پلازمای خوێن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-13-18:29:00 - کۆدی بابەت: 9388
پلازمای خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلازما یان پلازمای خوێن (بە ئینگلیزی: Blood plasma) پێکهاتەی شلگازی ناو خوێنە، وەک ناوەندێک کاردەکات بۆ گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان بۆ خانەکانی ئەندامە جیاوازەکانی لەش، هەروەها گواستنەوەی بەرهەمە پاشماوەکانی ئەنجامی زیندەپاڵی خانەکان بۆ گورچیلەکان و جگەر و سییەکان، کە لە ڕێگەیانەوە بەرهەمە پاشماوەکان دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی لەش. لەگەڵ ئەوەشدا پلازما وەک سیستمی گواستنەوەی خانەکانی خوێن کاردەکات، هەروەها ڕۆڵی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی پەستانی خوێندا. پلازمای خوێن یارمەتیدەری بڵاوکردنەوەی گەرمیی بە لەشدا و هێشتنەوەی هاوسەنگی لەش، یان جێگیری زیندەیی وەک هاوسەنگی ترش و تفتی ناو خوێن و لەشە.
پلازما بە جیاکردنەوەی خڕۆکە سوور و سپییەکان و پەڕەکانی خوێن لە خوێنەوە دەست دەکەوێت، کە لە ئەنجامدا پلازما وەک شلگازێکی ڕەنگ زەردی کاڵ کە ٩٠-٩٢٪ لە ئاو پێکدێت دەمێنێتەوە، ئەو بەشەی تریشی کە دەمێنێتەوە ماددە تواوە پێویستییەکانی تری تێدایە کە بۆ تەندروستی و ژیان پێویستن.

فەرمانی گشتیی پلازما چییە؟

پلازما کاری هەڵگرتنی ماددە خۆراکییەکان و هۆڕمۆن و پڕۆتینەکانە بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش. هەروەها بەرهەمە پاشماوەکانی ئەنجامی زیندەپاڵی خانەکان لە شانە جیاوازەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەو ئەندامانەی بەرپرسن لە ڕزگارکردنی لەش لە پێکهاتە پاشماوەکان و کردنە دەرەوەیان. لەگەڵ ئەوەشدا پلازما وەک هەڵگرێکی گواستنەوەی خانەکانی خوێن بەناو لوولەکانی خوێندا کاردەکات.

پێکهاتەکانی ناو پلازما

پلازما نزیکەی ٩٠٪ لە ئاو پێکدێت و ١٠٪ لە کانزا و پڕۆتین و گازە تواوەکان و گەردە خۆراکییەکان و پاشماوە پێکدێت.
پڕۆتینەکانی ناو پلازما وەک پڕۆتینی دژەتەنەکان و هۆکاری مەیین و پڕۆتینەکانی ئەلبۆمین و فایبرینۆجین. کە هەریەک لە ئەم پێکهاتانە بە بەکارھێنانی تەکنیکی جیاواز لە پێکهاتە جیاوازەکانی تری خوێن جیادەکرێنەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتی جیاواز بەکاردێن، بۆ نموونە هۆکارەکانی مەیینی خوێن بەکاردێن بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی مەیینی وەک هیمۆفیلیا.

پێکهاتە جیاوازەکان و فەرمانەکانیان

ڕێژەی ترشێتی (pH) و پەستانە دەڵاندنی خوێن بەهۆی ئایۆن و پڕۆتین و گەردەکانی تری ناو پلازماوە دەپارێزرێن.

پڕۆتینەکانی پلازما

پڕۆتینەکانی پلازما بەردەستترین ماددەی ناو پلازمای خوێنن و بە سێ جۆری سەرەکی بوونیان هەیە بە ناوەکانی: ئەلبۆمین، گڵۆبولینەکان و فایبرینۆجین. کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی تایبەت بە خۆیان هەیە: 

ئەلبۆمین

ئەلبۆمین یارمەتی پاراستنی دەڵێنە پەستانی مڵیی خوێن دەدات. ئەم پڕۆتینە لەناو هەموو پڕۆتینەکانی تری خوێندا بچووکترینە، بەڵام بەرزترین ڕێژەی هەیە. دەڵێنە پەستانی مڵیی خوێن گرنگە بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان ئاوی ناو خوێن و ئاوی ناو شلگازی شانەکان لە دەوری خانەکاندا. کاتێک کە پڕۆتینەکانی ناو پلازما بەپێی پێویست نین، ئاوی ناو پلازما دزە دەکاتە ناو بۆشایی دەوری لوولەکانی خوێن، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە ناڕێکیی فەرمانی جگەر و نەخۆشییەکانی گورچیلە و بەدخۆراکی.
هەروەها ئەلبۆمین یارمەتی گواستنەوەی ماددەکانی وەک دەرمان و هۆڕمۆنەکان و ترشە چەورییەکان دەدات.

