ئایا دەبێت پشکنینی خوێن لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت؟

له‌لایه‌ن: - گلێنە ئازاد گلێنە ئازاد - به‌روار: 2022-07-27-18:40:00 - کۆدی بابەت: 9574
ئایا دەبێت پشکنینی خوێن لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت؟

ناوه‌ڕۆك

ئایا دەبێت پشکنینی خوێن لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت؟

ئایا دەبێت پشکنینی خوێن لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت؟ (بە ئینگلیزی: can i eat and drink before having a blood test بە عەرەبی هل يمكنني تناول الطعام الشراب قبل اجراء فحص الدم ). وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پشکنینەکە، دەکرێت پزیشک کاتێک پشکنینەکە دەنووسێت نەخۆش ئاگادار بکاتەوە کە دەبێت بە گەدەی خاڵی بێت یاخود نا. 
لە کاتی هەندێک لە پشکنینەکان ئاساییە خواردن بخورێت یان خواردنەوە بخورێتەوە، بەڵام بۆ پشکنینی برسییەتی خوێن دەبێت کەسەکە هیچ خواردنێک نەخوات و هیچ خواردنەوەیەک جگە لە ئاو نەخواتەوە.

پشکنینی برسییەتی خوێن چییە؟

ئەو جۆرە پشکنینانەن کە واپێویست دەکات پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک نەخورێت لەوانەش:

  • پشکنینی برسییەتی شەکر: (بۆ نەخۆشەکانی شەکرە ئەنجام دەدرێت)، کە پێویستە ۸ بۆ ۱٠ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە هیچ نەخورێت.
  • پشکنینی ئاسنی خوێن: (بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە گومان دەکرێت کەمی ڕێژەی ئاسنیان هەبێت)، پێویستە ۱۲ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە هیچ نەخورێت.
  • پشکنینی کۆلیستڕۆڵ: ناسراوە بە پشکنینی چەوری، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ و چەورییەکانی تری خوێن دەکرێت، پێویستە ۹ بۆ ۱۲ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە هیچ نەخورێت.
  • پشکنینی GGT: ئەم پشکنینە ئاستی ئەنزیمەکانی GGT دەپێوێت لە خوێندا، کە یاریمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر. ڕەنگە پێویست نەکات لە خواردن دوور بکەویتەوە، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد دەبێت ۸ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە خواردن نەخورێت. بەڵام دەبێت ۲٤ کاتژمێر پێش پشکنین لە ماددە کحولییەکان دوور بکەوینەوە.

بۆچی هەندێک کات داوا دەکرێت لە کاتی ئەنجامدانی هەندێک پشکنینی خوێن گەدەمان بەتاڵ بێت؟

چونکە یارمەتیدەر دەربێت لەوەی ئەنجامێکی ورد و دروستمان دەست بکەوێت، ئەمەش بەشێکی زۆر گرنگی دەستنیشانکردنی حاڵەتە تەندروستییە جیاوازەکانە، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو ئەنجامەوە پلانێکی زۆر باش بۆ نەخۆش دابنرێت. چونکە خۆراک چەندەها ماددەی خۆراکی تێدایە وەک کاربۆهیدرات، پڕۆتین، چەوری، کانزا و ڤیتامینەکان. کە ئەم ماددە خۆراکیانە دەچنە ڕێڕەوی خوێن و ڕەنگە گۆڕانکاری لە ڕێژەی پشکنینەکە دروست بکەن. بۆ نموونە لە پشکنینی برسییەتی شەکردا ئەگەر دوای نان خواردن دووبارە پشکنین بۆ نەخۆشەکە ئەنجام بدرێتەوە دەبینین ئاستی ڕێژەی شەکر لە خوێنیدا بەرز بۆتەوە، بۆیە ئەگەر بێتو کەسەکە ئاگادار نەکرێتەوە کەوا پێش پشکنینەکە هیچ نەخوات ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دەرمانی هەڵە بە نەخۆش بدرێت یاخود بە هەڵە دەستنیشانی نەخۆشی شەکرەی بۆ بکرێت.

ئایا دەتوانرێت ئاو بخورێتەوە پێش ئەنجامدانی پشکنینی خوێن؟

بەڵێ، دەکرێت ئاو بخورێتەوە تەنانەت خواردنەوەی ئاوی زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە دەستکەوتنی ئەنجامی ڕاست، چونکە نەخواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی وشک بوونەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دروست دەکات بە تایبەتی لە پشکنینی کۆلیسترۆڵدا. 

دەتوانین بڕی چەند ئاو بخۆینەوە پێش ئەنجامدانی پشکنینی خوێن؟ 

خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو کەسەی خوێنەکە وەردەگرێت بە ئاسانی خوێنهێنەر بدۆزێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت لە ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکەوە دەست بکەین بە خواردنەوە ئاوی زیاتر. زۆرێک لە سەرچاوەکان دیارییان کردووە ٨ کوپ ڕۆژانە تەندروستە و بڕێکی زیاتر پێش وەرگرنتی خوێن باشترە، هەروەها ڕاگرتنی ئەو خواردنانەی کافایینیان تێدایە سوودبەخش دەبێت، چونکە کافایین وا دەکات زوو زوو میز بکەیت.

ئایا هیچ خواردنەوەیەکی تر ڕێگە پێدراوە؟

نەخێر جگە لە ئاو هیچ جۆرە خواردنەوەیەکی تر ڕێگە پێدراو نیە، چونکە سەرجەمیان گۆڕانکاری لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دروست دەکەن.

چی ڕوو دەدات ئەگەر بەهەڵە شتێکمان خوارد پێش پشکنینەکە؟

ئەگەر پشکنینەکە لەو جۆرەبوو کە دەبێت لەسەر گەدەی بەتاڵ ئەنجام بدرێت بەڵام لە بیرمان کرد و خواردنێکمان خوارد دەبێت پزیشک یاخود ئەو کەسەی خوێنەکەمان لێ وەر دەگرێت ئاگادار بکەینەوە، بە پێچەوانەوە ئەنجامی هەڵەمان دەست دەکەوێت.


سەرچاوەکان



445 بینین