داس دەنووکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-20-23:02:00 - کۆدی بابەت: 9462
داس دەنووکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داس دەنووکە (بە ئینگلیزی: Ibis)، جۆرێک باڵندەیە کە نزیکەی ٣٠ جۆری جیاوازی دۆزراوەتەوە، پەیوەندی و پەیوەستی نزیکی بە باڵندە لەقلەقەکانەوە هەیە و لەهەمان پلەدا دانراون، نشینگەکەی دەکەوێتە هەندێک لە وڵاتە جیاوازەکانی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای ناوەڕاست، ئەمریکای باشوور، ئۆراسیا لەگەڵ ئوستوڕالیا، جێگەی ژیانکردنیشی لە ناوچەی زۆنگاو و زەلکاوەکانە لەگەڵ زەوییە تەڕەکان.

تاکەکانی ئەم باڵندەیە پێکەوە دەژین و پۆلی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، لە ڕابردوودا میسڕییە کۆنەکان داس دەنووکەی پیرۆزیان بە بوونەوەرێکی ڕێزلێگیراو ناودەبرد، کە جیاوازبوو لە ئەو جۆرانەی تری داس دەنووکە کە لە ئێستادا لە میسڕ بوونیان هەیە، واتە جۆرە پیرۆزەکە لە میسڕدا نەماوە و نشینگەکەی وڵاتی تر دەگرێتەوە، هەروەها هەندێکی تر لە جۆرەکانی داس دەنووکە دەکرێت مەترسی لەناوچوونیان لەسەربێت چونکە ژمارەیان کەمبووەتەوە.  

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی داس دەنووکە ئەوەیە کە مل و قاچی درێژە و جەستەی بازنەییە، هەروەها دەنوکێکی درێژیشی هەیە کە کەمێک چەماوەتەوە، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک سپی، ڕەش، قاوەیی و ڕەساسی، قەبارەی ئەم باڵندەیە مامناوەندە و کێشی لە نێوان ٠.٣-٢ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٥٠-٦٥ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها درێژی مەودای نێوان باڵەکانی لە نێوان ٨٠-١٢٠ سانتیمەتر دەبێت، قەبارەی مێینەکانی بچووکترە بە بەراورد بە نێرینەکان.

لەناو دەنووکیدا هەستەوەر هەیە کە کاتێک دەنووکی لەناو ئاودا دەگەڕێنێت دەتوانێت بزانێت کام جۆر گیانەوەری تێدایە بەبێ ئەوەی بیبینێت، زۆرینەی جۆرەکان ناوچەکانی سەر و سنگ و ڕووخساریان پەڕی پێوە نییە و ڕووتە، کە دواتر لە وەرزی زۆربووندا ڕەنگی ئەو ناوچانە دەگۆڕێت بۆ پەمەیی کاڵ.  

خۆراک

داس دەنووکە باڵندەیەکی هەموو شتخۆرەیە ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە ماسی، کرمۆکە، کرم، کوللە، ڕۆبیان، قالۆنچە، توێكڵداری نەرم، ڕووەکی ئاوی، قەوزە، مێروو لەگەڵ قرژاڵەکان، لەناویشیاندا ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، ئەم باڵندەیە جۆرێکی ڕۆژەکییە واتە چالاکییەکانی وەک ڕاوکردن و پشوودان یاخود خاوێنکردنەوەی بەڕۆژدا ئەنجام دەدات.

