چۆن بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش قسە بکەم؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-26-16:06:00 - کۆدی بابەت: 9549
چۆن بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش قسە بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک خەڵک ئەوەندە جوان قسە دەکەن کە حەزدەکەیت بەردەوام گوێیان بۆ بگریت، ئەم کەسانە چەندین ڕێگەیان گرتووەتە بەر و هەوڵیانداوە تاکوو بتوانن بەباشی قسە بکەن. لەناو خەڵکیدا دەبێت بەجۆرێک قسە بکەیت هەمووان بتوانن گوێ بگرن و لێت بێزار نەبن، ئەمەش پێویستی بە ڕەچاوکردنی چەند یاسایەک هەیە.

چەند ڕێگایەک تاکوو بەباشی قسە بکەیت

گونجاندنی دەنگ

نە زۆر بە دەنگی بەرز و نە زۆر نزم قسە مەکە، ئەندازەی دەنگت دەبێت بە جۆرێک بێت بە ئاسانی ببیسترێت و کەسی بەرانبەریش ئازار نەدات. ئەگەر دەنگت زۆر نزم بێت و نەگاتە لای هەموو کەسێک ئەمە وادەکات لە کۆبوونەوەکدا پشتگوێ بخرێیت و خەڵکی حەزنەکەن گوێت بۆ بگرن. هەمیشە هەوڵبدە دەنگت بەپێی شوێن و بارودۆخە بگۆڕیت. کاتێک قسە بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر دەکەیت پێویست دەکات دەنگت بەرز بێت تاکوو بگاتە لای هەمووان. لە شوێنی داخراو، نەخۆشخانە، ناو ئۆتۆمبێلی گشتی، پرسە، دەبێت دەنگت لە ڕێژەی ئاسایی نزمتر بێت.

شێوازی قسەکردن

زۆر گرنگە کاتێک لەگەڵ کەسێکدا قسە دەکەیت زۆر پەلە نەکەیت یاخود زۆر خاو نەبیت، بەپەلە قسەکردن وادەکات لە نیوەی قسەکانەوە کەسی بەرانبەر ئیتر تاقەتی نەمێنێت گوێت بۆ بگرێت. کاتێک زۆر بەپەلە قسە دەکەیت وشەکانت لێ تێکەڵ دەبێت و یاخود چەند وشەیەک دەپەڕێنیت ئەمەش وادەکات کەسی بەرانبەر لێت تێ نەگات. 
یاخود نابێت ئەوەندە بە خاوی قسە بکەیت بەرانبەرەکەت بێزار ببێت و هەوڵ بدات ئەو شوێنە جێبهێڵێت. 
پێوەری گونجاو بۆ قسەکردن لە خولەکێکدا ١٢٠ بۆ ١٦٠ وشەیە.

بەڕوونی قسە بکە

هەندێک لە وشەکان مەخۆرەوە و هەندێکی تر زۆر بەڕوونی دەربخەیت. بۆ ئەوەی کەسی بەرانبەر لێت تێبگات دەبێت بزانیت چۆن ئەوەندە بەڕوونی وشەکان دەرەبڕیت تاکوو تێبگات، شێوازی دەم و ددانت بە جۆرێک بجووڵێنە کە بەڕوونی وشەکان لە دەمت بێنە دەرەوە.

هەناسەی قووڵ بدە

هەناسەی قووڵ یەکێکە لە ڕێگاکان یارمەتیت دەدات تاکوو بەباشی قسە بکەیت. زۆرینەی خەڵکی لە کاتی قسەکردندا بە توندی و بە کەمی هەناسە دەدەن، هەربۆیەش دەنگیان لەناو لووتیاندا دەبێت و نائاساییە. هەڵبەتە زۆرجار ئەم هەناسەدانە بەهۆی فشاری دەروونی لەسەر کەسەکە هەڵەیە. بۆیە پێوستە ڕاهێنان بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی قسەکردندا بە قووڵی هەناسە بدەیت.
تاکوو پێنج بژمێرە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژە، بەجۆرێک کە سکت پڕ ببێت لە هەوا، پاشان تاکوو پێنجیش بژمێرە ئینجا هەناسە بە دەم بدەرەوە، دەتوانیت دەستێکت لە ژێر سکت دابنێیت، واتە ڕێک لەسەر کۆتا پەراسووت و هەناسە بدەیت. ئەگەر شانەکانت هاوکات لەگەڵ لەگەڵ هەناسەدان و هەناسەدانەوەدا بۆ سەرەوە و خوارەوە جووڵا و هەستت بە کشانی  سکت نەکرد، ئەوا واتە بە دروستی هەناسە دەدەیت.

بەڕێکی دابنیشە

ئاگاداربە کاتێک لە حاڵەتی دانیشتن یاخود بەپێوەیت و قسە دەکەیت، پشتت ڕێک بکە و مەچەمێرەوه، سەرت بەرز ڕابگرە و شانەکانت ببە دواوە تاکوو بتوانیت ئاسانتر هەناسە بدەیت، بەمەش دەنگێکی جوانترت دەبێت و متمانەت بە خۆت زیاتر دەبێت.

