نامەیەک لەژێر ئاوەوە - نزار قەبانی

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-06-13:35:00 - کۆدی بابەت: 9297
نامەیەک لەژێر ئاوەوە - نزار قەبانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نامەیەک لەژێر ئاوەوە هۆنراوەی هۆنراوەنووس (نزار قەبانی بە عەرەبی: نزار قباني)یە. هونەرمەند عەبدولحەلیم حافز لە ساڵی ١٩٧٣ کردوویەتی بە گۆرانی و ئاوازدانەری عەرەب (محمد مەوجی، بە عەرەبی: محمد الموجي) ئاوازی بۆ داناوە. ئەم هۆنراوەیە یەکەمین هۆنراوەی نزار قەبانی بووە کە عەبدولحەلیم حافز بەکاریهێناوە.

عەبدولحەلیم و یەکەمین بەرکەوتنی لەگەڵ هۆنراوەکە

جارێکیان محمد موجی ئاوازدانەر لە حافز توڕە دەبێت بەهۆی ئەوەی ئاوازەکانی ئەو پشتگوێ دەخات و لە جیاتی ئاوازەکانی موجی ئاوازی چەند ئاوازدانەرێکی تر بەکاردەهێنێت، بەوهۆیەوە ڕۆژنامەکان لەبارەی ئەو ڕووداوەوە دەنووسن و موجی زیاتر توڕە دەکەن و بەم شێوەش گرژی دەکەوێتە نێوانیان. لەمیانەی ڕۆشتنی عەبدولحەلیم حافز بۆ مەغریب بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاهەنگێکدا بکات، حافز و موجی و ئەحمەد حەنفاوی لە یەکێک لە ئوتێلە گەورەکاندا یەکتریان بینیووە و بڕیاریانداوە کە موجی و حافز پێکبێنەوە. حەنفاوی گوێگری هۆنراوەی (نامەیەک لەژێر ئاودا)ـی نزار قەبانی بووبوو موجی هەڵبژارد کە ئاوازی بۆ دابنێ و سووربوو لەسەر ئەوەی ئەم هۆنراوە لەلایەن حافزەوە بکرێت بە گۆرانی. هاوکات عەبدولحەلیم هەوڵیداوە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفونییەوە پەیوەندی بە نزار قەبانییەوە بکات و داوای لێبکات لەبەرانبەر هەزاران جونەی میسڕیدا بەشێک لە وشەکانی ناو هۆنراوەکە بگۆڕێت.

لە ئاهەنگی (شم النسیم)ـدا لە زانکۆی قاهیرەدا لە ١٧ـی نیسانی ١٩٧٣ـدا بڕیاردارا عەبدولحەلیم گۆرانی نامەیەک لەژێر ئاودا بڵێت، بەڵام ڕاهێنانکردن بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەبەردەوامی بووە هۆی ئەوەی حافز بێهۆش ببێت و بکەوێتە کۆماوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، بەوهۆیەشەوە گۆرانییەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر دواکەوت تاوەکوو لە ساڵی ١٩٧٥ـدا لە زانکۆی قاهیرە توانی پێشکەشی بکات.

هۆنراوەکە

نامەیەک لەژێر ئاوەوە
ئەگەر بەڕاستی هاوڕێمی.. یارمەتیم بە
بتوانم دوورکەومەوە لێت
یاخود ئەگەر خۆشەویستمی.. یارمەتیم بە
چاک ببمەوە لە عەشقی پڕژان و بەسوێت
گەر دەمزانی عەشق هێندە مەترسیدارە
قەت خۆشەویستیم نەدەکرد
ئەگەر دەمزانی دەریاش هێندە قووڵ و شەپۆلدارە
هەرگیز دەریاوانیم نەدەکرد
گەر کۆتایی خۆم دەزانی
هەرگیز دەستم پێ نەکرد..
***
بیرت دەکەم
فێرم بکە
ئیتر هەرگیز بیرت نەکەم
فێرم بکە
چۆن ڕەگ و ڕیشەت لەناخما بنبڕ بکەم
فێرم بکە با بزانم 
فرمێسک چۆن لە گلێنەی چاودا دەمرێت
فێرم بکە چۆن 
دڵ سارد و سڕ دەبێت و 
پەرۆشی و حەز بۆ دیدارت 
لەسەر دەستی خۆی دەکوژرێ
***

ئەگەر پەیامبەریت
ڕزگارم بکە لەم سیحرە (پەرجوو)
لەم کفرە
خۆشەویستیت دەڵێی کفرە
پاکم بکەرەوە لەم کفرە
ئەگەر بەهێزیت
لەم دەریایە دەرم بێنە
چونکە نازانم مەلە بکەم
شەپۆلی شینی چاوانت 
تادێ بەرەو قووڵایی دەریاکەم دەبا
منیش بێ ئەزموون لە عەشقا هیچ بەلەمێکیش شک نابەم
دەستم بگرە ئەگەر بەڕاستی دڵسۆزی بۆم
من لە تەوقی سەرمەوە تاوەکوو پەنجەی پێم 
عاشقی تۆم
ئێستا وا لەژێر ئاوا هەناسە دەدەم
دەی خێراکە.. وا نوقم دەبم و دەخنکێم
وا نوقم دەبم و دەخنکێم
وا دەخنکێم.


سەرچاوەکان



640 بینین