ئەو کەسانە کێن کە ناتوانن پاپایە بخۆن؟ 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-29-18:37:00 - کۆدی بابەت: 9604
ئەو کەسانە کێن کە ناتوانن پاپایە بخۆن؟ 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو کەسانە کێن کە ناتوانن پاپایە بخۆن (بە ئینگلیزی: who are those can’t eat papaya، بە عەرەبی: من هم الذين لا يستطيعون ٲكل بابايا؟)، پاپایە میوەیەکی شێوە هەرمێیی پرتەقاڵی باوە، لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەردەستە. ئەم میوەیە پێکهاتەی تەندروستی زۆر گرنگی وەک دژەئۆکسێن و چەندین جۆری جیاواز لە ڤیتامینی تێدایە، کرداری هەرسکردن ئاسان دەکات و ڕێگری لە هەوکردن و دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان دەگرێت، هەروەها چەندین ئەرکی تر جێبەجی دەکات. سەرەڕای دەوڵەمەندی بەم پێکهاتانە و سوودە گرنگەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کەس دەبێت بە دووربن لە خواردنی پاپایە.

ئەو کەسانە کێن کە ناتوانن پاپایە بخۆن؟

خانمانی دووگیان 

گرنگیدان بە خواردنی تەندروست زۆر پێویستە بۆ گەورەبوون و گەشەکردنی کۆرپەلە لەماوەی دووگیانیدا. پاپایە میوەیەکی تەندروستە، بەڵام دەبێت خانمانی دووگیان ئاگاداری خواردنی ئەم میوەیە بن. پاپایە بڕێکی زۆر لە لاتێکسی (latex) تێدایە بە تایبەتی ئەو جۆرەی پێنەگەیشتووە، خواردنی ئەم میوەیە لەماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان و پڕۆسەی لەدایکبوون پێش دەخات، واتە کۆرپەلەکە زووتر لەدایک دەبێت. هەروەها زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەردەی دەوروبەری کۆرپەلە.

ئەو کەسانەی لێدانی دڵیان ناڕێکە

خواردنی پاپایە ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە کەم دەکاتەوە کە پەیوەندی بە دڵەوە هەیە، بەڵام ئەگەر کەسێک نەخۆشی دڵی لەگەڵدا بێت، دەبێت لە خواردنی دوور بکەوێتەوە، لێکۆڵینەوەیەک سەلماندوویەتی پاپایە سیانۆجێنیک گلایکۆسیاد (cyanogenic glycosides) تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی سیانیدی هایدرۆجین (hydrogen cyanide) لە کۆئەندامی هەرسدا. سیانیدی هایدرۆجین زیان بە خانەکانی لەش دەگەیەنێت بەتایبەتی خانەکانی دڵ، لەبەرئەوەی ئۆکسجینی زیاتریان پێویستە بەبەراورد بە بەشەکانی تری لەش. لەبەر ئەم هۆکارانە، ئەو کەسانەی کێشەی ناڕێکی لێدانی دڵیان هەیە، پێویستە لە خواردنی پاپایە خۆیان بە دوور بگرن.

ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە

ئەو کەسانەی هەستیارییان بە لاتێکس هەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە پاپایە هەستیار دەبن، چونکە پاپایە بڕێکی یەکجار زۆر لاتێکسی تێدایە بەتایبەتی پاپایەی پێنەگەیشتوو. ئەگەر هەستیاریت بە پاپایە هەبێت، ئەوا لەدوای خواردنی نیشانەکانی وەک پژمین، کێشەی هەناسەدان، کۆکە یان هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاودا دەردەکەوێت، نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.

ئەو کەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە

پاپایە بڕێکی زۆر لە ڤیتامین C تێدایە. پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسێن، بەڵام خواردنی زیاد لە بڕی پێویست لە پاپایە لەلایەن ئەو کەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە، بارودۆخەکە خراپتر دەکات. وەرگرتنی ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین C، کە زیاتر بێت لەو بڕەی پێویستە ڕۆژانە وەریبگریت، وردە وردە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە، یان ئەگەر کەسەکە خۆی هەیبێت ئەوا قەبارەی بەردەکان زیاد دەکات.

ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی شەکری خوێنیان هەیە

پاپایە میوەیەکی پێشنیارکراوە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، چونکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەڵام ئەو کەسانەی کێشەی کەمیی شەکری خوێنیان هەیە، دەبێت ئەم میوەیە نەخۆن. خواردنی ئەم میوەیە لەم حاڵەتەدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکر بۆ ئاستێکی مەترسیدار و کەسەکە تووشی لەرزینی جەستە دەبێت و هەروەها لێدانەکانی دڵ زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



309 بینین