆڵە بە شێوازێکی مۆدێرن دروست کراوە و  لە سێ بەش پێکهاتووە، بۆ چالاکییە هونەرییەکان، وەک پێشانگای فۆتۆگرافی و شێوەکاری و جۆرەکانی تری هونەری، کە تا ئێستا لەم بەشە چەندین فیستیڤاڵی هونەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی تێدا بەڕێوە چووە.

قاوەخانە و کتێبخانە 

بەشی قاوەخانە جگە لەوەی ئەم بەشە بە درێژایی ڕۆژ بە ڕووی سەردانکەراندا کراوەیە، هەروا شوێنێکیشە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار لە بوارە جیاوازەکانی کولتوور. هاوکات خاوەنی کتێبخانەیە کە شوێنێکە بۆ دەستکەوتنی چەندان جۆر کتێبی دانسقە لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە بوارەکانی مێژوویی و هونەری.


سەرچاوەکان



2091 بینین