مەهاباد

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-27-15:00:00 - کۆدی بابەت: 9565
مەهاباد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەهاباد (بە عەرەبی: مهاباد، بە ئینگلیزی: Mehabad)، یەکێکە لە بەناوبانگترین شارە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکەوێتە باشووری دەریاچەی ورمێ لە پارێزگای ورمێ، پایتەختی کۆماری کوردستان بوو. لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بووە.

جوگرافیا

مەهاباد لە باکوورەوە لەگەڵ ورمێ، لە باشوورەوە لەگەڵ شاری بۆکان و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شاری میاندواو و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ پیرانشار هاوسنوورە. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لەگەڵ ڕێگاکانی ورمێ و باشووری کوردستان و ئازەرباینجانی ڕۆژهەڵات بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ. مەهاباد ١١٩ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٢٩٨ کیلۆمەتر لە سنە و ٢١٤ کیلۆمەتر لە تەبرێزەوە دوورە.

ناوەکەی

لە ڕابردوودا، مەهاباد بە "ساوجبلاغ" ناودەبرا کە وشەیەکی ئازەرییە و بە واتای "کانیاوی سارد" دێت. ناوی "ساوجبلاغ" پەیوەندی بەمێژووی ماددەکان هەیە لە ناوچەکەدا، ئێستاش بەشێک لە خەڵکی بە "سابڵاغ" ناوی دەهێنن. بەڵام لە ساڵی ١٩٣٦ لە سەردەمی ڕەزا شادا بەپێشنیاری (ئاغای ڕەشید یاسەمی) ناوی شارەکە گۆڕدرا و کرا بە "مەهاباد".

مێژوو

بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان کە دەریدەخەن ناوچەی مەهاباد لە هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە و هۆزەکانی بابلی، ماننایی، ئاشووری و ماددی تێدا ژیاون. هەتا کۆتاییەکانی سەدەی دەیەمی کۆچی لە مەهاباددا شارۆچکەیەکی ماددەکان هەبووە بەناوی دریاس یاخود دارایاس کە ناوەندی بەڕێوەبردنی ماددەکان بووە لە سەردەمی خۆیاندا، هێشتا شوێنەوارەکەیشی بەوێرانەیی ماوە لە گوندێک بەناوی "دریاز"ـەوە. شەرەفخانی بەدلیسی کە نووسەری کتێبی شەرەفنامەیە وەکوو ناوەندێکی دەسەڵاتی ماددەکان باسی شارۆچکەی "دریاز"ـی کردووە.

مێژووی نوێی مەهاباد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و ٤٠٠ ساڵ پێش دروستبوونی سەفەوییەکان. سارەم بەگ کە یەكێک بووە لە میرەکانی "ساوجبلاغ" لە ساڵی ١١ـی کۆچیدا لە نزیک باکووری چەمی مەهاباددا کە ئێستا ئەو شوێنە بە دەباغیان و باغی سیسە دەناسرێت، ئاوەدانییەکی دامەزراند و دواتر بوو بە شار. پاشان بەهۆی ڕووداوی سروشتی و چەم و ڕووبارەکانەوە ئاوەدانییەکە بەرەو باشوور هات و ماڵ و خانووەکان لە نزیک مەیدانی چوارچرای ئێستا کرانەوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی بوداق سوڵتانی حاکمی مەهاباد توانی مەهاباد بنیاتبنێتەوە و بەیارمەتی میرنشینی ئەردەڵان پردی سوور و مزگەوتی سوور دروستبکات و بیکاتە ناوەندی ڕۆشنبیری و زانست و ئایین. مەهاباد بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ ناوەندی حکوومەتی موکری بووە.

لە سەردەمی قاجارەکاندا، مەهاباد بەهۆی ئەوەی لەسەر ڕێگای شام بوو بووژایەوە. لە ساڵانی ١٩٦٠-١٩٧٠، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکان و دەوروپشتییەوە کۆچیان کرد بەرەو مەهاباد و لە باخەکاندا ماڵیان دروست دەکرد و  شارەکە گەورەتر بوو. بەهۆی ئەمەشەوە ئێستاش ناوی هەندێک لە گەڕەکەکانی مەهاباد وشەی"باخ"ـیان پێوەیە.

چالاکیی سیاسی

لە ساڵانی ١٩٠٠ـەوە، مەهاباد ببووە جێگەی ئاڵۆزی و تیکهەڵچوونی خەڵکی و حیزبە سیاسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران. لە ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مەهاباد دامەزرا و لە ساڵآنی ١٩٨٠ دوای ڕاپەرینی گەلانی ئێرانی حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات چالاکییان هەبووە لەو شارەدا.

لە ساڵی ١٩٤٦ گەورەترین ڕووداوی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی شاری مەهاباد ڕوویدا، ئەویش دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد لەلایەن قازی محەمەد و کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان بوو کە بە (ژ-ک) ناسرابوو، بەیارمەتی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ مافەکانی گەلی کورد دژی دەسەڵاتی ئەوکاتی ئێران وەستابوون.

لە ساڵانی ١٩٧٩ بەدواوە کە نزیک بوو لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی، دوو بزووتنەوەی جیاواز لە مەهاباد دروست بوون. یەکیان بزووتنەوەی کۆمەڵە بوو کە حیزبێکی چەپ بوو و ئەوی تریشیان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا بوو کە پاشماوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانی کاتی قازی محەمەد بوو.

کەشوهەوا

کەشوهەوای مەهاباد سارد و کوێستانییە، هاوینەکەی گەرمە و زستانەکەی سارد و بەفراوییە، زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە مانگی نەورۆزدایە و کەمترینیشی لە مانگی پوشپەڕدایە.

ئایین و زمان

زۆربەی دانیشتووانی مەهاباد موسڵمانی سووننی شافیعیین. پێش جەنگی جیهانیی یەکەم ئەرمەنییەکان کە بەهۆی فشاری عوسمانییەکان هاتبوون بەرەو ئێران لە مەهاباد نیشتەجێ بووبوون لە گەڕەکێکی گەورە بەناوی "گەڕەکی هەرمەنیان". جوولەکەکانیش لەناوەندی شارەکە و گەڕەکی جوولەکەکان نیشتەجێ بووبوون، بەڵام دواتر کۆچیان کرد بەرەو وڵاتانی تر.

زمانی دانیشتووانی مەهاباد بریتییە لە زمانی کوردی سۆرانی و شێوەزاری موکریانی.

شوێنە بەناوبانگەکانی

  • مەیدانی چوارچرا
  • لەوەحەی خڕەهەنجیران
  • قەڵاتی مەنگوڕ
  • شاری کەڤناریی ئیندرقاش
  • فەقرەقا
  • ڕاکاد
  • مزگەوتی سوور
  • حەمامی میرزا ڕەسووڵ
  • حەمامی لەج
  • زیارەتانی بوداق سوڵتان
  • حەوزخانەی ڕۆستەم بەگ
  • حەوزخانەی شادەروێش


سەرچاوەکان



752 بینین