دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-28-22:55:00 - کۆدی بابەت: 9596
دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو (بە ئینگلیزی: Revenge Bedtime Procrastination، بە عەرەبی: المماطلة في وقت النوم للانتقام)، دیاردەیەکی دەروونیییە تێیدا مرۆڤەکان تاوەکوو درەنگ دەمێننەوە و خەوتنیان دوادەخەن لە پێناو کردنی ئەو کارە چێژبەخشانەی ئارەزوویان لێی هەیە و لە ڕۆژدا بەهۆی سەرقاڵی و کارەوە ناتوانن بیکەن.
ئەم زاراوەیە بەهۆی توێژینەوەیەکی هۆڵەندی ساڵی ٢٠١٤ بەناوبانگ بوو و هاوکات بەهۆی ئەوەی نووسەر (دافنی کەی لی بە ئینگلیزی: Dafne K. Lee) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەردا بە تویتێک باسی کردبوو، بووە هۆی زیاتر ناساندنی ئەم دیاردەیە و بەم شێوەیە ئاماژەی بەدیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو کردبوو “دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو، دیاردەیەکە تێیدا ئەو مرۆڤانەی توانای جڵەوگیرکردنی کاتی ڕۆژەکەیانیان نییە ڕەتیدەکەنەوە لە شەواندا زوو بنوون لە پێناو ئەوەی هەستی ئازادی و ڕەهابوون لە شەودا بەدەست بهێنن”.

ئەم دیاردە بەکاتێکی کەم دەست پێدەکات و دواتر زیاد دەکات، بۆ نموونە ڕەنگە کەسەکە سەرەتا ١٠ بۆ ١٥ خولەک درەنگتر بمێنێتەوە و بەخەبەر بێت بەڵام بێ ئاگایانە وای لێدێت دەبێتە کاتژمێرێک یان زیاتر تاوەکوو هەست دەکات هەموو شەوەکە بە ئاگا ماوەتەوە و بەخەبەرە و ڕۆژ بووەتەوە.
هاوکات ئەو کەسانەی لە ڕۆژدا فشارێکی زۆریان لەسەرە و کارێکی زۆر دەکەن زیاتر دووچاری دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەوتنیان دەبنەوە چونکە شەو وەک کاتێک بۆ ئازادبوون و بەجێگەیاندنی کارە پڕ چێژەکانیان دەبینن و پێیان وایە ئەو کارانەیان لە خەوتنیان گرنگترن.

نیشانەکانی دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو

دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو مرۆڤ خۆی دیاریدەکات و ئارەزووی لێیەتی و جیاوازە لە خەوزڕان، هەر بۆیە توێژەران پێیان وایە کە ئەم دیاردەیە چەند نیشانەیەکی هەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی کەسەکە کاتی خەوتنی دوادەخات و تا درەنگ دەمێنێتەوە ئەویش بەهۆی نەخۆشی و بارودۆخێکی تەندروستی نییە، بەڵکوو بەهۆی کردنی چەندین کرداری چێژبەخشەوەیە وەک سەیرکردنی تەلەڤزیۆن، بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی تر و خوێندنەوە و چەندین کاری تر. ئەو کەسانەی ئەم کردارە دەکەن بە تەواوی ئاگادارن کە خەریکن خەوتنیان دوادەخەن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین لێکەوتی جەستەیی و دەروونی، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت مانەوەیان تاوەکوو کاتێکی درەنگ هەڵدەبژێرن.

کاریگەرییەکانی دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو

کاتێک ئەم دیاردەیە دەبێتە خوویەکی ئاسایی و مرۆڤ لەسەری بەردەوام دەبێت و جگە لەوەی درەنگ دەخەوێت، بەیانیانیش زوو هەڵدەستێت، ئەوا مرۆڤەکە بە پێی پێویست نەخەوتووە و ئەم کەم خەوتنەی چەندین کاریگەری دروست دەکات، هەروەها درێژخایەنبوونی ئەم دیاردەیە ڕەنگە ئەگەری زوو مردن زیاد بکات. بۆ نموونە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و دواتر چەندین لێکەوتی دەروونی و جەستەیی لێدەکەوێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە:

ڕێگەکانی چارەسەرکردنی تۆڵەسەندنەوەی دواخستنی کاتی خەو

چەندین ڕێگەی یارمەتیدەر هەن بۆ چارەسەرکردن و زاڵبوون بەسەر ئەم دیاردەیەدا کە بریتین لە:

  1. کاتژمێرێک پێش خەوتن هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و گڵۆپ و ڕووناکییەکان بکوژێنەوە و لێیان دوورببە، لەبەر ئەوەی لە تاریکییدا لەشی مرۆڤ هۆڕمۆنی خەو (میلاتۆنین) دەردەدات و یارمەتیدەر دەبێت تاوەکوو بخەوێت.
  2. گەرماوێکی گەرم بکە یان لە بانیۆیەکی گەرمدا خۆت بشۆ و دەستت بەئاو بگەیەنە تاوەکوو لە فشار بەدوور بیت.
  3. ڕۆتینەکانی پێش خەوتن زووتر لە کاتی خەوتن ئەنجام بدە، تاوەکوو دوای تەواوبوونیان یەکسەر بنوویت.
  4. دەست بکە بە نووسینی هەموو ئەو هەست و بیرکردنەوە و ئەزموونە جیاوازانەی لە ڕۆژەکەدا هەتبووە.
  5. کاتێکی ڕێکوپێکی خەوتن و هەستان لە خەو بۆ خۆت دابنێ، تەنانەت بۆ ئەو ڕۆژانەش کە کارت نییە.
  6. هەوڵبدە گوێز و چەرەس و پاقلەمەنییەکان بخۆیت چونکە سەرچاوەی ترشی ئەمینیی تریپتۆفانن کە یارمەتیدەرن لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین.
  7. دوورکەوتنەوە لە ئەلکحول و کافایین و نەخواردنیان لە دوای نیوەڕوان و ئێواران و شەواندا.
  8. وەرگرتن و خواردنی ڤیتامین دی (Vitamin D) و ئەو دەرمانانەی مەگنیسیۆمی تێدایە کە یارمەتیدەر دەبن بۆ خەوتن.
  9. دوای نیوەڕوان سەرخەو مەشکێنە و ئەگەر خەوتیشیت با ماوەیەکی کەمبێت و زۆر نەبێت.


سەرچاوەکان



420 بینین