ئەلبۆمین

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-08-22:48:00 - کۆدی بابەت: 9333
ئەلبۆمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەلبۆمین (بە ئینگلیزی: Albumin) لە خێزانی پڕۆتینە گۆییەکانە، زۆرترین ڕێژەی پڕۆتینەکانی ناو سیڕەم لە ئەلبۆمین پێکدێن، لەلایەن خانەکانی جگەرەوە دروست دەکرێت و ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە جەستەی گیانەوەران، توانای توانەوەیان لە ئاوی ئاساییدا بەرزە بەڵام لە گیراوەی سوێر توانای توانەوەیان مامناوەندییە، هەستیارن بۆ گەرمی، لەکاتی گەرمکردن ئەلبۆمین ڕەق دەبێت و ڕەنگی دەگۆڕێت، پڕۆتینی ئەلبۆمین لە پڕۆتینەکانی تری ناو خوێن بەوە جیادەکرێتەوە کە ئەلبۆمین گلوکۆزی پێوە نییە و لە هەموو پڕۆتینەکانی تر بارگەیان نایەتیترە (سالبترە)، ئەو ماددانەی ئەلبۆمینیان تێدایە پێیان دەوترێت ئەلبۆمینۆیدەکان، جگە لە خوێن ئەلبۆمین لە هێلکە و تۆوی هەندێک ڕووەک و شیردا هەیە.

فرمانی ئەلبۆمین

ئەلبۆمین پڕۆتینێکی گوێزەرەوەیە بەگشتی دەتوانێت هەندێک ماددە لەناو جەستەدا هەڵبگرێت، جۆرەکانی ئەلبۆمین و فرمانیان:

  • ئەلبۆمینی سیڕەمی مرۆڤ: پڕۆتینی سەرەکی ناو پلازمای خوێنە، لە 50% پڕۆتینەکانی ناو پلازما لە ئەلبۆمین پێکدێت، بە ئایۆنە ئایەتییەکان (موجەبەکان) ناو خوێن دەنووسێت وەک (کالسیۆم، سۆدیۆم، پۆتاسیۆم)، زیاتر هەڵگری ئەو ماددانەن کە توانای توانەوەیان لە ئاودا کەمە وەک ترشە چەورییەکان و بیلروبین، هەروەها دەتوانێت هەندێک جۆری دەرمانی وەک ئازارشکێنەکان هەڵبگرێت و بگوازێتەوە، فرمانی سەرەکییان ڕێکخستنی پەستانی ئۆزمۆزی کۆڵۆیدییە کە ڕێگری دەکات لە چوونە دەرەوەی  شلەی ناو مولوولەکانی خوێن بۆ دەرەوەی خوێن و ڕێگریکردن لە هەڵئاوسان.
  • جۆرێکی تری ئەلبۆمین پڕۆتینی کۆرپەلەیی ئەلفایە کە فرمانی گواستنەوەی ئایۆنە موجەبەکان و ترشە چەورییەکان و بیلروبینە لە کۆرپەدا.
  • جۆرێک لە ئەلبۆمین بە ڤیتامین D و مێتابۆلایتەکانی و ترشە چەورییەکانەوە دەنووسێت.
  • ئەفامین جۆرێکی تری ئەلبۆمینە ڤیتامین E دەگوێزێتەوە.
  • ئەلبۆمین بە ماددەیەکی دژەئۆکسان و دژەهەوکردن دادەنرێت لە جەستەدا.
  • لە توانایدا هەیە هۆڕمۆنەکان هەڵبگرێت و بگوێزێتەوە بەتایبەتی ئەو هۆرمۆنانەی لە چەوری دروستبوون وەک (سایرۆیدە هۆرمۆنەکان، ئیسترۆجین، ئەندرۆجین، ئەنسۆلین، تێستێسترۆن، چەندانی تر.

پشکنینی ئەلبۆمین

پشکنینی ئەلبۆمین لە ڕێگەی پێوانەکردنی ئەلبۆمینی ناو سیڕەم ئەنجام دەدرێت، ئەلبۆمین لەگەڵ ڕەنگی برۆمۆکریسۆڵی سەوز یان برۆمۆکریسۆڵی مۆر تێکەڵ دەکرێت پاشان ئەلبۆمین بە ڕەنگەکەوە دەنووسێت، خەستییەکەی لە ڕێگەی مژینی ڕووناکی لەلایەن گەردەکانی ئەلبۆمینەوە دیاری دەکرێت بە بەکارهێنانی ئامێری Spectrophotometer و هاوکێشەی تایبەت بە ئەلبۆمین. 

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئەلبۆمین

لە کاتی وشکبوونەوە ڕێژەی ئەلبۆمینی ناو سیڕەم زیاد دەکات، هەروەها بەرز دەبێتەوە کاتێک خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتین دەخورێت.

هۆکارەکانی نزمبوونەوەی ئەلبۆمین

لەم حاڵەتانە ئەلبۆمینی ناو خوێن کەم دەکات:

  • نەخۆشییەکانی جگەر: بەڕیشاڵبوونی جگەر باوترینیانە و هۆکاری کەمبوونەوەی ئەلبۆمینە.
  • زیادەڕۆیی لە دەردانی ئەلبۆمین بەتایبەت لە نەخۆشی کۆنیشانەی گورچیلەیی کە ئەلبۆمین لە ڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوە بەهۆی زیانکەوتن بە گورچیلەکان.
  • زیادەڕۆیی لە لەدەستدانی ئەلبۆمین بەتایبەتی لە نەخۆشی لەدەستدانی پڕۆتینی ڕیخۆڵەیی.
  • لە کاتی سووتان جەستە ڕێژەیەک لە پلازما لەدەست دەدات ئەمەش هۆکاری کەمبوونەوەی ئەلبۆمینە.
  • لە کاتی سکپڕی ڕێژەی ئاوی جەستە زیاد دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوەی پلازما و کەمبوونی ڕێژەی ئەلبۆمین کە هۆکاری سەرەکی هەڵئاوسانە لە ئافرەتانی دووگیاندا.
  • لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
  • بەدخۆراکی.
  • گۆڕانکاری لە جینی دروستکەری ئەلبۆمین کە دەبێتە هۆی کەم درووستبوونی پڕۆتینەکە بەڵام ئەمە زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات.
  • ئەو کەسانەی تێکچوونی دەرمارگیری ئارەزووی خواردنیان هەیە کەمی ئەلبۆمین تیایاندا دەردەکەوێت، ئەمەش زیاتر لە هەرزەکارەکان باوە.

بەکارهێنانی ئەلبۆمین لە دروستکردنی دەرمان

ئەلبۆمین زیاتر لە شێوەی دەرزی بەکاردێت لەو دەرمانانەی کە پڕۆتین و ئەنزیمیان تێدایە، بەکارهێنانی ئەلبۆمین یارمەتیدەری جێگیری دەرمانەکان دەدات و ڕێگە لە تێکچوونی دەگرێت، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و لە چارەسەریی شێرپەنجە و بۆ کەمردنەوەی ڕێژەی ژەهراوی و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکان بەکاردێت، هەروەها لە کاتی پرۆسەی وشککردنەوە لە ڕێگەی بەستنەوە کە یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن لە بەستن، چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی پلازمای خوێن و زۆر کەمبوونەوە و لەدەستدانی ئەلبۆمین لە ڕێگەی پێدانی دەرزی ئەلبۆمینەوە دەبێت.


سەرچاوەکان



715 بینین