گرێلین

له‌لایه‌ن: - گلێنە ئازاد گلێنە ئازاد - به‌روار: 2022-07-24-19:01:00 - کۆدی بابەت: 9526
گرێلین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرێلین (بە ئینگلیزی: ghrelin، بە عەرەبی: جریلین)، هۆڕمۆنێکە لە لایەن گەدەوە بەرهەم دەهێنرێت و دەر دەدرێت، مێشک ئاگادار دەکاتەوە کە گەدە خاڵییە و پێویستی بە خواردنە. ئاستی گرێلین لە نێوان ژەمەکاندا بەرز دەبێتەوە، هەروەها کاتێک گەدە پڕ دەبێت نزم دەبێتەوە. لەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە ڕێژەی گرێلین لە خوێنیاندا نزمە و ئەو کەسانەی کالۆری کەمتر لە ڕێژەی پێویست وەردەگرن ڕێژەی گرێلین لە خوێنیاندا بەرزە.

گرێلین چییە؟

گرێلین هۆڕمۆنێکە لەلایەن گەدەوە بەرهەم دەهینرێت، هەروەها بەشەکانی تری لەش وەک میشک، ڕیخۆڵە باریکە و پەنکریاس بە بڕێکی کەم لەم هۆڕمۆنە بەرهەم دەهێنن. گرێلین بە (هۆڕمۆنی برسێتی) ناسراوە، مێشک ئاگادار دەکاتەوە لە هەستکردن بە برسێتی.

هۆڕمۆنی گرێلین چی دەکات؟

گرێلین لە لەشدا چەندین کاری سەرەکی ئەنجام دەدات:

  • بەشێکی مێشک ئاگادار دەکاتەوە کە پێی دەوترێت ژێرلانک بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن.
  • یارمەتی کۆکردنەوەی چەوری دەدات.
  • هانی ژێرمێشکەڕژێن دەدات بۆ دەردانی هۆڕمۆنی گەشە.
  • هانی کۆئەندامی هەرس دەدات بۆ جووڵەی خۆراک لە گەدەوە بۆ ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورە.
  • ڕۆڵی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستی دڵ و دەمارەکان.

جیاوازی گرێلین و لێپتین چییە؟

گرێلین و لێپتین دوو هۆڕمۆنن کۆنترۆڵی ئارەزووی خواردن و تێر بوون دەکەن، و بەشدارن لە ڕێکخستنی کێشی لەش، لێپتین ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە بەڵام گرێلین زیادی دەکات. گرێلین لە گەدەدا بەرهەم دەهێندرێت و مێشک ئاگادار دەکاتەوە کاتێک برسی بیت، بەڵام چەورییە خانەکان لێپتین بەرهەم دەهێنن و ڕێگە دەدات مێشک ئاگادار بێت لەوەی کەی وزەی تەواو لە لەشدا هەیە.

چ حاڵەتێک کاریگەری لەسەر گرێلین هەیە؟

ئاستی گرێلین زیاد دەکات و مێشک ئەگادار دەبێت لەوەی کاتی خواردن هاتووە، پاشان کاتێک نان دەخۆیت ئاستی گرێلین کەم دەکات. بەڵام هەندێک حاڵەت هەن کار دەکەنە سەر گرێلین و ڕەنگە بەهۆیانەوە بۆ هەمیشە بە نزمی یان بەرزی بمێنێتەوە.

کەمی ڕێژەی گرێلین

ڕێژەی گرێلین لەو کەسانەدا کەمە کە کێشێ لەشیان زۆرە. لێکۆڵەرەوەکان لەو باوەڕەدان ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، لەشیان بە هۆڕمۆرنی گرێلین هەستیارە، واتە بە بەراورد بە کەسانی ئاسایی زۆر زیاتر هەست بە برسێتی دەکەن.

هەروەها کەمی هۆڕمۆنی گرێلین دەبێتە هۆی تووشبوون بەو نەخۆشیانەی گەدە و ڕیخۆڵەکان دەگرێتەوە وەک:

- هەوکردنی گەدەی درێژخایەن

- تێکچوونی کرداری هەرس

- توشبوونی میکرۆبی

بەرزی ڕێژەی گرێلین

گرێلین بەرز دەبێتەوە لەو کەسانەی ڕێژەی وەرگرتنی کالۆرییان کەمترە لە بڕی پێویست وەک لەو کەسانەی ڕێجیمی سنووردار دەکەن، هەروەها ڕەنگە بەرزی ڕێژەی گرێلین پەیوەندی بە بۆماوییەوە هەبێت یان هەندێک حاڵەتی زیندەیی وەک:

  • تێکچوونی ئارەزووی خواردن.
  • لاوازی، حاڵەتێکە دەبێتە هۆی سیسبوونەوە یان لەناوچوونی ماسولکەکان.
  • تێکچوونی هەرس.
  • هەوکردنی ڕیخۆڵە.

 

چۆن نەشتەرکاری بچووککردنەوەی گەدە کار دەکاتە سەر ڕێژەی هۆڕمۆنی گرێلین؟

نەشتەرکاری بچووککردنەوەی گەدە یەکێکە لەو ڕێگایانەی بەکاردێت بۆ ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە. لە دوای ئەجامدانی ئەم نەشتەرکارییە، ڕێژەی هۆڕمۆنی گرێلین کەم دەبێتەوە و ئەم کەمییە بە جێگیری دەمێنێتەوە، واتە ڕاستەوخۆ زیاد ناکاتەوە. بچووککردنەوەی قەبارەی گەدە یەکێکە لە هۆكارەکانی کەمبوونەوەی کێشی لەش و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە. 

چی بکەین بۆ ئەوەی ئاستی گرێلین بە تەندروستی بهێڵینەوە؟

دەتوانین ئاستی گرێلین بە تەندروستی بهێڵینەوە لە ڕێگەی باشتر کردنی شێوازی ژیان وەک:

  • دوور بکەوە لەو جۆرە ڕێجیمانەی وا دەکەن بە شێوەیەکی بەردەوام کێشت دابەزێت.
  • ئەو خواردنانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە کاربۆهایدرەیتی سروشتی و پڕۆتینی بێ چەوری وەک ماسی.
  • دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی بڕێکی زۆر شەکر و خوێ لە پێکهاتەیاندا هەیە.
  • شەوان بە لایەنی کەمەوە حەوت بۆ هەشت کاتژمێر بخەوە.
  • پارێزگاری لە شێداری لەشت بکە بە خواردنەوەی بەردەوامی ئاو و خواردنی ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر ئاو لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک میوە و سەوزەواتەکان.
  • کۆنترۆڵی سترێس بکە چونکە فشار ڕێژەی گرێلین لە لەشدا زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



472 بینین