لیدز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-30-21:25:00 - کۆدی بابەت: 9617
لیدز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیدز یان لیدس (بە ئینگلیزی: Leeds، بە عەرەبی: لیدز)، شارێکە دەکەوێتە ناوەندی باکووری ئینگلتەرا، لە خۆرئاوای یۆرکشایەر. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا بە 516,298 کەس خەمڵێندرا، ڕووبەری ڕووی شارەکە 111.6 کیلۆمەتر دووجایە. لیدز لە ساڵی 1207ـەوە بووەتە ناوەندێکی دارایی، کولتووری. پەروەردەیی و بازرگانی وڵاتەکەی.

لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی شارەکە لیدز (Leeds) لە وشەی کۆنی بریتۆنی (Ladenses)ـەوە وەرگیراوە کە بە واتای "خەڵکی ڕووباری تیژڕۆ"، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕووباری ئایر کە بەناو شارەکەدا دەڕوات. ئەم ناوە لە سەرەتادا ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچە دارستانییەی کە زۆربەی شانشینی بریتۆنی ئێڵمێت دەگرێتەوە، کە لە ماوەی سەدەی پێنجەم تا سەرەتای سەدەی حەوتەم بوونی هەبووە.

مێژووی شارەکە

مێژووی لیدز بە گوندێکی سەکسۆنی دەست پێ دەکات لە ساڵی 1086، لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتووانی لیدز نزیکەی 200 کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە، لیدز گوندێکی زۆر گەورە بوو. پاشان لە ساڵی 1207ـدا شارۆچکەیەکی نوێ لە لیدز دامەزرا و کاروباری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن لە ناوچەکەدا زیادی کرد و وردەوردە شارەکە گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، قەسابخانە، نانەوا، دارتاش و ئاسنگەر لە شارەکەدا هەبوون.

لیدز لە سەدەی 16ـدا زۆر گەورەتر بوو. ئەوەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی گەشەسەندنی خێرای پیشەسازی قوماشی خورییەوە بوو لە شارۆچکەکەدا. بڕی ئەو قوماشانەی لە لیدز دروست دەکران بەرزبوویەوە و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە هەڵکشا. تا کۆتایی سەدەی 16 ژمارەی دانیشتووانی شاری لیدز گەیشتبووە سێ هەزار کەس و لە ناوەڕاستی سەدەی 17ـدا ڕەنگە نزیکەی شەش هەزار کەس بووبێت. لیدز لە شارۆچکەیەکی بچووک و تاڕادەیەک بێ بایەخەوە گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین شارۆچکەکانی یۆرکشایر.

بەدرێژایی سەدەی 17 و 18 لیدز شارۆچکەیەکی دەوڵەمەند بوو و زۆرێک لە بارزگانان خانووەکانیان بە بەرد دروست کردەوە. هەروەها لە سەدەی 19ـدا یەکەم سەرژمێری لە لیدزدا کرا و ژمارەی دانیشتووانی لیدز 30,000 کەس بوو. لە سەدەی 20ـدا لیدز بە بەردەوامی لە گەشەسەندندا بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتە 178,000 کەس. لە ساڵی 1904ـدا زانکۆی لیدز دامەزرا.

دانیشتووان

لە ساڵی 2014ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شاری لیدز بە 780,000 کەس خەمڵێندرا، بەمەش شارەکە دەبێتە دووەم گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتوو.

شاری لیدز ناوچەیەکی هەمەجۆرە و زیاتر لە 140 نەتەوەی لێیە، بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011، پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی لیدز بریتین لە:

  • سپی پێست: 85.0%
  • ئاسیایی: 7.7%
  • ڕەش پێست: 3.5%
  • ڕەگەزی تێکەڵ: 2.7%
  • عەرەب: 0.5%
  • نەتەوەکانی تر: 0.6%

ئایین

زۆربەی خەڵکی شاری لیدز سەر بە ئایینی مەسیحین و تێکڕای ڕێژەی موسڵمانانی شارەکە بە بەراورد بە تەواوی وڵاتەکە 3%. هەروەها لە دوای شارەکانی لەندەن و مانچستەرەوە، لیدز سێیەم زۆرترین ژمارەی جوولەکەکانی شانشینی یەکگرتووی لێیە. لە ساڵی 2001ـدا نزیکەی 17%ـی دانیشتووانی شارەکە خۆیان بەبێ ئایین لە قەڵەمدا.

گەشەی دانیشتووانی شاری لیدز

لەنێوان ساڵانی 2001 و 2011ـدا، گەشەی دانیشتووانی شارەکە 5% بوو، ئەم ڕێژەیەش بەرزترین ڕێژەی گەشەی دانیشتووان نییە لە وڵاتەکەیدا، بەڵکوو لە کۆتا سەرژمێری ساڵی 1801ـەوە ڕێژەیەکی تەندروست و زۆر باشی دە ساڵی ڕابردووە. هەروەها لە نێوان ساڵانی 1991 و 2001ـدا دانیشتووانی شارەکە بە هیچ شێوەیەک گەشەی نەکرد. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2033ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شاری لیدز لە نێوان 930,000 کەس بۆ یەک ملیۆن کەسدا بێت.

کەشوهەوای لیدز

کەشوهەوای شاری لیدز ئۆقیانووسییه، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە، و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەند و بە شێوەیەکی ڕێژەیی باراناوییە.

ڕێژی دابارین لەم شارەدا و بە بەراورد بە بەشەکانی تری ئینگلتەرا نزمترە، ئەمەش بەهۆی ئەو زنجیرە شاخە نزمەی کە لە باکوورەوە بۆ باشوور وەک بڕبڕەی پشت بەناو ئینگلتەرادا دەڕوات.

زستانی لیدز زۆر سارد نییە، بەڵام بەزۆری ئاسمانی شار هەوراوییە و ڕێژەی شێ و دابارین بەرزە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ نزیکەی -5 پلەی سەدی، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزێت. نزمترین پلەی گەرمی شارەکە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2010ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی 5- پلەی سەدی بوو.

لە وەرزی هاوینیشدا، بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما مامناوەند یان فێنکن. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام بەزۆری کەمتر لە وەرزی زستان. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هاتنی شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام زۆربەی کات کورتخایەنن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی تەممووزی 2019ـدا تۆمارکرا و 35 پلەی سەدی بوو.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری لیدز وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی ئایار بۆ ناوەڕاستی ئەیلوولە. کە بەزۆری پلەکانی گەرما بۆ چالاکییە دەرەکییەکان خۆشن، هەرچەندە باشتر واییە بۆ کەشی ساردی ئێواران یان ڕۆژە ساردەکان چەترێک و بلوزێک لەگەڵ خۆماندا ببەین.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 620 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی شوبات و ئازارە 40 مللیمەتر باران دەبارێت و لە باراناوییترین مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگەکانی ئاب تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە 60 مللیمەتر دەبارێت.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی لیدز

  1. جبەخانە شاهانەکان
  2. فەرمانگەی شارەوانی لیدز
  3. کڵێسای نیوسام
  4. پارکی ڕاوندهەی
  5. خانووی یاری منداڵانی لیدز
  6. پەیمانگای هێنری مور
  7. پێشەنگای نیگارکێشی لیدز
  8. کڵێسای گەورەی لیدز


سەرچاوەکان



254 بینین