چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی دایک و باوک خۆیان لەبیرنەکەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-27-15:29:00 - کۆدی بابەت: 9567
چەند ڕێگایەک بۆ ئەوەی دایک و باوک خۆیان لەبیرنەکەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک مرۆڤ دەبێت بە دایک و باوک تەواوی توانا و ژیانی خۆی بۆ منداڵەکانی تەرخان دەکات، وردە وردە خۆی لەبیر دەچێتەوە. ئەم گوێنەدانە بە خود کاریگەری خراپی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی فشاری دەروونی، نەک تەنها بۆ خۆی بەڵکوو کاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر منداڵەکان. ئەگەر مرۆڤ لەڕووی جەستەیی، ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەوە گرنگی بە خۆی نەدات ناتوانێت ببێت بە دایک و باوکێکی نموونەییش بۆ منداڵەکانی و خزمەتیان بکات.
بۆیە زۆر گرنگە دایک و باوک چەند ڕێگایەک بگرنە بەر تاکوو خۆیان لەبیرنەکەن.

ڕێگاکان چین؟

تێڕامانی قووڵ

ئەگەریش زۆر سەرقاڵ بیت له ڕۆژێکدا دەتوانیت پێنج خولەک تەرخان بکەیت و تێیدا تێڕامانی قووڵ ئەنجام بدەیت، دەتوانیت بەم چەند خولەکە مێشکت ئارام بکەیتەوە و گرنگی بە خۆت بدەیت.

پیاسەکردن لە سروشتدا

بەپێی لێکۆڵینەوەکان پیاسەکردن لەناو سروشتدا سوودێکی زۆری هەیە بۆ دەروونی مرۆڤ. پیاسەکردن له باخ و پارکەکاندا، گرنگیدان بە باخچەی ماڵەوە و ئاودانی گوڵەکان و دانیشتن تێیاندا. ئەگەر تەنانەت ئەوەندە سەرقاڵیت ناتوانیت ئەم کارانە ئەنجام بدەیت، دەتوانیت سەیری دیمەنی سروشت بکەیت لەناو مۆبایلەکەتدا.

گوێگرتن لە قورئان

قورئان مێشک و دەروون ئارام دەکاتەوە، لە ڕۆژەکەتدا دەتوانیت کاتێک تەرخان بکەیت و هیچ نەبێت لاپەڕەیەک لە قورئان بخوێنیت، یاخود لە کاتی کارکردندا بەهۆی مۆبایلەکەتەوە گوێ لە سورەتێک بگریت.

گوێگرتن لە مۆسیقا 

جیاوازی نییە مۆسیقاکە کلاسیک بێت یاخود مۆدێرن، گرنگ ئەوەیە خودی خۆت حەز بە کام جۆری مۆسیقا دەکەیت گوێی بۆ بگریت. مەرج نییە کاتێکی تەواو دابنێیت بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی بەڵکوو دەتوانیت لەگەڵ کارەکانی ماڵەوەتدا گۆرانی لێ بدەیت و لەگەڵیشیدا بیڵێیتەوە.

خوێندنەوەی کتێب

دوای سەرقاڵبوون بە منداڵەکان و ئەنجامدانی کاری زۆر، کتێبێکی سوودبەخش و بەسوود دەتوانێت ماندوویەتیت بیربباتەوە. بۆیە کتێب خوێندنەوەش ڕێگایەکی کاریگەرترە بۆ ئەوەی گرنگی بە خۆت بدەیت.

پیادەڕەوی

بێگومان وەرزشکردن بۆ جەستە زۆر گرنگە، بەڵام زۆر کات مرۆڤ تاقەتی وەرزشکردنی نییە، پیادەڕەویش بە وەرزش دادەنرێت و ڕۆژانە ٢٠ خولەک پیادەڕەوی یارمەتیت دەدات ڕۆژەکەت پڕ وزە و چالاکی تێ بپەڕێنیت.

تێنووسی سوپاسگوزاری

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسانەی کە تێنووسی سوپاسگوزارییان داناوە زیاتر دەخەون و مێشکیان ئارامترە. کە ئەمە زۆر سوودی هەیە بۆ دایک و باوک چونکە بەهۆی منداڵەکانیانەوە کەمتر دەخەون. دەتوانیت ڕۆژانە سێ بەخششی خوای گەورە بنووسیت لە تێنووسەکەتدا و سوپاسی خوا بکەیت بۆ ئەوەی کە پێی بەخشیویت.

تەنهایی لەگەڵ خۆتدا

هەندێک دایک و باوک ئەوەندە خۆیان سەرقاڵی کار و منداڵەکانیان دەکەن، کە وای لێ دێت تەنها لە کاتی چوون بۆ تەوالێتدا تەنها دەبن. ڕۆژانە دەبێت بەلایەنی کەمەوە پێنج خولەکێک لەگەڵ خۆتدا تەنها بیت و بیربکەیتەوە.

بەسەربردنی کات لەگەڵ کەسە نزیکەکانت

پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گرنگە لە چاودێریکردن و پاراستنی خۆت. هەندێک کات لەگەڵ خزم و کەسە نزیکەکانتدا بەسەرببە و پێکەوە لە ماڵی یەکتریدا کۆببنەوە، ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو منداڵەکان پێکەوەبن و ئێوەش نزیکتر ببنەوە لە یەک و ماوەیەک بەتەنها لەگەڵ کەسە ئازیزەکانتاندا بن.

ژووری نوستن پاک بکەرەوە

دایکان و باوکان تەواوی ڕۆژەکە کار دەکەن و سەرقاڵی منداڵەکانن، بۆیە کاتێک دەیانەوێت پشوویەک بدەن یاخوود بخەون، دەچنە ژووری نوستن بەڵام دەبینن کە ناڕێکە و ئەوەندەی تر ماندوو دەبن. بۆیە زۆر گرنگە لەگەڵ هەستان لە خەو ژوورەکەیان پاک و ڕێکوپێک بکەن.

بەکارهێنانی پارە بۆ خۆت

بەگشتی دایکان و باوکان تەواوی پارەکانیان دەدەن بە منداڵەکانیان و لە خزمەتی ئەواندا دایدەنێن. بێ دڵی منداڵەکان ناکەن و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن. بەڵام هیچ پارەیەک بۆ خۆیان دانانێن و گرنگی بە خۆیان نادەن کە ئەمە هەڵەیە. گرنگیدان بە خود ڕێگایەکی زۆرباشە و لە داهاتووشدا منداڵەکەت فێردەبێت گرنگی بەخۆی بدات.

دوورکەوتنەوە لە تەکنەلۆجیا

دایکان و باوکان تەواوی ڕۆژ سەرقاڵن کاردەکەن لەوانەیە پێیان وابێت کە زۆر سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و هەواڵەکان ئارامییان پی دەبەخشێت، بەڵام بە پێچەوانەوە گوێگرتن و سەیرکردنی هەواڵی سیاسی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان تەنها بارودۆخیان خراپتر دەکات.


سەرچاوەکان



293 بینین