کەمخوێنی ئاسن

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-15-19:56:00 - کۆدی بابەت: 9414
کەمخوێنی ئاسن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەمخوێنی ئاسن (بە ئینگلیزی: Iron defeciency anemia)، باوترین جۆری نەخۆشی کەمخوێنییە کە جەستە بڕی پێویست خڕۆکەی سووری تەندروستی نییە، خڕۆکە سوورەکان ئۆکسجین بۆ تەواوی جەستە دەگوێزنەوە، کەمخوێنی ئاسنیش بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە دروست دەبێت کە وادەکات بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکان کەم ببێتەوە.

هۆکارەکانی کەمخوێنی ئاسن

ماددەی ئاسن یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هیمۆگڵۆبینی ناو خڕۆکە سوورەکان، لە کاتی لەدەستدان و کەمبوونەوەی ماددەی ئاسن ناتوانرێت هیمۆگڵۆبین دروست بکرێت ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان و کەمخوێنی.

هۆکارەکانی کەمخوێنی ئاسن

لەدەستدانی خوێن

ماددەی ئاسن لەناو خوێندا لە خڕۆکە سوورەکاندا هەڵدەگیرێت بڕێکی کەمیش لە سیڕەمدا هەیە، لەکاتی لەدەستدانی بڕێک خوێن ماددەی ئاسنیش لەدەست دەدرێت، ئەو خانمانەی لە کاتی سوڕی مانگانەیان بڕێکی زۆر خوێن لەدەست دەدەن ئەگەری هەیە دووچاری کەمخوێنی ئاسن ببنەوە، هەروەها ئەو نەخۆشییە درێژخایەنانەی دەبنە هۆی لەدەستدانی خوێن وەک: برینی گەدە، فتقی دەرچەیی، لووی کۆڵۆن یان شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕێکە، خوێنبەربوونی کۆئەندامی هەرسیش هەندێک جار بەهۆی ئازارشکێنە ڕەچەتەنەکراوەکانی وەک ئەسپرینەوە دروست دەبێت.

کەمخواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن

جەستە لە ڕێگەی خۆراکەوە ماددەی ئاسنی دەست دەکەوێت، بەپێی کاتیش گەر کەمی ئاسن لە ڕێگەی خۆراکەوە قەرەبوو نەکرایەوە ئاسنی ناو جەستەش بەکاردەهێنرێت و زیاتر کەم دەبێتەوە.

بێتوانایی لە مژینی ماددەی ئاسن

هۆکارێکی تری کەمخوێنی ئاسنە، لە هەندێک لە نەخۆشییدا ڕیخۆڵە باریکە توانای مژینی ماددەی ئاسن لەدەست دەدات، وەک: نەخۆشی گەنم کە کاردەکاتە سەر مژینی خۆراکەماددەکان لە خواردنی هەرسکراو، هەروەها ئەو کەسانەی بەشێک لە ڕیخۆڵە باریکەیان لابردراوە لە ڕێگەی نەشتەرکارییەوە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاسنی جەستە.

سکپڕی

بەبێ بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی ماددەی ئاسن لە هەندێک خانماندا کەمخوێنی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی ئاسنی ناو جەستە لەهەمان کاتدا لە زیادبوونی خوێنی دایک بەکاردێت و سەرچاوەی هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلەی گەشەسەندووە.

