کاپۆچینۆ

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-21-18:56:00 - کۆدی بابەت: 9477
کاپۆچینۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاپۆچینۆ یان کەپۆچینۆ (بە ئینگلیزی: Cappuccino) جۆرە خواردنەوەیەکی ئیتاڵییە لە ئێسپرێسۆ و شیر و کرێم دروست دەکرێت، ئەم جۆرە قاوەیە قەبارەکەی کەمترە هەروەها ڕێژەی کەفی سەر قاوەکەی زۆرترە لە چاو لاتتێدا (جۆرێکی تری قاوەیە)، ئێسپرێسۆش بەهۆی برژاندن و هاڕینی قاوەی تۆخ دروست دەکرێت.

مێژووی کاپۆچینۆ

وشەی کاپۆچینۆ لە ئیتاڵیدا بە واتای کڵاوی بچووک دێت، لە سەدەی شازدەیەمدا جۆرە مەیموونێک لە ئیتاڵیا نیشتەجێبوون پێیان دەگوترا کاپۆچینەکان کە فەروویەکی قاوەیی تۆخ و دەموچاوێکی سپییان هەبوو، ئەمەش هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو شیرەی کەفی پێ دەکرێت و لە بەشی سەرەوەی قاوە تۆخەکە دادەنرێت، هەروەها لە سەدەی بیستەم بۆ یەکەم جار ئێسپرێسۆ دروستکرا لە ساڵی 1901 بەهۆی داهێنانی ئامێری تایبەتی دروستکردنی ئێسپرێسۆوە، لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بۆ یەکەمین جار دروستکردنی کاپۆچینۆ تۆمار کراوە، لەپاش ئەوەی لە ئیتاڵیا بڵاوبووەوە. کاپۆچینۆ یەکەم جار لە ئەورووپا و ئینگلتەرا بەناوبانگ بوو، پاشان کاپۆچینۆ لە وڵاتانی ئوستوڕالیا و باشووری ئەمریکا و بەشەکانی تری ئەورووپا بڵاوبووەوە، لە ساڵی 1980 لە ئەمریکا بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی بەهۆی فرۆشتنییەوە لە قاوەخانەکان، لە هەندێک لە وڵاتەکان بە شێوەیەکی کەمێک جیاوازتر لەوانی تر دروست دەکرا.

پێکهاتەکان

بۆ دروستکردنی ئێسپرێسۆ

  • 18 گرام قاوەی تۆخی برژاو
  • 80 میلیلیتر ئاو

بۆ دروستکردنی شیری کەفکردوو

  • 80 میلیلیتر شیری گیراوە

شێوازی ئامادەکردنی کاپۆچینۆ

لە بنەڕەتدا کاپۆچینۆ لە سێ بەشی یەکسان پێک دێت، بەشی ژێرەوەی ئێسپرێسۆ دواتر بەشی ناوەڕاست لە شیری بەهەڵمکراو پێکدێت و لە بەشی سەرەوەش شیری بەکەف زیاد دەکرێت، بۆ ئامادەکردنی خواردنەوەی کاپۆچینۆ پێویست بە ئامێری کارەبایی دروستکردنی ئێسپرێسۆ دەکات، قاوەکە دەکرێتە ناو ئامێرێکەوە ئاوی پێویستی بۆ زیاد دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تاکوو ئامادە دەبێت و دەکرێتە ناو کووپێکی 120-150 میلیلیتری، پاشان شیرەکە گەرم دەکرێت لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا پاشان لە ڕێگەی ئامێری تێکەڵکردن یان ئامێری تایبەت بە دروستکردنی کەف شیرەکە بەکەف دەکرێت و بەشێوەی بازنەیی دەکرێتە ناو کووپەکەوە، لە کۆتاییدا نەخشی تایبەتی لە بەشی سەرەوەی دروست دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو بڕە کەفەی لە کۆتایی دەفری شیرەکە دەمێنێتەوە، لە هەندێک شوێنی تر لە بری دانانی شیری کەفکردوو لە بەشی سەرەوەی کووپەکە کرێم دادەنرێت و پێشکەش دەکرێت، هەروەها لە هەندێک شوێنی تر شەکر دەکرێتە ناو ئێسپرێسۆکەوە و کاپۆچینۆکە بە شیرینی پێشکەش دەکرێت بەڵام کاپۆچینۆ لە بنەڕەتدا هیچ شەکرێکی بۆ زیاد ناکرێت و بەتاڵی دەخورێتەوە.


سەرچاوەکان



490 بینین