یەکێکیتر لە جیاوازییەکانی ئەوەیە کە بەگوێرەی خۆراکەکەی ڕەنگی پەڕەکەی دروستدەبێت، بۆ نموونە داس دەنووکەی قرمزی ڕەنگی پەمەییەکی کاڵە چونکە ژەمە خۆراکییەکانی بڕێکی زۆر ڕۆبیانی تێدایە، بەڵام ئەم باڵندەیە خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ باڵندە ڕاوکەرە گەورەکانی وەک باز و هەڵۆ یاخود شینە شاهۆ، یاخود لەلایەن گیانەوەرانی ترەوە ڕاودەکرێت وەک مار و مەیموونەکان یاخود قەلەڕەشەکان، هۆکارەکانی تری لەناوچوونیان ڕاوکردنیانە لەلایەن مرۆڤەکانەوە یاخود وشکبوونی جێگەی نیشتەجێبوونیان، جگە لە ئەمانەش هێلکە و بێچووە بچووکەکان هەندێکجار لە هێلانەکانەوە بەردەبنەوە و دەمرن.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوون بە گوێرەی نشینگە و جۆرەکان دەگۆڕێت و جیاوازە، زۆرینەی جۆرەکانی ئەم باڵندەیە بێدەنگن بەڵام لە وەرزی زۆربووندا خیزە و زیکاندن یاخود هەناسەدانیان بەدەنگەوە دەبێت، ئەمەش بۆ بانگکردنی هاوبەشەکانیان ئەنجام دەدەن، دەکرێت هێلانە لە ناوچە نزمەکانی درەخت و دەوەنەکاندا دروستبکەن، یاخود هەندێکی تریان لە جێگەی بەرز و لاپاڵی چیاکاندا دروستی دەکەن، هێلانەکانیش بەگشتی لە چڵی درەختەکان پێکهاتوون و هەردوو هاوبەشەکە پێکەوە دروستی دەکەن، لە کاتی یەکگرتندا هەندێک لە هاوبەشەکان هەموو ساڵێک پێکەوە دەبن، داس دەنووکەی هەندێک لە جۆرەکانی تریش هەموو ساڵێک هاوبەشی نوێیان دەبێت.

پاش یەکگرتن مێینەکان بەگشتی ٣-٥ هێلکە دەکەن، ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان ٣-٤ هەفتە دەخایەنێت کە هەردوو دایک و باوکەکە پێکەوە و بەنۆرە ئەنجامی دەدەن، دواتریش لە گرنگیدان و هێنانی خۆراک بۆ بێچووەکان هەردوو دایک و باوکەکە بەشدارن، ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکان بەگشتی تەنها دوو دانەیە، لەسەرەتادا دەنووکی بێچووەکان ڕێک و ڕاستە بەڵام پاش تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ شێوەکەی دەگۆڕێت و دەبێت بە چەماوە.

هەروەها گەشەسەندنی بێچووەکان پێویستی بە نزیکەی ٢٨-٥٦ ڕۆژ دەبێت، دوای تێپەڕاندنی چەند هەفتەیەکیش لە ئەو ماوەیە هەر بێچوویەک دەبێتە تاکێکی سەربەخۆ و پشتبەخۆی دەبەستێت، هەندێک لە بێچووەکانیش بۆماوەیەکی زۆر درێژتر لەگەڵ دایک و باوکیاندا دەمێننەوە، بۆ فێربوونی شێوازی ڕاوکردن بە وردی و دروستی یاخود فێربوونی شێوازە گونجاوەکانی کۆچکردن، هەروەها سوڕی ژیانی ئەم باڵندەیە لە نێوان ٨-١٥ ساڵ دەبێت، درێژترین ماوەی تەمەنی تۆمارکراویش داس دەنووکەیەک بووە کەتوانیویەتی زیاتر لە ١٦ ساڵ بژی.

جۆرە سەرەکییەکان

  • داس دەنووکەی زەبەلاح
  • داس دەنووکەی درەوشاوە
  • داس دەنووکەی ئاسنگەر
  • داس دەنووکەی سۆفی
  • داس دەنووکەی مل پووش
  • داس دەنووکەی پیرۆز
  • داس دەنووکەی شان سپی
  • داس دەنووکەی کورتەباڵا
  • داس دەنووکەی کەچەڵی باکووری
  • داس دەنووکەی سپی
  • داس دەنووکەی ڕووخسار سپی


سەرچاوەکان



272 بینین