گڵۆبولینەکان 

گڵۆبیولینەکان سێ جۆرن کە لە بچووکترینەوە بۆ گەورەترین بریتیین لە ئەلفا و بێتا و گاما.
نموونەی گڵۆبولینەکانی ئەلفا بریتییە لە چەوریی سوودبەخش (HDL) کە پێشیان دەوترێت چەوریی باش کە گرنگن بۆ گواستنەوەی چەورییەکان بۆ خانەکان بە مەبەستی بنیادنانی ماددەی جیاواز و وزەی کرداری زیندەپاڵ. 
چەوریی زیانبەخش (LDL) نموونەی گڵۆبولینەکانی بێتان کە چەورییەکان بۆ خانەکان دەگوازنەوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ستیرۆیدەکان، ئەم جۆرە گڵۆبولینە هانی کۆبوونەوەی کۆلیستڕۆڵ دەدات و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار زیاد دەکات.
دژەتەنەکان کە گڵۆبولینەکانی گامان و پێشیان دەوترێت گڵۆبولینەکانی بەرگری (immunoglobulins)، لەلایەن لیمفە خانەکانی B بەرهەم دەهێنرێن.

فایبرینۆجینەکان

پلازمایەکی گرنگیی تواوەیە کە ڕێگاخۆشکەری هۆکاری مەیینی خوێنە، دەگۆڕێت بۆ پڕۆتینێکی شێوەدەزوویی کە پێی دەوترێت ڕیشاڵین و پەیوەستە بە ڕووکارێکی لکێنەرەوە. کاتێک ئەم دەزووە ڕیشاڵییانە دروست دەبن وەک تەڵەیەک بۆ گرتنی پەڕەکانی خوێن بۆ دروستکردنی مەیینی سەرەتایی پەڕەکانی خوێن کاردەکەن، کە لەسەریاندا بە پڕۆسەی مەیین خوێنی جێگیری مەییو دروست دەبێت.

هۆکارەکانی مەیین و ڕێگرەکان

هۆکارەکانی مەیینی ناو پلازما دەبنە هۆی دروستبوونی مەیینی خوێن لە هەر شوێنێک کە زیان بە ناوپۆشی لوولەکانی خوێن گەیشتبێت، ئەم مەیینەی خوێن تەنها کاری ئەوە نییە کە ڕێگری لە لەدەستدانی خوێن بکات، بەڵکوو لەشیش دەپارێزێت لە هێرشە میکرۆبییەکان.
پڕۆتینەکانی ڕێگری مەیین ڕێگری لە مەیینی خوێن دەکەن لەو کات و شوێنانەی کە مەیینی خوێن نەخوازراوە.

فەرمانەکانی تر

  1. پڕۆتینەکانی پلازما بە دروستکردنی بەند لەگەڵ ئایۆنەکانی هایدرۆجین لە خوێندا، ڕێژەی ترشێتی خوێن (pH) بەنزیکەیی لە ئاستی تفتێتیدا دەپارێزن.
  2. پڕۆتینەکانی پلازما ئەگەر پێویست بێت دەشتوانن ترشە ئەمینییەکان دابین بکەن.
  3. زۆرجار گەردە بچووکەکانیش دەگوازنەوە، کە هەریەکەیان لەدوای هەڵمژینیان لەلایەن ڕیخۆڵەوە لەگەڵ هەڵگری تایبەتی خۆیاندا بەند دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ئەو شانە و ئەندامانەی کە بەکاریان دەهێنن.

پێکهاتەکانی تری ناو پلازما

پڕۆتینەکان

  • سایتۆکینەکان گەردی نێردەری خانەیین کە لەلایەن خانەکانەوە بە مەبەستی پەیوەندیکردنیان بەیەکترەوە و ڕێکخستنی پڕۆسە خانەییە گرنگەکان بەرهەم دەهێنرێن.
  • بەگشتی هۆڕمۆنەکان ئەو گەردانەن کە لەلایەن یەک ئەندام یان جۆرێکی خانەوە بەرهەم دەهێنرێن بۆ ئەوەی فەرمانێکی تایبەت لە شوێنێکی تردا جێبەجێ بکەن، ئەم هۆڕمۆنانە لەلایەن خوێنەوە دەگوازرێنەوە.

ئەلیکترۆلایتەکان

بە گەردەکانی سۆدیۆم و مەگنیسیۆم و کالسیۆم و کلۆرین و پۆتاسیۆم دەوترێت ئەلیکترۆلایتەکان، سۆدیۆم باوترین ئایۆنە کە لە پلازمادا دەگوازرێتەوە.

ترشە ئەمینییەکان

شانە و پڕۆتینەکانی پلازما دەکرێت تێک بشکێنرێن و ترشە ئەمینییەکان دووبارە بگێڕدرێنەوە بۆ بەکارهێنانیان لە دروستکردنی پێکهاتەی تردا. کە ئەمەش دەکرێت بێگانەخۆرەکانی ڕیخۆڵە و لیمفە کۆئەندام و سییەکان بگرێتەوە.

ئاوێتەکانی نایترۆجین

ئاوێتە پاشماوەکانی نایترۆجینی وەک یووریا لە ئەنجامی تێکشکاندنی ماددە جیاوازەکان لە لەشدا دروست دەبن، کە لەلایەن پلازماوە بۆ گورچیلەکان دەگوازرێنەوە و دواتر دەکرێنە دەرەوەی لەش.

ماددە خۆراکییەکان

ماددە خۆراکییەکان لە ڕیخۆڵەکان یان ئەندامەکانی ترەوە هەڵدەمژرێن و لە پلازمادا هەڵدەگیرێن و دەگوازرێنەوە، وەک گلوکۆز و چەورییەکان و ترشە ئەمینییەکان و کانزا و ڤیتامینەکان.

گازە تواوەکان

پلازما ئۆکسجینی تواوە و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بە بڕێکی کەم تێدایە، هەروەها بڕی پێویستی لە گازی نایترۆجینیش تێدایە.


سەرچاوەکان



1475 بینین