پێلیکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-05-15:14:00 - کۆدی بابەت: 9284
پێلیکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێلیکان (بە ئینگلیزی: Pelican)، جۆرێک باڵندەیە و نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچەکانی هەموو کیشوەرەکانەوە جگە لە بەستەڵەکەکان، جێگەی ژیانکردنی دوورگە وشکەکان لەگەڵ کەناراوەکان دەگرێتەوە بەتایبەتی ئەو جێگانەی کە کەشوهەوایەکی گەرم یاخود مامناوەندیان هەیە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان بەتەنها نییە بەڵکو پێکەوە کۆمەڵەی گەورە دروستدەکەن، کۆمەڵەکانیان لە چەند سەد ئەندامێک پێکهاتووە و حەز دەکەن لە کۆمەڵەی باڵندەکانی ترەوە نزیکبن وەک فلامینگۆکان، بۆ نموونە لە باخچەی ئاژەڵاندا جێگەکەیان هاوبەشی پێدەکەن لەگەڵ باڵندەی ئاوی تر وەک مراوییەکان، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێلیکانەکان بوونەوەری کۆمەڵایەتین.

بە پێچەوانەی ڕای خەڵکییەوە ئەم باڵندەیە سەرەڕای گەورەیی قەبارەکەی بەڵام توانای فڕینی هەیە، فڕینی بەهۆی باڵە گەورەکانییەوە لێهاتووانەیە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٦٤ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها زۆرینەی جۆرەکانی کۆچەرییە کە کۆمەڵەکان پێکەوە بە ژمارەی گەورە کۆچ دەکەن لە شێوازی جیاوازدا، بەڵام هەندێک جۆریشی هەیە بەتایبەتی ئەوانەی کە لە فلۆریدا دەژین کۆچ ناکەن و هەموو وەرزەکان لە هەمان جێگەدا دەمێننەوە، لە بواری کولتووریدا و لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە پێلیکانەکان بوون بە هێما و نیشانە بۆ هونەری مەسیحی و لەسەر قۆڵی جلوبەرگە سەربازییەکان دەنەخشێنران، بە گوێرەی ئەفسانەی ئەو سەردەمە ئەم باڵندەیە خۆی بەختکردووە لە پێناو بێچووەکانیدا، دەوترا بە چەقۆ و ئامێری تیژ سنگی خۆی بڕیوە بۆ ئەوەی خواردن بە بێچووەکانی بدات.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی فیزیایی ئەم باڵندەیە هەبوونی تورەگەیەکە کە بەستراوە بە بەشی خوارەوەی دەنووکی، ئەم تورەگەیە بە ڕادەیەک گەورە و فراوانە کە دەتوانێت زیاتر لە ١١ لیتر ئاو بگرێت، ئەم بڕەش سێ هێندەی ئەو بڕەیە کە لە گەدەیدا جێگەی دەبێتەوە، دەنووکیشی درێژترینی هەموو باڵندەکانە کە هی هەندێک لە جۆرەکانی درێژییەکەی دەگاتە زیاتر لە ٤٥ سانتیمەتر، هەروەها پێلیکان خاوەن هەستی بینینێکی پەرەسەندوو و بەهێزە و پێی دەناسرێتەوە، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە کە چەند ڕەنگێکی هەیە وەک سپی و ڕەش یاخود ڕەساسی، درێژییەکەی لە نێوان ١٠٦-١٨٣ سانتیمەتر دەبێت و یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی تری ئەوەیە کە مەودای نێوان باڵەکانی دەگاتە زیاتر لە سێ مەتر، ئەمەش درێژییەکەی زۆرە و سوودی لێ دەبینێت بۆ فڕین و ترساندنی دەوروبەرەکەی، کێشی ئەم باڵندەیە بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە و بەگشتی لە نێوان ٢.٧-١٥ کیلۆگرام دەبێت، ملی پێلیکان درێژە بەڵام قاچ و پێیەکانی کورتن.

