برادفۆرد

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-31-22:32:00 - کۆدی بابەت: 9630
برادفۆرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

برادفۆرد (بە ئینگلیزی: Bradford، بە عەرەبی: برادفود)، شارێکە لە ڕۆژاوای یۆرکشایر لە ئینگلتەرا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا 349,561 کەس بوو. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە 211.7 کیلۆمەتر دووجایە. برادفۆرد لە ڕۆژهەڵاتەوە نزیکەی 14 کیلۆمەتر لە شاری لیدزەوە دوورە.

گرنگی شارەکە

برادفۆرد ئابوورییەکی بەرچاوی لە ناوچەی یۆرکشایر و هامبەردا هەیە؛ ئەم شارە خاوەنی سێیەم گەورەترین ئابووری وڵاتەکەیەتی و ئابووری شارەکە بەنزیکەی ١٠ ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت‌، کە زیاتر لەلایەن پیشەسازییەکانی دارایی و بەرهەمهێنانەوە دابین دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا برادفۆرد شوێنێکی گەشتیارییە، ئەم شارە بووە بە یەکەم شاری فیلمی یونسکۆ و خاوەنی چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی وەکوو مۆزەخانەی نیشتمانی زانست و میدیا، پارکی برادفۆرد، شانۆی ئەلهامبرا و هۆڵی کارتڕایتە. هەروەها برادفۆرد لە ساڵی 2025 دەبێتە شاری ڕۆشنبیری بەریتانیا دوای ئەوەی لە 31ـی ئایاری 2022ـدا خەڵاتی شاری ڕۆشنبیری شانشینی یەکگرتووی بەدەستهێنا.

مێژووی شارەکە

لە ساڵی 1086ـدا برادفۆرد گوندێکی تا ڕادەیەک گەورە بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی 300 بۆ 350 کەس بوو، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەفتەبازاڕ لە برادفۆرددا کرایەوە و گوندەکە بوو بە شارۆچکە، وردەوردە گەشەی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی 1461ـدا ڕێگە بە هاوڵاتیانی ناوچەکە درا دوو پێشەنگا بکەنەوە و خەڵکی لە بەشە جیاوازەکانی یۆرکشایەرەوە ڕوویان لە شارۆچکەکە دەکرد. هەروەها لە سەدەی 16ـدا شارەکە گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بەتایبەتی پیشەسازی خوری. لە ساڵی 1801ـدا ژمارەی دانیشتووانی برادفۆرد گەشتە 6,393 کەس، ئەم شارۆچکە بچووکە وەکوو سەنتەرێکی سێ ناوچەی نزیکی خۆی ڕۆڵی گێڕا. لە ساڵی 1848 بۆ 1849 نەخۆشی کۆلێرا لە ناوچەکەدا بڵاوبوویەوە و 420 کەس مردن. لە ساڵی 1851 دانیشتووانی برادفۆرد هەڵکشا بۆ 103,000 کەس، ئەم گەشەی دانیشتووانەش بەشێکی زۆری بەهۆی کۆچکردنی هاوڵاتیانەوە بوو کە لە ئەڵمانیا و ئیرلەنداوە بۆ ناوچەکە. لە سەدەی 19 بەدواوە برادفۆرد لە گەشەسەندن بەردەوامبوو و لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گرنگەکانی وڵاتەکەی.

دانیشتووان

شاری برادفۆرد لەڕووی کولتووری و نەتەوەییەوە شارێکی جۆراوجۆرە. لە سەرژمێری ساڵی2011ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 522,452 کەس بوو و چڕی دانیشتووانیش 1,428 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

نەژاد

  • پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری برادفۆرد بریتین لە:
  • سپی پێست 67.44%
  • ئاسیایی 26.83%
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە 2.48%
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی 1.77%
  • نەتەوەکانی تر 1.48%

زمان

بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی 2011، زمانە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی شارەکە بریتین لە:

ئینگلیزی: 85.31%

پەنجەبی: 3.99%

ئوردو: 3.33%

پۆڵەندی: 1.11%

بەنگاڵی: 0.95%

پشتۆ: 0.72%

گوجەراتی:0.53%

عەرەبی: 0.48%

سلۆڤاکی: 0.43%

کوردی: 0.26%

پاکستانی: 0.21%

لاتڤی: 0.20%

ڕووسی: 0.14%

چیکی: 0.13%

تاگالۆگی/فلیپینی: 0.13%

فارسی: 0.12%

ئیتاڵی: 0.11%

فەڕەنسی: 0.09%

لیتوانی: 0.09%

یۆنانی: 0.08%

زمانەکانی تر: 1.60%

ئایین

لە سەرژمێریی ساڵی 2001 و 2011ـدا، هاوڵاتیانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە ئایینی خۆیانیان دەرخست:

مەسیحی: 45.91%

بودیزم: 0.19%

هیندۆس: 0.93%

جوولەکە: 0.06%

ئیسلام: 24.70%

سیخی: 0.98%

بێ ئایینەکان: 20.68%

ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە: 6.23%

کەشوهەوای شارەکە

وەکوو زۆربەی شارەکانی شانشینی یەکگرتوو، برادفۆرد کەشوهەواییەکی دەریایی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمی بەگوێرەی وەرزەکانی ساڵ دەگۆڕێت و بە شێوەیەکی گشتی باران کەشی شارەکە مامناوەند دەکات.

بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شارەکەدا 37.9 پلەی سەدی بوو کە لە تەممووزی ساڵی 2022ـدا تۆمارکرا. پلەی گەرمی لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا دەگاتە 27.5 پلەی سەدی.

هەروەها نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 13.9- پلەی سەدی بوو کە لە کانوونی دووەمی 1940ـدا تۆمارکرا.

تێکڕای دابارینی ساڵانە لە شاری برادفۆرددا 870 مللیمەترە و تیشکی خۆر لە ساڵێکدا 1,250 کاتژمێر بەسەر شارەکەدا دەدرەوشێتەوە.

مانگەکانی وەرزی هاوین کوورت و فێنک و کەمێک هەوراوییە، مانگەکانی وەرزی زستان درێژ، زۆر سارد و ڕەشەبای هەیە و بەزۆری ئاسمانی شار هەوراوییە. پلەکانی گەرما بەدرێژایی ساڵ لە نێوان 18.9 و 3.3- پلەی سەدی دەگۆڕێت. باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە سەرەتای مانگی تەممووز تا کۆتایی ئابە.

تێکڕای پلەی گەرمی لە برادفۆرد

وەرزی گەرما 2.9 مانگ دەخایەنێت، لە 12ـی حوزەیران تا 9ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی 16.7 پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە برادفۆرد مانگی تەممووزە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی 18.9 پلەی سەدی و نزمترین پلەش 11.7 پلەی سەدییە.

وەرزی سارد 4.1 مانگ دەخایەنێت، لە 17ـی تشرینی دووەم تا 19ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار 18.3 پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرما 1.1 پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرما 6.1 پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. شانۆی ئەلهامبرا
  2. مۆزەخانەی نیشتمانی زانست و میدیا
  3. مۆزەخانەی پیشەسازی برادفۆرد
  4. پارکی لیستەر
  5. مۆزەخانەی پۆلیسی برادفۆرد
  6. پارکی برادفۆرد


سەرچاوەکان



188 بینین