شینە شاهۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-21-21:51:00 - کۆدی بابەت: 9481
شینە شاهۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شینە شاهۆ یاخود پاشای خەمبار (بە ئینگلیزی: Heron)، جۆرێکی باڵندەیە و ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی ناوچەی زەوییە تەڕەکانە، کە ئەم باڵندەیە لەگەڵ ئاووهەوای جێگەکەیدا زۆر گونجاوە و هەر کاتێک ڕووبەڕووی گۆڕانکاری ببێتەوە هەستیارییەکی زۆر دەنوێنێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە واتە پێکەوە پۆل و کۆمەڵەی تایبەت دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆبووندا نەبێت کە کۆمەڵەی گەورە پێکدەهێنن.

شینە شاهۆ باڵندەیەکی خێرایە و لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٦٤ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها جۆرێک باڵندەی کۆچەرییە و بەگوێرەی گۆڕانی ئاووهەوا نشینگەکەی دەگۆڕێت، ئەو مەودایەی کە دەیبڕن بە گوێرەی جێگەی هێلانە و زۆربوونیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە شینە شاهۆی باشوور بە درێژایی ساڵ لەهەمان جێگەدا دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی باکوور لە وەرزی زستاندا کۆچدەکەن بۆ ناوچەکانی باشوور کە کەشوهەوای گونجاوترە و ئاو نایبەستێت، ژمارەی تاکەکانی زۆرینەی جۆرەکان کەم نییە بەڵام هەندێکیان مەترسی لەناوچوونی گەورەیان لەسەرە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونیشیان نەمانی ناوچەی زەوییە تەڕەکانە کە تێیدا نیشتەجێن.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی شینە شاهۆ بە پەڕ داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، سپی، قاوەیی، شین، زەرد یاخود ڕەساسی، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی ئەوەیە کە ملی درێژ و چەماوەیە شێوەی وەک پیتی (S)ـی ئینگلیزییە، قاچەکانی درێژە و دەنووکی تیژ و ئاڕاستەکراوە، ئەم باڵندەیە قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە کێشی جەستەی لە نێوان ١.٥-٣ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی لە نێوان ٨٥-١٤٠ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها مەودای نێوان باڵەکانی گەورەیە و دەگاتە زیاتر لە ٢ مەتر، یەکێکیتر لە جیاوازییەکانی ئەوەیە کە بەشێکی پەڕەکانی بۆدرەیەکی هەیە کە باڵندەکە بۆ خاوێنکردنەوەی خۆی بەکاریدەهێنێت.  

خۆراک

ئەم باڵندەیە جۆرێکی گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکانی بریتین لە مێرووی ئاوی، خشۆک، وشکاوەکی، نەرمۆکەکان لەگەڵ ماسی، لەناویشیاندا ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، بەهۆی هەستی بینینی پەرەسەندوویەوە نێچیرەکانی دەستینشان دەکات پاشان بەخێرایی بەهۆی دەنووکییەوە دەیانگرێت، هەندێک لە جۆرەکان ژەمە خۆراکییەکانیان جۆری جیاوازی گیانەوەرە، بەڵام هەندێکی تریان تەنها یەک جۆر خۆراک دەخۆن، هەروەها شینە شاهۆ یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە دەبێتە هۆی پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی، کە ڕێگریدەکات لە بەرزبوونەوەی ژمارەی هەندێک لە بوونەوەران، بەڵام لەهەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک قەلەڕەش، ورچ، باز، داڵ، هەڵۆ، ڕێوی و ڕاکۆنەکانیش، شینە شاهۆ پێگەیشتووەکان ژمارەی ڕاوچییەکانیان زۆر کەم و دیاریکراوە، بەڵام بێچووەکان لەلایەن زۆرینەی بوونەوەرانەوە دەخورێن.   

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی یەکگرتن بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە، بەڵام بەگشتی نێرینەکان سەرنجی مێینەکان ڕادەکێشن بە فڕین و بڵاوکردنەوەی پەڕەکانیان، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە ژمارەیەکی زۆر دەنگی جیاوازیان هەیە و بەکاریدەهێنن، هەروەها جگە لە ئەمانەش نێرینەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان لە وەرزی زۆربووندا پەڕی درێژ و ڕەنگدار و پۆپنەیان دەبێت، دوای ئەوەی مێینەیەک نێرینەیەک وەک هاوبەش هەڵدەبژێرێت و یەکدەگرن، پاشان مێینەکە بەیەکجار زیاتر لە حەوت هێلکە دەکات، جێگەی دروستکردنی هێلانەکەیان لەسەر درەخت و دەوەنەکان دەبێت یاخود لە کەندەڵان و لێوارە بەرزەکاندا، ماوەی نیشتنیش لەسەر هێلکەکان مانگێک دەخایەنێت، هەردوو دایک و باوکەکە پێکەوە و بەنۆرە نیشتن لەسەر هێلەکان لەگەڵ خۆراک هێنان و گرنگیپێدان بە بێچووەکان ئەنجام دەدەن، پاش هەڵهاتنیان ئەو بێچووەی قەبارەی گەورەترە خۆراکی زیاتری پێدەدرێت چونکە ئەگەری ڕزگاربوون و پێگەیشتنی زیاترە، پاشان لە ماوەی نێوان ٢-٣ مانگدا پەڕەکانیان بەتەواوی گەشە دەکات و ڕەنگ وەردەگرێت، هەروەها توانای فڕین و پشتبەخۆ بەستنیان دەبێت، بێچووەکان لەوانەیە لەماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا ڕاوبکرێن یاخود بەهۆکاری تر لەناوبچن، بەڵام ئەوانەی کە پێدەگەن سوڕی ژیانیان لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

جۆرە جیاوازەکانی شینە شاهۆ لە سێ کۆمەڵەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، کە توێکاری جەستە و هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانیان جیاوازە، کۆمەڵەکانیش ئەمانەن:

  1. شینە شاهۆی ڕۆژەکی: جۆرەکانی ئەم کۆمەڵەیە چالاکییەکانیان بەڕۆژدا ئەنجام دەدەن و ملیان لەناو ئاودا دەکشێنن، نموونەی جۆرەکانیشی وەک، شینە شاهۆی مەزن، شینە شاهۆی سەر ڕەش، شینە شاهۆی ڕەساسی.
  2. شینە شاهۆی شەوانە: جۆرەکانی ئەم کۆمەڵەیان چالاکییەکانیان بە شەودا ئەنجام دەدەن، دەنووکیان ئەستورترە بەڵام قاچەکانیان کورتترن، نموونەی جۆرەکانیشی وەک، شینە شاهۆی شەوانەی تاج ڕەش لەگەڵ شینە شاهۆی شەوانەی تاج زەرد.
  3. شینە شاهۆی پڵنگی: شەش جۆری سەرەکی هەیە کە زۆرینەی جۆرەکانی لە ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و ئەمریکای باکوور نیشتەجێن، پەڕەکانی ئەم باڵندەیە بەجۆرێک نەخش و نیشانەی لەسەرە کە وەک پێستی پڵنگ دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



560 بینین