نیشانەکانی کەمخوێنی ئاسن

نەخۆشی کەمخوێنی ئاسن لە سەرەتادا نەخۆشییەکی سووکە و نیشانەکانی دەرناکەون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات کەمخوێنییەکە زیاتر دەبێت و نیشانەکان بە تووندی دەردەکەون:

  • شەکەتییەکی تووند
  • لاوازی
  • ڕەنگپەڕین
  • ئازاری سنگ، لێدانی دڵ بەخێرایی، هەناسەکورتی
  • سەرئێشە، خەواڵوویی، سەرگێژخواردن
  • ساردبوونی دەست و پێیەکان
  • هەوکردن و ئازاری زمان
  • زووشکان و لاوازبوونی نینۆکەکان
  • دروستبوونی ئارەزووی خواردنی سەهۆڵ و نیشاستە و پیسی
  • نەمانی ئارەزووی خواردن بەتایبەت لە کۆرپە و منداڵی تووشبوو بە کەمخوێنی ئاسن

هۆکارە مەترسیدارەکان

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن بریتین لە:

  • ئافرەتان، لەبەرئەوەی ئافرەتان لەکاتی سوڕی مانگانە خوێن لەدەست دەدەن ئەگەری تووشبوونیان بە کەمخوێنی ئاسن زیاترە.
  • کۆرپە و منداڵ، ئەو کۆرپانەی لە کاتی لەدایکبوون کێشیان کەمە یاخود پێشوەختە لەدایک دەبن و ئاسنی پێویست لە شیر وەرناگرن مەترسییان لەسەرە، ئەو منداڵانەی کە خواردنی تەندروست و هەمەجۆر ناخۆن ئەگەریان هەیە دووچاری کەمخوێنی ببنەوە.
  • ڕووەکخۆرەکان، ئەو کەسانەی کە گۆشت ناخۆن ئەگەری هەیە کەمخوێنی سەر هەڵبدات تێیاندا بەهۆی نەخواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن.
  • ئەو کەسانەی بەبەردەوامی خوێن دەبەخشن لەوانەیە دووچاری کەمخوێنی ئاسن ببنەوە.

لێکەوتەکانی کەمی ئاسن

زۆربەی کات کەمبوونەوەی بڕێکی کەمی ئاسن لێکەوتەی نییە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت کەمخوێنییەکە تووندتر دەبێت و کێشەی تەندروستی دروست دەکات کە بریتین لە:

  • کێشەی دڵ، کەمخوێنی ئاسن دەبێتە هۆی بەپەلە و ناڕێکی لە لێدانەکانی دڵ، دڵ پێویست دەکات زیاتر لە کاتی ئاسایی پاڵ بە خوێنەوە بنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئۆکسجین بەهۆی کەمخوێنییەوە ئەمەش وادەکات دڵ گەورە ببێت یان شکست بهێنێت.
  • کەمخوێنی ئاسن کێشە لە کاتی سکپڕیدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپە و کەمی کێشی کۆرپەی لەدایکبوو.
  • کێشەی گەشە، لە کۆرپە و منداڵ کەمخوێنی ئاسن دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشە و هەروەها هەستیاری بەرامبەر هەوکردن.

چارەسەر و ڕێگریکردن لە کەمخوێنی ئاسن

کەمخوێنی ئاسن لە ڕێگەی خواردنی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن و ڤیتامین C چارەسەر دەکرێت.

ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن

  • گۆشتی سوور 
  • خواردنی دەریایی
  • پاقلەمەنییەکان
  • سەوزە ڕەنگ تۆخەکان وەک سپێناخ
  • میوەی وشککراو وەک مێوژ و قەیسی
  • بەرهەمە دانەوێڵەییەکان
  • نیسک

ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C 

ڤیتامین C توانای مژینی ماددەی ئاسن زیاد دەکات کە لەم خواردنانەدا بوونی هەیە:

ڕێگریکردن لە کەمخوێنی ئاسن لە کۆرپەدا

پێویستە ساڵی یەکەمی تەمەنی کۆرپە شیری دایکی پێ بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە کەمخوێنی، شیری مانگا ئاسنی پێویستی تێدا نییە هەروەها گونجاویش نییە بۆ منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ، لەدوای تەمەنی شەش مانگی کۆرپە پێویستە ڕۆژانە دوو جار خواردنی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسنی پێ بدرێت لە شێوەی شۆربادا بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویستی ئاسن و خۆراکە ماددە پێویستەکان.


سەرچاوەکان



850 بینین