نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-21-13:47:00 - کۆدی بابەت: 9469
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی یان ئێف بی ئای (بە ئینگلیزی: Federal Bureau of Investigation، بە عەرەبی: مكتب التحقيقات الفيدرالي) کە بە کورتکراوەی "FBI" دەناسرێت. دەزگایەکی حکوومییە لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کە وەک دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی و هێزی جێبەجێکردنی یاسا کاردەکات. FBI دەسەڵاتی دادوەری لەسەر زیاتر لە ٢٠٠ تاوانی فیدراڵی هەیە. دەزگاکە لە ساڵی ١٩٠٨ لە ژێر ناوی دیوانی لێکۆڵینەوە دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٣٥ گۆڕدراوە بۆ ناوی ئێستای.

بارەگا سەرەکییەکەی لە باڵەخانەی (جەی ئێدگار هوڤەر)ـە لە واشنتن، خاوەنی ٥٦ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ناوەندییە کە لە شارە دیارەکانی ئەمریکا هەڵکەوتوون، زیاتر لە ٣٥٠ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی لە شار و ناوچە کەم گرنگەکان، هەروەها ٦٠ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

ئەرک و بودجە

دیدگا و بەرپرسیارێتیەکان

بەگشتی FBI لەسەر بنەمای پاراستن و بەرگریکردن لە ئەمریکا و جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵیەکان و بەدەستهێنانی دادپەروەریی تاوانکاری لە سەرتاسەری ئەمریکا دامەزراوە. ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیین لە:

  1. پاراستنی ئەمریکا لە هێرشە تیرۆریستیەکان
  2. دژە هەواڵگری و چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگری بیانی
  3. پاراستنی ئەمریکا لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە ئاست بەرزەکان
  4. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا
  5. پاراستنی مافە مەدەنییەکان
  6. بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان
  7. بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی کۆلارە سپییەکان (وەک بەرتیل و ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە)
  8. بەرەنگاربوونەوەی تاوانە توندوتیژییە گەورەکان.

بودجە

کۆی بودجەی FBI، لە دارایی ساڵی ٢٠١٩، نزیکەی ٩.٦ ملیار دۆلار بووە. لە ڕێگەپێدان و داوای بودجەی خۆی بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١، FBI داوای ٩,٨٠٠,٧٢٤,٠٠٠ دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە. لەو بڕە پارەیە ٩,٧٤٨,٨٢٩,٠٠٠ دۆلار بۆ مووچە و خەرجییەکان تەرخانکراوە، هەروەها ٥١,٨٩٥,٠٠٠ دۆلار بۆ کارەکانی پەیوەست بە بیناسازی تەرخانکراوە. بەرنامەی مووچە و خەرجییەکانی ئەو ساڵە بە بەراورد بە ساڵی پێشووتری خۆی ١٩٩,٦٧٣,٠٠ دۆلار زیادی کردووە.

پاشخان

لە ساڵی ١٨٩٦دا نووسینگەی نیشتمانی لێکۆڵینەوەی تاوانەکان دامەزرا، کە زانیارییەکانی بە دەزگاکانی سەرانسەری ئەمریکا دەدا بۆ ناسینەوەی تاوانبارانی ناسراو. تیرۆرکردنی سەرۆک ویلیام مەکینلی لە ساڵی ١٩٠١ تێڕوانینێکی گشتی دروستکرد کە ئەمریکا لە ژێر هەڕەشەی ئەنارکیستەکاندایە. وەزارەتەکانی داد و کار چەندین ساڵ زانیارییان لەسەر ئەنارکیستەکان کۆکردبووەوە، بەڵام سەرۆک تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت داوای گرنگی زیاتری کرد بۆ چاودێریکردنیان.

وەزارەتی داد لە ساڵی ١٨٨٧ـەوە ئەرکی ڕێکخستنی بازرگانی نێوان ویلایەتەکانی پێسپێردراوە، هەرچەندە کارمەندی کەمی هەبوو بۆ ئەو کارە. وەزارەتەکە هەوڵێکی کەمی نەدا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی کارمەندەکانی بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئەرکە نوێیەی کە پێی سپێردرابوو ئەنجام بدات و ئەمەش تا ئابڕووچوونی ساختەکاریی زەوی ئۆریگۆن لە سەدەی بیستەمدا بەردەوام بوو. سەرۆک ڕۆزڤێڵت بڕیارێکی نارد بۆ داواکاری گشتی، چارڵز بۆناپارت، بۆ دروستکردنی بەشی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە تەنیا ڕاپۆرت بە داواکاری گشتی بدات.

داواکاری گشتی، چارڵز بۆناپارت، پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە دەزگاکان بەست و لەنێویاندا دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی، بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ کارمەندان و لێکۆڵەران. بەڵام لە ٢٧ی ئایاری ١٩٠٨دا کۆنگرێس خراپ بەکارهێنانی کارمەندانی گەنجینەی لەلایەن وەزارەتی دادەوە قەدەغە کرد، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی لەوەی دەزگا نوێیەکە ڕۆڵی پۆلیسی نهێنی بگێڕێت. بە فەرمانی ڕۆزڤێڵت، بۆناپارت جارێکی تر لەگەڵ کۆمەڵێک کارمەندی تایبەت بە خۆی هەنگاوی نا بۆ دامەزراندنی نووسینگەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی.

