نەهەنگی بکوژ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-20-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9463
نەهەنگی بکوژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەهەنگی بکوژ یاخود ئۆرکا (بە ئینگلیزی: Killer whale or Orca)، جۆرێک دۆلفینی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و گەورەترین ئەندامی خێزانی دۆلفینەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و دەتوانێت لە هەردوو ناوچەی ئاوی گەرم و سارددا خۆی بگونجێنێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان پێکەوەیە واتە گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن، هەروەها ئەم بوونەوەرە ئاوییە خێرایە و دەتوانێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، جۆرێکی تری دۆلفینەکان کە پێی دەوترێت نەهەنگی بکوژی کورتەباڵا خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ نەهەنگی بکوژدا هەیە، بەڵام قەبارەی بچووکترە و بەدەگمەنیش دەردەکەوێت.

نەهەنگی بکوژ جۆرێک دۆلفینی شەڕانگێز نییە تەنها کاتێک نەبێت کە هەوڵی ڕاوکردن بدات، بەڵکو بە پێچەوانەوە گیانەوەرێكی کەیفخۆشە و زۆرینەی جارەکان کاردانەوەیان دەبێت لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کە لە ناوچە ئاوییەکانیاندا هەن، بە کەشتی بۆ گەشتکردن بێت یاخود هەر هۆکارێکی تر نزیکیان دەبنەوە، سەرەڕای ئەوەی ناوی نەهەنگی بکوژە بەڵام هیچ تۆمارێک نییە کە ئەم دۆلفینە مرۆڤی کوشتبێت یاخود بیکات بە ژەمە خۆراکی، هۆکاری ناوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا ژمارەیەک دەریاوان کۆمەڵێک لە ئەم جۆرە دۆلفینەیان بینییوە، کۆمەڵەکە ددانیان درێژبووە و پێکەوە نەهەنگێکیان ڕاوکردووە و دەیانخوارد، بەهۆیەوە دەریاوانەکان بوونەوەرەکەیان بە نەهەنگی بکوژ ناوناوە.   

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە پێستێکی ساف داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی ڕەش و سپییە، بەئاسانی دەناسرێتەوە بەهۆی ڕەنگی ڕەشی پشتی و ڕەنگی سپی سکییەوە بەهۆیەوە بەخێرایی لە بوونەوەری ئاوی تر جیادەکرێتەوە، قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی بەنزیکەیی لە نێوان ٦٨٠٠-٨٦١٨ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٧-٩.٧ مەتر دەبێت، لەسەر پشتییەوە پەڕەکەیەکی گەورەی هەیە و لە پشت چاوەکانیشییەوە دوو خاڵی سپی گەورە هەیە، ددانەکانی درێژن و دەکرێت بگەنە ١٠ سانتیمەتر، درێژی پەڕەکەی سەر پشتی دەگاتە نزیکەی دوو مەتر کە هاوکاری جەستەی دەکات هەتاکوو بە هاوسەنگی بمێنێتەوە، کلکیشی هاوکاری دەکات هەتاکوو بتوانێت زۆر بە خێرایی مەلەبکات.

هەروەها نەهەنگی بکوژ ئەندامی سییەکانی هەیە کە پێویستە ئۆکسجین بباتە ناوەوە و بیکاتە دەرەوە، هەبوونی کونەلووت لەسەر سەریدا ڕۆڵی لووتی دەبینێت، بەهۆیەوە بەشێوەیەکی ساکار کاتێک پێویستی بە وەرگرتن یاخود دەرکردنی ئۆکسجین دەبێت بەشی سەرەوەی سەری دەباتە سەر ڕووی ئاو، درێژترین ماوە کە ئەم دۆلفینانە دەتوانن لەژێر ئاودا بمێننەوە و هەناسەیان بگرن دەگاتە ١٥ خولەک، هەرچەندە زۆرینەیان تەنها دەتوانن ١٠ خولەک لە ژێر ئاودا بمێننەوە.  

