زیانەکانی زۆر سەعی کردن بۆ خوێندکار

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-01-06-22:31:00 - کۆدی بابەت: 10851
زیانەکانی زۆر سەعی کردن بۆ خوێندکار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی زۆر سەعیکردن (بە ئینگلیزی: Effects of overstudying، بە عەرەبی: اضرار كثرة دراسة)، سەعیکردن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش و ئەنجامی باش ئاساییە و کارێکی باشە، بەڵام هەندێک کات سەعیکردنی زۆری خوێندکار بۆ بەدەستهێنانی نمرەی زۆر دەبێتە کێشە، دەکرێت زیان بە لایەنی جەستەیی، عەقڵی و تەنانەت خوێندنیش بگەیەنێت.

نیشانەکانی زۆر سەعیکردن

١. هەستکردن بە ماندوویەتی

هەستکردن بە ماندوویەتی دەبێتە هۆی ئەوەی لەکاتی وانەخوێندندا حەزت بۆ بابەتەکە نەبێت، کاتێک هەست بە ماندوویەتی دەکەیت بەڵام بەردەوامی لە کارکردن لەسەر بابەتەکە و سەرسەختانە سەعی دەکەیت. کاتێک هەست بە بێزاری دەکەیت نیشانەی سەعیکردنی زۆرە، هەروەها سەعیکردنەکەت وەکوو بار و ئەرکێکی قورس لەسەر شانت دەزانیت، ئەم هەستانەت ناوەستن و بەمشێوەیە بەردەوام دەبیت لە سەعیکردن، زانیاری پێویست و باش بەدەست ناهێنیت.

٢. نەبوونی ئارەزوو بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی 

کاتێک بەردەوام سەعی دەکەیت و ئارەزووت لە ژیانی کۆمەڵایەتی نییە، نیشانەی ئەوەیە کە زیاد لە پێویست سەعی دەکەیت، ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی تەندروستی کەسەکان هەیە، لەکاتێکدا کە وانە خوێندنی زۆر ڕێگری لە پەیوەندییە بەسوودەکان دەگرێت، کاتێک گرنگی بە هاوڕێکانت نادەیت و کات لەگەڵ خێزانەکەت بەسەر نابەیت، واتا سەعیکردنی زیاد لە پێویست لە ژیانی کۆمەڵایەتی دووری خستوویتەوە.

٣. نەبوونی سەرنجی چاو لەسەر وشەکان

ئەگەر زیاد لە پێویست بخوێنیتەوە چاوەکان لەبەر ماندوویەتی نەبوونی پشوو تووشی دووربینی و تەڵخی دەبێت، ناتوانن سەرنج بخەنە سەر وشەکانی ناو کتێبەکە ئەمەش زیان بە چاو دەگەیەنێت.

٤. گۆڕانی خەو و خۆراک

خەوبردنەوە لەکاتی وانەخوێندن یان لە پۆلدا واتای ئەوەیە خەوی شەوانە باش نەبووە، ئەو کاتەی تایبەتە بە پشوودانی جەستە و مێشک بۆ خوێندن بەکارهاتووە، ئاواش لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە تووشی کێشە دەبیت. کەمخەوی نەک تەنیا بۆ جەستە بەڵکوو زیانی زۆری بۆ مێشک هەیە، دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری بکاتە سەر پڕۆسەی یادکەوتنەوە.

٥. پاشەکەوت نەکردنی زانیارییەکان بەتەواوی

کاتێک چەندین جار یەک بابەت دەخوێنیتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر و ناتوانیت زانیارییەکانت لەبیر بێت واتای ئەوەیە کە زۆر دەخوێنیت.

کاریگەری و زیانەکانی زۆر سەعیکردن

١- خەمۆکی 

ئەگەر پلانێک نەبێت بۆ وانەخوێندن و بەردەوام خۆت بە سەعیکردنەوە خەریک بکەیت لە کاتە جیاوازەکاندا و بۆ ماوەیەکی زۆر، جەستە ڕووبەڕووی کێشەی جیاواز دەبێتەوە وەکوو خەمۆکی و فشار، کە هەندێک کات دەبنە هۆی کێشەی درێژخایەن، کاتێکیش تووشی خەمۆکی یان فشار دەبیت لە ڕێگای گەیشتن بە سەرکەوتن شکستدەهێنیت. توێژەران دەڵێن سەعیکردنی زیاد لە پێویست دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی مێشک و لە ئەنجامدا لەدەستدانی یادەوەری و خەمۆکی. 

٢- سەرئێشەی بەردەوام 

سەرئێشە کێشەیەکی بێزارکەرە، ئەگەر کەسێک بەبێ پشوودان بەردەوام بخوێنێت، بنووسێت یان تایپ بکات ئاساییە کە تووشی جۆرەکانی سەرئێشە ببێت.

٣- بەکارهێنانی دەرمان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی وزە

هەندێک خوێندکار بۆ قەرەبووکردنەوەی وزەی بەکارهێنراو و ڕزگاربوون لە فشار دەرمان بەکاردەهێنن.

چۆن دووربکەوینەوە لە زۆر سەعیکردن؟

  1. پلانيک دابنێ بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر و بەپێی ئەوە کار بکە، چالاکی کۆمەڵایەتی، یاری فیزیکی و کاتی خۆش لە پلانی ڕۆژانەتدا بگونجێنە.
  2. پشوودانی ڕێک لەدوای کاتژمێرێک لە خوێندن دەبێت ١٠ بۆ ١٥ خولەک بێت.
  3. کاتێک زیاد لە پێویست سەعی دەکەیت، لە هەموو چالاکییە بەسوود و شادی بەخشەکانت دوور دەکەویتەوە دەیانکەیتە قوربانی وانەخوێندنی زۆر، بەڵام ئەگەر بە بەرنامە پێشبکەویت، کاتی پێویستت بۆ ئەمانجەکانی ڕۆژانەت دەبێت.
  4. خەو ڕۆڵی گرنگی لە باشترکردنی کاری یادەوەری هەیە چ پێش چ دوای فێربوون، ئەگەر بەپێی پێویست نەخەویت کاریگەری نەرێنی لەسەر ویست، ئاستی وزە، ڕەوشت و ئاگاییت دادەنێت.


سەرچاوەکان



2629 بینین