ئاوی باش بخۆرەوە

شێداری جەستە کاریگەری هەیە لەسەر دەنگی کەسەکە، بۆیە هەوڵبدە ڕۆژانە ئاوی زۆر بخۆیتەوە، هەرگیز چا و قاوە مەکە بە جێگرەوەیەک بۆ ئاو، چونکە جەستە وشک دەکەنەوه و بەمەش دەنگ تێکدەچێت.

جڵەوی دەنگت بکە

ئەگەر بێت و نەتوانیت کۆنتڕۆڵی دەنگت بکەیت، بە جۆرێک دەنگت زیکە و لەرزینی تیابوو ئەوا کەسی بەرانبەر وا تێدەگات کە هیچ نازانیت و متمانەت بە خۆت نییە، بۆیە زۆر گرنگە کۆنتڕۆڵی دەنگت بکەیت و بزانیت لە کەی و کوێ و چۆن تۆنی دەنگت دەگۆڕیت، بەمەش کەسی بیسەر هەرگیز لە قسەکردنت بێزار نابێت.

ئەنجامدانی چەند ڕاهێنانێک

کۆمەڵێک ڕاهێنان یارمەتیت دەدات کە بتوانیت بەشێوەیەکی باش و سەرنجڕاکێش قسە بکەیت:

ڕاهێنانی دەنگ بکە

بۆ ئەوەی بتوانیت لە حاڵەتی ئاساییدا بە دەنگێکی سەرنجڕاکێشەوە قسە بکەیت، ڕاهێنان بکە لە ماڵەوە، بۆ نموونە لە بەرانبەر ئاوێنەدا ڕاوەستە و دەمت شل بکە و پشوو بە دەنگەژێریەکانت بدە، باوێشکێکی درێژ بدە، دەمت بە لای چەپ و ڕاستدا بجووڵێنە، گۆرانی بڵێ و بە دەستت مەساج بکە بۆ ماسولکەکانی گەرووت بکە. دەبێت تەواوی ئەو هەوایەی لە سییەکانتدا هەیە لە کاتی هەناسەدانەوەدا دەری بکەیت پاشان هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژیت و ڕایگریت بۆ ماوەی ١٥ چرکە و پاشان هەناسە بدەرەوە لە ڕێگەی دەمتەوە. 
هەروەها بەردەوام گۆرانی بڵێ و ڕستەی قوورس بڵێ وەک (سێسە و شەشت و شەش شووتی سەوز، قەیتانی قۆنەرە قاوەییەکانی قاڵە قوڕاوی لە قوڕەکەی قاڵاوەدا قڕتا).

بە دەنگی بەرز ڕاهێنان بکە

بە ڕێکی دابنیشە و هەناسەی قووڵ هەڵبمژە و پاشان بە دەنگی بەرز کتێبێک یان نووسینێک بخوێنەرەوە، واباشتریشە لە بەردەم ئاوێنەدا بیت. زۆر ئەم ڕاهێنانە دووبارە بکەرەوە تاکوو شەرمت نەمێنێت و بتوانیت کۆنتڕۆڵی دەنگت بکەیت.

دەنگت تۆمار بکە

زۆن ئەوانەی حەزیان لە بیستنەوەی دەنگی خۆیان نییە و پێیان وایە ناخۆشە، بەڵام تۆمارکردنی دەنگ یارمەتیت دەدات تاکوو دواتر باشتر هەڵەکانی خۆت بزانیت و بتوانیت بەباشی تێ بگەیت لە شێوازی قسەکردنی خۆت. 

داوای یارمەتی بکە

دەتوانیت لەگەڵ مامۆستایەکی تایبەتی قسەکردندا ڕاهێنان بکەیت و بتوانێت یارمەتیت بدات. ئەگەریش نەتوانی ئەمە بکەیت، دەتوانیت لەگەڵ کەسێکی خێزانەکەت یاخود نزیکەکانت ئەم کارە بکەیت، داوایان لێ بکەیت گوێت بۆ بگرن، بە مەرجێک ئەو کەسە خۆی شێوازێکی زۆر جوانی قسەکردن پەیڕەو بکات.

زەردەخەنە لە کاتی قسەکردندا

زۆر بە جوانی و بە ڕووی خۆشەوە قسە بۆ خەڵک بکە، کاتێک لە کاتی قسەکردنتدا زەردەخەنە دەکەیت خەڵکی زیاتر سەرنجت دەدەن و پێیان خۆشە گوێت بۆ بگرن، کەسانی مۆن و تووڕە کاریگەری خراپییان دەبێت لەسەر کەسی بەرانبەر و هەستی خراپی پێ دەبەخشن، کە وادەکات نەتوانێت بەدەوام بێت لە قسەکردن.


سەرچاوەکان



1828 بینین