ئایەتەلکورسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-06-15:41:00 - کۆدی بابەت: 9299
ئایەتەلکورسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایەتەلکورسی یان ئایەت الکرسی (بە ئینگلیزی: Throne Verse، بە عەرەبی: آية الكرسي) ئایەتی ژمارە ٢٥٥ـی سوورەتی (البقرة)ـەیە لە قورئانی پیرۆز، پێگەیەکی بەرز و نرخێکی گەورەی هەیە لای موسوڵمانان و گەورەترین ئایەتی قورئانی پیرۆزە. پێغەمبەر ﷺ دەربارەی ئایەتەلکورسی دەفەرموێت: "من قرأ آية الكرسي في دبر كل صلاة لم يحل بينه وبين دخول الجنة إلا الموت". واتە هەرکەس لەدوای هەموو نوێژێک ئایەتەلکورسی بخوێنێت، لە نێوان ئەو و بەهەشتدا تەنیا مردن هەیە. لە شوێنێکی تردا دەفەرموێت، شەیتان لەو ماڵە دوور دەکەوێتەوە کە ئایەتەلکورسی تێدا دەخوێنرێت. 

ئایەتەکە

اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ لَا تَأْخُذُهُ سِنَةٌ وَلَا نَوْمٌ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلَّا بِإِذْنِهِ يَعْلَمُ مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ وَلَا يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلَّا بِمَا شَاءَ وَسِعَ كُرْسِيُّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَلَا يَئُودُهُ حِفْظُهُمَا وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ.

واتاکەی

{اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ} خوای گه‌وره‌ زاتی پیرۆزی ئەڵڵایە و ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ هیچ په‌رستراوێكی به‌ حه‌ق نییه‌ شایه‌نی په‌رستن بێ جگه‌ له‌و، خوایه‌كه‌ هه‌میشه‌ زیندووه‌ و هیچ كاتێك مردنی به‌سه‌ردا نایەت و له‌ناوچوونی نییه‌. هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئیش و كاروباری خه‌ڵكی و بوونه‌وه‌رانه‌ {لَا تَأْخُذُهُ سِنَةٌ وَلَا نَوْمٌ} نه‌ وه‌نه‌وز و خه‌وه‌نوچكه‌ ده‌یباته‌وه‌ و نه‌ خه‌ویشی لێ دەکەوێت، {لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ} هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌كان و زه‌وی و نێوانیان هەیە موڵکی خوای گه‌وره‌یه‌ {مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلَّا بِإِذْنِهِ} هیچ كه‌سێك ناتوانێت شه‌فاعه‌ت بكات تەنیا بە ڕەزامەندی ئەو نەبێت {يَعْلَمُ مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ} خوای گه‌وره‌ زانیاری هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ پێشیانه‌وه‌یه‌ كه‌ قیامه‌ته‌، لەگەڵ ئەوەی له‌ دوایانه‌وه‌یه‌ كه‌ دونیایه‌، زانیاری لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مرۆڤەکان هەیە {وَلَا يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلَّا بِمَا شَاءَ} به‌ڵام مرۆڤه‌كان هیچ زانیاریه‌كیان به‌خوای گه‌وره‌ و تایبەتمەندییەکانی نییە تەنیا مەگەر ئەو شتانەی کە خۆی ویستی لێی هەیە و لە قورئاندا ڕوونی کردووەتەوە دەربارەی خۆی {وَسِعَ كُرْسِيُّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ} كورسی خوای گه‌وره‌ به‌ فراوانیی ئاسمانەکان و زەوی فراوانە. {وَلَا يَئُودُهُ حِفْظُهُمَا} پاراستنی ئاسمانه‌كان و زه‌وی و هه‌ڵگرتنیان، خوای گه‌وره‌ ماندوو ناكات و هیچ قورس نییه‌ لای {وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ (٢٥٥)} خوای گه‌وره‌ زاتێکی به‌رزه‌ و له‌سه‌رووی عه‌رشی پیرۆزه‌وه‌یه‌.

واتای داڕێژراو

خودا ئەو کەسەیە کە شایەنی ئەوەیە بە تەنیا بپەرسترێت، تاکە کەسێکە بۆ هەمیشە لەسەر بەندەکانی دەمێنێتەوە و کاروباریان بەڕێوە دەبات، هەرگیز کەمتەرخەم و بێ ئاگا نابێت و ناکەوێتە بێباکی و خەو و هەر شتێکی لەو جۆرەوە، چونکە تایبەتمەندی ئەو وەهایە هیچ کەموکورتییەکی نییە. ئەو بەرپرسی شانشینی ئاسمان و زەوییە و کەسیش لەگەڵیدا هاوبەش نییە. بەم شێوەیە هیچ بوونەوەرێک ناتوانێت شەفاعەت بۆ کەس بکات تەنها بە ئیزنی خودا نەبێت و ئەو هەموو شتێک دەبینێت و هەستی پێ دەکات، دەزانێت چی بووە و چی دەبێت. کەس ناتوانێت لە هیچ شتێکی زانستی خوا تێبگات، مەگەر ئەوەی خۆی دەیەوێت و پێی خۆشە مرۆڤەکان دەربارەی بیزانن، دەسەڵاتی ئەو فراوانە، ئاسمان و زەوی دەگرێتەوە و بۆ ئەو هیچ قورس نییە هەموو ئەم شتانە بەڕێوەببات، چونکە ماندوو نابێت و گەورەترین زاتی پیرۆزە لە هەموو بوون و نەبووندا.

بەپێی فەرموودەکان

ئوبەی کوڕی کەعب دەڵێت: پێغەمبەر ﷺی خوا فەرمووی: ئەی ئەبولمونزەر، دەزانیت چ ئایەتێک لە کتێبی خوای باڵادەستدا، لە هەمووان گەورەترە؟. منیش وتم: خوا و پێغەمبەر ﷺی خوا زاناترن، فەرمووی: دەزانیت چ ئایەتێک کە لە خزمەتیدایت، لە کتێبی خوای باڵا دەست لە ھەمووان گەورەترە؟. وتم: (اللە لا الە الا ھو الحی القیوم)، ئەویش دەستی بە سنگمدا هێنا و فەرمووی: (بەخوا پێکات، زانست و زانیارییت لێ پیرۆز بێت ئەی ئەبولمونزەر. ئیمامی موسلیم ڕیوایەتی کردووە.

لە شوێنێکی تردا دەفەرموێت: ئەوەی ئایەتی کورسی لەدوای ھەموو نوێژێک بخوێنێت، ھیچ شتێک لە نێوانی ئەو و چوونە ناو بەھەشتدا نییە جگە لە مردن. واتا کە مرد ڕاستەوخۆ دەچێتە بەھەشتەوە.


سەرچاوەکان



2350 بینین