محەمەد کورد عەلی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-08-01-21:55:00 - کۆدی بابەت: 9652
محەمەد کورد عەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد کورد عەلی (بە ئینگلیزی: Mhamad Kurd Ali, بە عەرەبی: محمد كرد علي) ناوی تەواوی محەمەدی کوڕی عەبدولڕەزاقی کوڕی محەمەد کورد عەلیە، لە ساڵی ١٨٧٦ لە باوکێکی کورد و دایکێکی شەرکەسی (دانیشتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی قەفقاسیا) لە دیمەشق لەدایکبووە، ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، بیرمەند، نووسەر، ڕۆشنبیر، مافپەروەر و مێژوونووس محەمەد کورد یەکەم وەزیری پەروەردەی و زانستی سووری بووە، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری ئەکادیمیای زمانی عەرەبی بووە لە دیمەشق لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی ١٩١٩ تاکوو مردنی لە ساڵی ١٩٥٣ـدا. 

سەردەمی خوێندنی

خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (كافل سيباي) خوێندووە، کە تیایدا فێری خوێندنەوە، نووسین، بنەماکانی زانستە ئیسلامییەکان و ژمارە بووە، پاشان قوناغی ناوەندی لە قوتابخانەی (الرشدية) خوێندووە و زمانەکانی تورکی و فەڕەنسی تێدا خوێندووە، ئامادەیی لە قوتابخانەی ئازەری لە دیمەشق تەواوکردووە.

پاشان پەیوەندی کردووە بە ژمارەیەک لە زانایانی دیمەشق و زانستی لێ وەرگرتوون لەوانەش: شێخ سەلیم بوخاری، شێخ محەمەد موبارەک و شێخ تاهیر جەزائیری، پەرتووکی ئەدەبی، زمان، ڕەوانبێژی، مێژوو، فیقهی ئیسلامی، تەفسیر و فەلسەفەی لەلا خوێندوون.

محەمەد کورد عەلی حەزی لە نووسین و ڕۆژنامەگەری بووە و هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی لە خوێندنەوە و کۆکردنەوەی پەرتووک بوو. هەروەها باوکی هانیدەدا پەرتووک بکڕێت و یارمەتی ماددی دەدا. لەبەرئەوەی محەمەد زیاتر گەشەی بە بەهرەکانی دەدا لە بوارەکانی زانست و زماندا بۆیە دەستی کرد بە خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کە بە زمانەکانی فەڕەنسی و تورکی و عەرەبی نووسرابوون.

لە تەمەنی شازدە ساڵیدا وتار و بابەتی بۆ ڕۆژنامەکان دەنووسی و بڕە پارەیەکی لە بەرامبەردا وەردەگرت. پاشان دەستی کرد بە خوێندنەوەی گۆڤارە ڕۆژئاواییەکان و ڕاپۆرتی لەسەر دوایین هەواڵی زانستی، شارستانی، داهێنان و گەشەپێدان بڵاوکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک دەستنووسی دەگمەنی وەرگێڕا. پاشان کارەکەی تەرخانکرد بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییە کۆن و تازەکان.

ئەزموونی کارکردن و نووسینی

  • لە ساڵی ١٨٩٢ وەکوو نووسەر لە (قلم الأمور)ـی بیانی کاری کردووە، کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنها ١٧ ساڵ بووە و زمانی فەڕەنسی و تورکی زانیوە.
  • لە ساڵی ١٨٩٧ـەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامەی (شام)ـی هەفتانەی حکوومی بووە لە سووریا.
  • پاشان بۆ ماوەی پێنج ساڵ بابەتی بۆ گۆڤاری (المقتطف) میسری نووسیوە، بەم شێوەیەش ناوبانگی گەشتە میسڕ.
  • محەمەد کورد لە ساڵی ١٩۰١ چووە بۆ قاهیرە، بۆ ماوەی ١۰ مانگ لەوێ ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا سەرنووسەری ڕۆژنامەی (الرائد)ـی میسری بووە، پاشان محەمەد کورد چەندین زانا و نووسەری ئەدەبی و فەیلەسوفی ناسی، وردەوردە هاوشێوەی نووسەرە بەناوبانگەکان لە میسردا ناوبانگی بڵاوبوویەوە، دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای تاعون لە میسر گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق.
  • لە نێوان ساڵەکانی ١٩۰٥-١٩۰٦ گەڕاوەتەوە بۆ میسر، گۆڤاری (المقتبس) مانگانەی چاپکردووە، کە توێژینەوەی زانستی و ئەدەبی و مێژووی تیادا بڵاوکردووەتەوە.
  • هەروەها ڕۆژنامەی (الظاهر)ـی ڕۆژانەی دەرکردووە، پاشان لە ڕۆژنامەی (المؤيد) کە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهانی ئیسلامی بووە، تاکوو ساڵی ١٩۰٨ کاری تێدا کردووە، دواتر قاهیرەی جێهێشتووە بەرەو دیمەشق، دواتر بە هاوکاری براکەی گۆڤاری (المقتبس) و ڕۆژنامەی (المقتبس) ڕۆژانەی بڵاوکردووەتەوە،
  • سەرنووسەری ڕۆژنامەی (شەرق) بووە.
  • لە ٨ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩ ئەکادیمیای زمانی عەرەبی دەمەزراند.

کۆچی دوایی

محەمەد کورد عەلی لە ٢ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٥٣ لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە، لە تەنیشت گۆڕی معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان نێژراوە.  

نووسراوەکانی

محەمەد کورد عەلی لە دوای خۆی ژمارەیەکی زۆر نووسراوی بەجێهێشتووە لەوانەش:

  1. خطط الشام
  2. الإسلام والحضارة العربية
  3. تاريخ الحضارة
  4. غرائب الغرب
  5. أقوالنا وأفعالنا
  6. دمشق مدينة السحر والشعر
  7. غابر الأندلس وحاضرها
  8. أمراء البيان
  9. الإدارة الإسلامية في عز العرب
  10. تاريخ حكماء الإسلام


سەرچاوەکان



374 بینین