خۆراک

لە بنەڕەتدا باڵندەکە بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە واتە لەهەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، بەڵام ئارەزووی بۆ خواردنی گۆشت زیاترە و بوونەوەری ئاوی وەک ماسی و قرژاڵ یاخود مەمکداری بچووک، وشکاوەکی، باڵندە، مێروو، توێکڵدارەکان و کیسەڵەکان ڕاودەکات، لەناویشیاندا ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازیەتی، پێلیکان بەناوبانگە بەوەی کە ڕۆژانە بڕێکی زۆر ماسی دەخوات کە دەگاتە نزیکەی دوو کیلۆگرام، ئەو کاتانەشی کە خواردن ناخوات بە خەوتن و پشوودان و خۆ خاوێنکردنەوە کاتەکانی بەسەر دەبات، هەروەها خۆشی دەبێت بە خۆراک و لەلایەن گورگی ئەمریکی و پشیلە و مرۆڤەکانەوە ڕاودەکرێن، بەڵام لەبەر گەورەیی قەبارەی گیانەوەرە دڕندەکان کەمتر لێی نزیک دەبنەوە واتە گەورەترین مەترسییەکان لە مرۆڤەوە دێن، بۆ نموونە کاتێک دەرمانی قڕپێکەری مێرووەکان بەکاردەهێنن کاریگەی زۆر خراپ و نەرێنی دەبێت لەسەر هێلکەکان، کە لە مێژوودا دۆخی لەم جۆرە تۆمارکراوە و هەموو بێچووەکانی جۆرێکی پێلیکانەکان بەتەواوەتی لەناوچوون لەو ساڵەدا، یاخود کاتێک کە مرۆڤەکان لە ناوچە کەناراوەکاندا جێگیر دەبن و ئاوەدانی دەکەنەوە، کاریگەریی نەرێنییان دەبێت لەسەریان و دەبنە هۆی دوورخستنەوەیان لە نشینگە بنەڕەتی و سروشتییەکەیان.

یەکگرتن و زۆربوون

لە وەرزی زۆربووندا هاوبەشی بوونی نێرینە و مێینە بۆ یەک وەرزی زۆربوونە، نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان لەنجەولاری دڵداری تایبەتییان هەیە، بۆ نموونە ڕەنگی پەڕی ملیان لەگەڵ تورەگەکەیان دەگۆڕێت، ئەوانەی لەسەر زەوییەکەن نەریتەکانیان ئاڵۆز و قورسترە و لە هەمان کاتدا چەندین نێرینە بە شوێن مێینەیەکدا دەکەون، لەکاتێکدا ئەوانەی لەسەر درەختەکانن شێوازی هەڵبژاردنی هاوبەشەکانیان ساکارترە، هەندێک لە جۆرەکان تەنها لە وەرزێکی دیاریکراودا یەکگرتن ئەنجام دەدەن، لەکاتێکدا هەندێک لە جۆرەکانی تر بە درێژایی ساڵەکە توانای زۆربوونیان هەیە، هەردوو دایک و باوکەکە بەشدارن لە دروستکردنی هێلانە کە لە گەڵا و پەڕ و چڵ پێکدێت، شوێنی هێلانە بە گوێرەی جۆری باڵندەکە دەگۆڕێت، دەکرێت لەسەر درەخت دروستی بکەن یاخود لەسەر زەوی، لەئەم وەرزەدا ڕەنگی ڕووخسار و دەنووکی پێلیکانەکان کاڵ دەبێت کە دواتر لەدوای تەواوبوونی وەرزەکە ئاسایی دەبنەوە.

یەکگرتن لەناو هێلانەکەیاندا دەبێت و پاش ٣-١٠ ڕۆژ مێینەکە ١-٦ هێلکە دەکات، پاشان ماوەی نیشتن ٣٠-٣٦ ڕۆژ دەخایەنێت کە هەردوو دایک و باوکەکە بەنۆرە ئەنجامی دەدەن، پاشان بێچووەکان هەڵدێن یەکەم دانەیان واتە ئەوەیان کە زووتر هەڵدێت قەبارەی لە ئەوانیتر گەورەترە، بەڵام هەموویان پەمەیین و پەڕیان پێوە نییە، دواتر لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا ڕەنگیان تۆخ دەبێت و دەگۆڕێت و پەڕیان بۆ دروست دەبێت، لە دوای ئەوەی کە تەمەنیان دەبێت بە ١٠-١٢ هەفتە بێچووەکان هێلانەکە جێدەهێڵن و دەگەنە قۆناغی پشت بەخۆبەستن، بە تێپەڕبوونی کات گەشەی زیاتر دەکەن هەتا کاتی ٣-٤ ساڵی کە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەروەها مەودای تەمەن یاخود سوڕی ژیانی پێلیکان لە نێوان ١٦-٢٣ ساڵ دەبێت، بەتەمەنترین جۆری کێوی کە تۆمارکراوە گەشتووەکە ٤٣ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکان

چەند جۆریکی سەرەکی لە باڵندەی پێلیکان بوونی هەیە کە لە دوو کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، کۆمەڵەکان بریتین لە پێلیکانەکانی جیهانی پێشوو لەگەڵ پێلیکانەکانی جیهانی نوێ، جۆرە سەرەکییەکانیش ئەمانەن:


سەرچاوەکان



345 بینین