شێتی ئەمریکی (٢٠٠٠)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-15-19:10:00 - کۆدی بابەت: 9412
شێتی ئەمریکی (٢٠٠٠)

ناوه‌ڕۆك

کورتە چیرۆک

(پاتریک بەیتمان) بازرگانێکی دەوڵەمەندی دەروون نەخۆشی شاری (نیویۆڕک)ـە،  لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک هاوڕێی هەیە، بەڵام هەست بە تەنیایی دەکات و لە ژینگەیەکی لووتبەرزانەدا ژیان بەسەردەبات، کە هەموو ئامانجیان دەرخستنی سامان و بەسەربردنی کاتە لە چێشتخانە و مەیخانە گرانبەهاکان، پاتریک نەخۆشییەکەی لە هاوڕێ و هاوکارەکانی دەشارێتەوە تاکوو زیاتر دەچێتە قووڵایی توندوتیژی و کوشتنەوە.

دەربارەی فیلم

ناوی فیلم بە کوردی شێتی ئەمریکی
ناوی فیلم به ئینگلیزی American Psycho
ماوە کاتژمێرێک و چل و دوو خولەک
بەرواری بڵاوبوونەوە ١٤ی نیسانی ٢٠٠٠
شوێنی بڵاوبوونەوە ئەمریکا
دەرهێنان ماری هارن
نواندنکاران کریسچن بەیڵ، جەستن سێرۆو، جۆش لووکاس، بیڵ سەیج و جارید لێتۆو
نمرە لە ماڵپەڕی IMDb ٧٫٣/١٠ 
خەڵات فیلمەکە پاڵێوراوە بۆ ١٣ خەڵات و براوەی هەشت خەڵاتە
بودجە ٧ ملیۆن دۆلار

کەسایەتیی پاتریک بەیتمان

بەیتمان تەمەنی ٢٧ ساڵە، دەرچووی زانکۆی هارڤاردە و لە نیویۆڕک دەژی. لە (وۆڵ ستریت) وەک چاودێری بانکی وەبەرهێنان کاردەکات. کەسێکی هەستیار و وردە لەبارەی پاکوخاوێنی و تەندروستی خۆیەوە، ڕۆتینی بەیانییانەکەی کۆمەڵێک ڕاهێنان و بەرهەمی گرنگیدان بە پێستی سەرنجڕاکێش دەگرێتەوە و شانازییان پێوە دەکات. جگە لە باشترین و گرانترین شتەکان گرنگی بە هیچی تر نادات، هەر لە پێڵاوەوە تاکوو خواردن، هەر لە ئافرەتان تاکوو هاوڕێکانی لەسەر بنەمای دەوڵەمەندترین و کەشخەترین هەڵدەبژێرێت. هەروەها پاتریک بەیتمان دەروون نەخۆشێکی دەستدرێژیکار و بکوژێکی زنجیرەییە. پیاوێکە نەک تەنها پڕە لە تووڕەیی بەڵکوو پڕ لە ئارەزووی ئازارگەرانەیە بۆ ئەوەی توندوتیژترین و پێچاوپێچترین خەیاڵەکانی خۆی بەسەر مرۆڤەکانی تردا جێبەجێ بکات، بەتایبەتی لەسەر ئەو کەسانەی کە ژیانیان لەلای ئەو بە بەها دەرناکەوێت، وەک لەشفرۆش و بێلانەکان. 

چەند ڕاستییەک دەبارەی فیلمەکە

  • لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکەدا، کریسچن بەیڵ هەموو کاتێک بە شێوەزارێکی ئەمریکی قسەی دەکرد. لە ئاهەنگی کۆتاییهاتنی وێنەگرتنی فیلمەکەدا، کاتێک دەستی کرد بە قسەکردن بە شێوەزاری ئینگلیزی زگماکی خۆی، زۆرێک لە تیمەکە پێیان وابوو کە ئەو بەو شێوەیە قسە دەکات وەک ڕاهێنان بۆ شێوەزاری فیلمێکی تر، چونکە بەدرێژایی وێنەگرتنی فیلمەکە پێیان وابوو ئەمریکییە.
  • بەدرێژایی ماوەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا، کریسچن بەیڵ پەیڕەوی لە ئەو ڕۆتینی بەیانییانەی دەکرد کە کەسایەتیی پاتریک بەیتمان لەسەرەتای فیلمەکەدا پەیڕەوی دەکات.
  • زۆربەی زۆری دیالۆگەکانی ناو فیلمەکە وشە بە وشە لە ڕۆمانێکی (برێت ئێستن ئێلیس)ـەوە وەرگیراون.
  • هەندێک دیمەن کە لەناو کتێبەکەدا باسکرابوون، بەهۆی سروشتی توندڕەوی دیمەنەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی کتێبەکەوە، یان دەبوو بە تەواوی لاببرێن یان ڕێژەی توندوتیژییەکەیان بۆ فیلمەکە داببەزێنرێت.
  • سەرەتا کریسچن بەیڵ لە ڕۆڵەکە دووخرایەوە و داوا لە لیۆناردۆ دیکاپیریۆ کرا کە ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە فیلمەکەدا، ئەویش بۆ ئەم مەبەستە داوای ٢١ ملیۆن دۆلاری کرد، بەمەش بودجەی فیلمەکە دەبوو بە ناچاری بگاتە ٤٠ ملیۆن دۆلار. لیۆ کاتێک وازی هێنا و بڕیاریدا ڕۆڵ نەگێڕێت، کریسچن بەیڵ دەستی بە ڕۆڵەکە کردەوە، بودجەکە گەڕایەوە بۆ ٧ ملیۆن دۆلار کە بڕێکی گونجاوتربوو. لە ئەنجامدا بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٣٤ ملیۆن دۆلار لە بۆکس ئۆفیس فیلمەکە سەرکەوتوو بوو.
  • کریسچن بەیڵ بەشێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لە ڕۆمانی (شێتی ئەمریکی) و کەسایەتیی پاتریک بەیتمان کردووە، بۆ ئەوەی هەستی کەسایەتییەکەی بە دروستی پێ بگات و بەرجەستەی بکات. بەیڵ لەماوەی وێنەگرتنی فیلمەکەدا خۆی لە کەسانی تر بەدوور دەخست بۆ ئەوەی کەشێکی نهێنی ئامێز و نائارامکەر بۆ بەیتمان دروست بکات.


سەرچاوەکان



343 بینین