پشکنینی گونجانی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-11-22:39:00 - کۆدی بابەت: 9365
پشکنینی گونجانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی گونجانی خوێن (بە ئینگلیزی: crossmatch test) پشکنینێکە بۆ دیاریکردنی گونجانی خوێن لەنێوان بەخشەری خوێن و وەرگری خوێندا پێش گواستنەوەی خوێن ئەنجام دەدرێت، پشکنینێکی زۆر گرنگە و نابێت بە هیچ جۆرێک هەڵەی تێدا ئەنجام بدرێت، یارمەتی دۆزینەوەی باشترین بەخشەر دەدات بۆ نەخۆش پێش ئەوەی خوێنی بۆ بگوازرێتەوە. ڕەنگە گواستنەوەی خوێن لەنێوان دوو کەسدا کە هەمان گرووپی خوێنیشیان هەیە گونجاو نەبێت،  ئەمەش بەهۆی ئەوەی جگە لە دژەپەیداکەری گرووپی خوێن کە لەسەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەیە دژەپەیداکەری تریش هەیە. دەکرێت دژەپەیداکەری گرووپی خوێن لە نێوان بەخشەری خوێن و وەرگری خوێندا گونجاو بێت، بەڵام دژەپەیداکەرەکانی تر گونجاو نەبێت. پێش گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشەکان سەرەتا پشکنینی گونجانی گرووپی خوێن ئەنجام دەدرێت و دواتر پشکنینی کڕۆس ماچ (crossmatch) ئەنجام دەدرێت.

جۆرەکانی پشکنینی گونجانی خوێن

پشکنینی گونجانی خوێنی سەرەکی

  1. بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرەی پشکنینی گونجانی خوێن، دوو دڵۆپ سیڕەمی (شلەیەکی ڕوونە لە خوێن جیادەکرێتەوە) نەخۆشەکە لەگەڵ یەک دڵۆپ خوێنی بەخشەرەکە لە تیوبێکدا تێکەڵ دەکرێت، ئەگەر سیڕەمی نەخۆشەکە دژەتەنی دژی دژەپەیداکەرەکانی خوێنی بەخشەرەکە تێدا بێت، دژەتەنەکان پەلاماری خڕۆکە سوورەکانی خوێنی بەخشەرەکە دەدەن دواتر پێکەوە دەنووسێن
  2. گیراوەکە لە ٣٧ پلەی سیلیزی بۆ ماوەی ٣٠ خولەک هەڵدەگیرێت، دواتر سێ جار تێکەڵەکە بە بەفەری (فۆسفەیت سەلاین) دەشۆردرێت پاشان دەخرێتە ناو ئامێری سەنتەرفیوجەوە، بەهۆی ئامێری سەنتەرفیوجەکەوە بەشێکی گیراوەکە دەنیشێت و بەشێکی گیراوەکە لە سەرەوەی تیوبەکەدا دەمێنێتەوە، ئەو بەشەی سەرەوەی تیوبەکە فڕێ دەدرێت، بۆ ئەوەی دژەتەنە یەکنەگرتووەکان نەمێنێت،
  3. پاشان یەک دڵۆپ دژی دژەتەنی Ig (دەرمانێکە بۆ ڕوودانی کارلێکی کیمیایی بەکاردێت) زیاد دەکرێت، ئەگەر مەیینی خوێن ڕوویدا، واتا دوو جۆرە خوێنەکە پێکەوە ناگونجێن و گواستنەوەی خوێن سەرکەوتوو نابێت
  4. بەڵام ئەگەر سیڕەمی نەخۆشەکە دژەتەنی دژی دژەپەیداکەرەکانی خوێنی بەخشەرەکە تێدا نەبێت مەیینی خوێن ڕوونادات و گواستنەوەی خوێن سەرکەوتوو دەبێت

ئەگەر گومان لە ئەنجامی پشکنینەکەدا هەبێت کەمێک لەو تێکەڵەیەی ئامادەکراوە دەخرێتە سەر پارچە شووشەیەک (سڵاید) و لەژێر مایکرۆسکۆبدا سەیر دەکرێت بەم جۆرە ئەگەر مەیینی خوێن ڕووی دابێت بە ئاسانی دەبینرێت.

پشکنینی گونجانی خوێنی لاوەکی

  1. دوو دڵۆپ لە سیڕەمی بەخشەرەکە لەگەڵ یەک دڵۆپ لە خوێنی نەخۆشەکە لە تیوبێکدا تێکەڵ دەکرێت
  2. گیراوەکە لە ٣٧ پلەی سیلیزی بۆ ماوەی ٣٠ خولەک هەڵدەگیرێت، پاشان سێ جار بە بەفەری (فۆسفەیت سەلاین) دەشۆردرێت، دواتر سەنتەرفیوج دەکرێت تاوەکوو دژەتەنە یەکنەگرتووەکان لاببرێن
  3. یەک دڵۆپ دژی دژەتەنی Ig زیاد دەکرێت
  4. بە هەمان شێوەی پشکنینی گونجانی خوێنی لاوەکی، ئەگەر مەیینی خوێن ڕووبدات گواستنەوەی خوێن گونجاو نابێت، بەڵام ئەگەر مەیینی خوێن ڕووی نەدا، دەتوانرێت خوێنەکە بگوازرێتەوە

لە هەندێک نەخۆشخانەکاندا ڕێگەی جێڵ کارت (Gel card) بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە بەکاردێت، بەم ڕێگەیە کاتێکی کەمتر پێویستە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە بە بەراورد بە پشکنینی گونجانی خوێنی لاوەکی و سەرەکی

کەی ئەم پشکنینە ئەنجام دەردرێت؟

  • کاتێک کەسێک تووشی خوێنبەربوون دەبێت و پێویستی بە گواستنەوەی خوێن دەبێت
  • لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرکاری دڵ
  • کەمخوێنی، یان لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە کە دەبێتە هۆی کەمخوێنی
  • لە کاتی تووشبوون بە هیمۆفیلیا (نەخۆشییەکی بۆماوەیییە بەهۆی کەمی یان نەبوونی پڕۆتینێک کە پێی دەوترێت هۆکارەکانی مەیینی خوێن ڕوودەدات)
  • لە کاتی چاندنی ئەندام، شانە یان مۆخی ئێسک

پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە پێویستە نەخۆش پزیشکەکەی ئاگادار بکاتەوە لە هەر دەرمانێک یان ڤیتامینێک کە بەبێ چاودێری پزیشک بەکاری هێنابێت. 


سەرچاوەکان



838 بینین