ڕێگاکانی بازاڕکردن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-05-17:29:00 - کۆدی بابەت: 9288
ڕێگاکانی بازاڕکردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەمووان ڕۆژانە دەچنە بازاڕکردن و ئەو کەلوپەلانە دەکڕن کە پێویستیانە، وەک هەموو کارێکی تر بازاڕکردن و شت کڕین پێویستی بە کۆمەڵێک یاسا هەیە، تاکوو کەسی کڕیار و فرۆشیاریش ئاسوودەبن. لە کاتی شت کڕیندا دەبێت هەموو لایەنەکانی ژیانت ڕەچاو بکەیت و لەبەرچاوی بگریت پاشان بڕیار بدەیت کە چی دەکڕیت.

چەند ڕێنوێنییەک

بڕی پارەکەت بزانە

ئەگەر بەبێ ئەوەی بڕی پارەی خۆت بزانیت بڕۆیت بۆ بازاڕکردن دووچاری هەڵە دەبیتەوە، چونکە لەوانەیە پارەکەت زیاد لە پێویست خەرج ببێت. یاخود پارەی کەمت بردبێت و پێویستت بە زیاتر بێت. پێش ئەوەی بچیتە بازاڕکردن بزانە دەتەوێت چی بکڕیت، بەمەش بڕی ئەو پارەیەی کە دەتەوێت لەگەڵ خۆتی ببەیت ڕوون دەبێت.

دروستکردنی لیستێک

پێش ئەوەی بچیت بۆ شت کڕین، لیستیک دروست بکە و تەواوی ئەو پێداویستییانەی کە دەتەوێت بینووسە. بە نووسینی پێداویستییەکان بۆت ڕووندەبێتەوە کە دەبێت چەند پارە ببەیت، ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی کە شتی ناپێویست بکڕیت.

کاتی گونجاو بۆ بازاڕکردن دابنێ

واباشە کات دابنێیت و مانگانە یاخود هەفتانە بچیت بۆ شت کڕین، ئەمە یارمەتیت دەدات کە بەشێوەیەکی بەرنامەداڕێژراوو شت بکڕیت و بڕە پارەیەکی کەمەریش سەرف بکەیت.

ئاسایی وەرگرتنی ڕووداوەکان

بۆ نموونە کاتێک دەچیتە بازاڕ و دەتەوێت ئۆتۆمبێلەکەت پارک بکەیت، بەڵام دەبینیت کەسێک بە هەڵە ئۆتۆمبێلی پارک کردووە و هیچ شوێنێک نەماوەتەوە بۆ تۆ، یاخود دەبێت لە دوورەوە ڕایبگریت و بەمەش کەمێک دوورتر دەکەویتەوە لە بازاڕ و ناچاریت بە پێ بچیت تاکوو شوێنی مەبەست، لەم کاتەدا پێوست بە توڕەیی و شڵەژان و دەنگەدەنگ ناکات دەبێت ئەم ڕووداوە ئاسایی وەربگریت، لەوانەیە ڕۆژێکی تر خۆت هەمان هەڵە ئەنجام بدەیتەوە، بەم ڕووداوە هیچ شتێکت بەسەر نایەت.

ڕەفتاری گونجاو

لە کاتی بازاڕکردندا کاتێک دەچیتە دووکانێکەوە سڵاو بکە، بە هێمنی بە ڕێگادا بڕۆ و پەلە مەکە، پرسیار بکە دەربارەی کاڵاکان و بە وردی سەرنج بدە. دەست مەکە بە تانەدان لە کاڵاکان و دەنگە دەنگ کردن لەگەڵ خاوەن دووکان لەسەر بڕێک پارەی کەم.

منداڵەکەت ڕابهێنە

کاتێک منداڵەکەت لەگەڵ خۆت دەبەیت بۆ بازاڕکردن، فێری بکە کە دەستت بەرنەدات و لێت دوورنەکەوێتەوە. ونبوونی منداڵ تووشی شڵەژانت دەکات و بازاڕکردنەکەت لێ تێک دەدات. هەروەها منداڵەکەت لە شوێنە گشتییەکاندا فێری ڕەفتاری جوان بکە، پێی بڵێ کە نابێت بیانوو بگرێت و بێ ڕێزی بکات بە کەسانی تر.

وردەکاری لە کاتی هەڵبژادندا

کاتێک دەتەوێت شتێک بکڕیت دەبێت زۆر ورد بیت و ئاگاداربیت ئایا ئەو شتە شایەنی ئەو پارەیەیە یاخود نا، یاخود بزانە پارچەکە کوالێتی چۆنە و بە کەڵکت دێت یاخود نا.

بە دەنگی بەرز تەلەفۆن مەکە

کاتێک لە بازاڕیت یاخود دەچیتە دووکانێکەوە و تەلەفۆنت بۆ دێت، یان وەڵام مەدەرەوە یاخود لە کاتی وەڵامدانەوەدا ڕەچاوی شوێنەکە بکە و بە دەنگی بەرز هاوار مەکە و کەسانی دەورووبەرت بێزار مەکە.


سەرچاوەکان



684 بینین