دیاریکردنی کەسایەتی بەپێی گرووپی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-26-16:53:00 - کۆدی بابەت: 9551
دیاریکردنی کەسایەتی بەپێی گرووپی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دیاریکردنی کەسایەتی بەپێی گرووپی خوێن (بە ئینگلیزی: blood type personality) چەمکێکی ژاپۆنییە پێی دەوترێت کیتسوکی – گاتا (ketsueki-gata). بەپێی ئەم چەمکە باوەڕ وایە جۆرەکانی گرووپی خوێن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی مرۆڤەکان هەبێت. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی زانستی دەربارەی گرووپەکانی خوێن و کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی بوونی نییە، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا بەتایبەتی لە ژاپۆن و نەتەوەکانی ئاسیادا بایەخی زۆر بە چەمکی دیاریکردنی کەسایەتی بەپێی گرووپی خوێن دەدرێت.

مێژووی چەمکی کیتسوکی – گاتا

لە ساڵی ١٩٣٠ دا، پڕۆفیسۆری یابانی تۆکیجی فوروکاوا ڕاپۆرتێکی لە گۆڤاری دەروونناسی کۆمەڵایەتیدا بە ناوی  (سروشت و گرووپەکانی خوێن) بڵاوکردەوە، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە دەکات کە دەکرێت پەیوەندی نێوان کەسایەتی و گرووپەکانی خوێن لە لێکۆڵینەوە دەربارەی کەسایەتی مرۆڤەکان بەسوود بێت. پڕۆفیسۆر تۆکیجی فوروکاوا پێی وایە کەسایەتی مرۆڤ بەپێی دوو گرووپ پۆلێن دەکرێت: فیسیۆلۆجی یان دەروونی. چەمکی دیاریکردنی کەسایەتی بەپێی گرووپی خوێن هەردوو گرووپەکە پێکەوە تێکەڵ دەکات و فیسیۆلۆجی بۆ ڕوونکردنەوەی دەروونی بەکاردەهێنێت. بە بۆچوونی پڕۆفیسۆر تۆکیجی فوروکاوا جۆری خوێنی A، B، O و AB  کاریگەرییەکی بێ هاوتایان لەسەر جۆری کەسایەتی مرۆڤ هەیە. تۆکیجی فوروکاوا لە لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا زانیاری وردی دەربارەی کاریگەری گرووپی خوێن لەسەر کەسایەتی خستبووە ڕوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی زانستی  پێویست ڕەخنەی زۆر لە لێکۆڵینەوەکەی گیرا، توێژەرەکانی تر بەرهەڵستی بۆچوونەکەی فوروکاوایان کرد. لە ساڵی  ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٥ زیاتر لە ٢٠٠ بڵاوکراوە دەربارەی ئەم چەمکە بڵاوکرایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر بیرۆکەکە لە وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریا و تایوان بڵاوببێتەوە. لە سەدەی ٢١ لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم بۆچوونە بەباشی دەڕۆیشت، لە هەموو جیهاندا باسی ئەم چەمکە دەکرا. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی زانستی دەربارەی ئەم چەمکە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەلای زۆر کەس جێی باوەڕە و تەنانەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش توێژەران لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەم چەمکە دەکەن. لە ڕووی پزیشکییەوە گرووپەکانی خوێن بەهۆی بوونی دژەپەیداکەرەکانی سەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە دژی دژەتەنەکان دروست دەبن لە یەکتری جیاوازن.

بۆچوونی ئەم چەمکە

گرووپی خوێنی A

ئەو کەسانەی جۆری خوێنیان لە گرووپی A یە کۆمەڵێک سیفەتی ئەرێنی وەک داهێنان، زیرەکی و ئارەزووی هاوکاریکردنیان هەیە، کەسانێکی ئارامن و نایانەوێت لەگەڵ هیچ کەس شەڕ بکەن، ئارەزووی ڕێکخستنی شتەکان دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێک ڕێکخراو بێت، هەروەها ئەم کەسانە زیاتر سەرسەخت و شڵەژاو دەردەکەون و بەئاسانی فشاریان بەرز دەبێتەوە.

گرووپی خوێنی B

کەسانی بەهێز، بەسۆز و یەکلاکەرەوەن واتا زوو بڕیار دەدەن و بە بڕیارەکەشیانەوە پابەند دەبن، کاتێک دەیانەوێت کارێک ئەنجام بدەن هەموو شتێکی خۆیان دەبەخشن تا کارەکەیان بەباشی ئەنجام بدەن، زۆر بیر دەکەنەوە، بۆ بەستنی پەیوەندی هاوڕێیەتی کەسانی باش و باوەڕپێکراون، وا باوەڕ دەکرێت ئەم کەسانە زیاتر حەز بە تەنیایی بکەن.

گرووپی خوێنی AB

ئەو کەسانەی جۆری خوێنیان لە گرووپی AB یە تێکەڵەیەکن لە جۆری کەسایەتی A و B ئەم کەسانە ئاڵۆزن و دەتوانن دوو کەسایەتییان هەبێت، قورسە کەسایەتییان دیاری بکرێت پێش ئەوەی بەتەواوی بناسرێن، دەگمەنترین جۆری خوێنیان هەیە لە جیهاندا، کەسانی دڵڕفێنن، بە وریایی مامەڵە لەگەڵ کەسانی تر دەکەن، کەسانی گرووپی خوێنی  AB لە بەرانبەر جڵەوکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ فشاردا لاوازن.

گرووپی خوێنی O

کەسانی ئازا و چاونەترسن، هەموو توانای خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتانەی ئارەزووی دەکەن بەکاردەهێنن، سیفەتی سەرکردایەتی نایابیان هەیە و شتی لاوەکی بێزاریان ناکات، کەسانی بەخشندەن و لە بارودۆخی سەختدا لە جۆرەکانی تری گرووپی خوێن خۆڕاگرترن و باشتر مامەڵە دەکەن. 


سەرچاوەکان



2761 بینین