خۆراک

ئەم بوونەوەرە ئاوییە گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە سەگی ئاوی لەگەڵ ماسی و مەرەکەب یاخود هەندێکجار دەکرێت باڵندەکانیش بخۆن، لەناویشیاندا خۆراکی پەسەند و دڵخوازی سەگە ئاوییەکانە، تاکێکی پێگەیشتووی ئەم جۆرە دۆلفینە ڕۆژانە نزیکەی ١٣٦ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، شێوازی ڕاوکردنی نێچیرەکانیشی هاوشێوەی دۆلفینەکانی تر لە ڕێگەی دەنگدانەوە دەبێت، نەهەنگی بکوژ کرتەکرتی لەرەلەر بەرز دەنێرێت بۆ ناوچەکانی دەوروبەری لەناو ئاودا، کاتێک دەنگەکان بەر شتێک یاخود گیانەوەرێک دەکەون دەگەڕێنەوە بۆ دۆلفینەکە و بەهۆیەوە جێگەکەیان دەستنیشان دەکات.

بەڵام نەهەنگی بکوژ خۆشی دەبێت بە نێچیر بۆ قرشە گەورەکان، ئەمەش زۆر بەکەمی ڕوودەدات چونکە قەبارەیەکی گەورەی هەیە و بوونەوەری ئاوی لەخۆی گەورەتر کەمن هەتاکوو بتوانن ڕاویبکەن، یاخود دەکرێت لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕاوبکرێن، هۆکارەکانی تری مردنیان دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی ئاوی نشینگەکانیان یاخود هەبوونی گەشتیار و تێکدانی چالاکی ناوچەکانیان، هەندێکجاریش نەهەنگە بکوژەکان تووشی نەخۆشی دەبن وەک نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان یاخود جۆری جیاوازی تر لە نەخۆشیەکان، بەهۆیەوە دەمرن و دەکەونە سەر ڕووی ئاو.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن بە درێژایی ساڵ دەکرێت ڕووبدات واتە کاتی دیاریکراوی نییە، شێوازی پەیوەندیکردنی تاکەکان بە یەکترییەوە لە ڕێگەی فیکە لێدان و کرتەکرتەوە دەبێت، مێینەکان لە تەمەنی ١٤-١٥ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەروەها هەموو ٣ بۆ ١٠ ساڵ جارێک یەک بێچوویان دەبێت.

پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکان ١٥-١٨ مانگ دەخایەنێت، پاشان یەک بێچوو لەدایکدەبێت کە ڕاستەوخۆ چاوەکانی دەکاتەوە و دەتوانێت هاوشانی دایکی مەلە بکات، کاتێک بێچووەکە تەمەنی دەگاتە ساڵێک لە شیر دەبڕدرێتەوە و ئەو گیانەوەرانە دەخوات کە دایکی ڕاویدەکات، بێچووەکان هەتاکوو نەبن بە تاکی پێگەیشتوو دایکیان جێناهێڵن و هەندێکیان بۆ هەمیشە لەگەڵیدا دەمێننەوە، هەروەها ئەم بوونەوەرە ئاوییە تەمەنێکی درێژ دەکات کە سوڕی ژیانی لە نێوان ٥٠-٦٠ ساڵ دەبێت، تەمەنی مێینەکانیش ١٠-٢٠ ساڵ زیاترە بە بەراورد بە نێرینەکان.  

جۆرە سەرەکییەکان

زاناکان جۆرەکانی نەهەنگی بکوژیان لە سێ کۆمەڵەدا پۆلێنکردووە، دۆلفینی ئەم کۆمەڵانە جێگەی ژیانکردن و خۆراک و تایبەتمەندییەکانیان جیاوازە، تەنانەت لەڕووی بۆهێڵ و بۆماوە ماددەکانیشیانەوە جیاوازییان هەیە، کۆمەڵە سەرەکییەکانیش ئەمانەن:

  • نەهەنگی بکوژی نیشتەجێبوو: ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵەکەی لە نێوان ٥-٥٠ ئەندام دەبێت.
  • نەهەنگی بکوژی کاتی: ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵەکەی لە حەوت ئەندام پێکهاتووە یاخود کەمترە.
  • نەهەنگی بکوژی دوور لە کەنارەکان: ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵەی ئەم جۆرەشیان جیاوازە کە دەکرێت لە ٢٠ دانە کەمتر بن، یاخود بەڕادەیەک کۆمەڵەکەی گەورەبێت کە بگاتە زیاتر لە ١٠٠ ئەندام.


سەرچاوەکان



409 بینین