دامەزراندنی دیوانی لێکۆڵینەوە

دیوانی لێکۆڵینەوە (BOI) لە ٢٦ی تەممووزی ١٩٠٨ دامەزرا. چارڵز بۆناپارت داواکاری گشتی، پارەی وەزارەتی دادی بەکارهێنا بۆ دامەزراندنی سی و چوار کەس، لەنێویاندا بریکاری پێشووی خزمەتگوزاری نهێنی، بۆ کارکردن لە دەزگا نوێیەکە. ستانلی فینچ یەکەم سەرۆکی ئۆفیسی نوێ بوو، لەو کاتەدا نازناوی "بەڕێوەبەر"ـی هەبوو. بۆناپارت لە کانوونی دووەمی ١٩٠٨دا کۆنگرێسی لەم ڕێوشوێنانە ئاگادار کردەوە.

یەکەم ئەرکی نهێنی نووسینگەی لێکۆڵینەوە سەردانیکردن و ڕووپێویکردن بوو لە خانووەکانی لەشفرۆشی وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی "یاسای بازرگانی بە سپی پێستەکان" یان یاسای مان، کە لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩١٠ پەسەندکرا. لە ساڵی ١٩٣٢ ناوی نووسینگەکە گۆڕدرا بۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا.

دامەزراندنی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی

ساڵی دواتر، ساڵی ١٩٣٣، کارەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە بەسترایەوە بە کارەکانی نووسینگەی خۆپاراستن لە کحوول، دواتریش بەشی لێکۆڵینەوەکان (DOI) پێکهێنرایەوە؛ کە لە ساڵی ١٩٣٥ بوو بە دەزگایەکی سەربەخۆ لەناو وەزارەتی دادی ئەمریکا. هەر لەو ساڵەدا بە فەرمی ناوی بەشی لێکۆڵینەوەکان گۆڕدرا بۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی واتە FBI.

هێڵکاری ڕێکخراوەیی

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە شەش لقی کارا پێکدێت، جگە لە ئۆفیسی سەرەکی یان نووسینگەی بەڕێوەبەری جێبەجێکار، کە تێیدا هەموو کارەکانی کارگێڕی پەیوەست بە دەزگاکە کۆنترۆڵ دەکرێت. بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی پێشکەوتنی کارەکانی، فەرمانگەکان بەسەر لقەکاندا دابەش دەکرێن و لەلایەن جێگری یاریدەری بەڕێوەبەرەوە بەڕێوەدەبرێن، پاشان لقەکانیش بەسەر بەشەکاندا دابەش دەکرێن کە لەلایەن بەرپرسی بەشێکەوە بەڕێوەدەبرێن.

بەرپرسانی هەر لقێک ڕاپۆرت دەدەنە جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دواتر ڕاپۆرتەکان پێشکەش بە بەڕێوەبەری هاوبەش دەکرێن. شەش لقە کاراییەکە بریتین لە:

لقی ئاسایشی نیشتمانی: بەرپرسیارە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەکی کۆمەڵکوژ و پووچەڵکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان.

لقی لێکۆڵینەوەی تاوان: لێکۆڵینەوە لە تاوانە ڕێکخراوەکان، توندوتیژی، دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی تایبەت، گەندەڵی و ئەو تاوانانە دەکات کە کەسانی کاریگەر لە کۆمەڵگادا ئەنجامی دەدەن.

لقی هەواڵگری: بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی ستراتیجی بۆ فەرمانگەکە، ئاڕاستەکردن و سەرپەرشتیکردنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی.

لقی زانست و تەکنەلۆجیا: ئەرکی پشتگیریکردنی فەرمانگەی هەیە، لەڕێگەی پەرەپێدان و دۆزینەوەی ئەوەی کە لە زانست و تەکنەلۆجیادا نوێیە و دابینکردنی ئامراز و شێوازی داهێنەرانە بۆ بەرزکردنەوەی هەردوو چالاکیی زیرەکی و لێکۆڵینەوە.

لقی تەکنەلۆجیا و زانیاری: پشتگیری تەکنەلۆجیا و زانیاری پێشکەش دەکات.

لقی سەرچاوە مرۆییەکان: بەرپرسیارە لە دانان و ڕاهێنان و شایستەکردنی کارمەند و تەکنیکار و کارگێڕانی دەزگاکە.

نووسینگەی بەڕێوەبەری جێبەجێکار یان ئۆفیسی سەرەکی نوێنەرایەتی ناوەندی کارەکانی FBI دەکات، و پشتگیری دارایی و تەکنیکی و کارگێڕی پێشکەش بە هەموو فەرمانگە و لق و توخمەکانی دەزگاکە دەکات. جگە لە شەش لقە ڕێکخراوەییەکە، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ئۆفیسی سەرەکی لە ئەستۆی هاوبەشی بەڕێوەبەرە کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی لقی تەکنەلۆجیا و زانیاری ئاژانسەکە دەکات.

پلەکان

پلەی مەیدانی

  • بریکاری ژێر تاقیکردنەوە (Probationary Agent)
  • لێکۆڵەر (Special Agent)
  • بریکاری گەورەی لێکۆڵەران (Senior Special Agent)
  • چاودێری لێکۆڵەران (Supervisory Special Agent)
  • یاریدەدەری بەرپرسی لێکۆڵەرەکان (ASAC)
  • بەرپرسی لێکۆڵەرەکان (SAC)

پلەی کارگێڕی

  • سەرۆکی بەش (Section Chief)
  • جێگری یاریدەدەری بەڕێوەبەر (Deputy Assistant Director)
  • یاریدەدەری بەرێوەبەر (Assistant Director)
  • یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوبەش (Associate Executive Assistant Director)
  • یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکار (Executive Assistant Director)
  • جێگری بەڕێوەبەری یاریدەدەر (Associate Deputy Director)
  • جێگری بەڕێوەبەر (Deputy Director)
  • بەڕێوەبەر (Director)


سەرچاوەکان



444 بینین