یانەی وەرزشیی ھەولێر

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-02-15:20:00 - کۆدی بابەت: 9662
یانەی وەرزشیی ھەولێر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یانەی وەرزشیی ھەولێر (بە عەرەبی: نادي أربيل، بە ئینگلیزی: Erbil Sport Club یان Erbil SC)، یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی عێراق و کوردستان، دەکەوێتە شاری ھەولێری پایتەخت، یانەی ھەولێر لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، کە تیایدا ھەریەکە لە یارییەکانی تۆپی پێ و تۆپی دەست و تۆپی بالە و بەرزکردنەوەی قورسایی و گۆڕەپان و مەیدان بۆ کوڕان و کچان و پاسکیلسواری و بادمنتون (تێنس) و یاری شەتڕەنج ئەنجام دەدرێت.

یانەی هەولێر
Arbil Sport Club.jpg
ناوی تەواو یانەی وەرزشیی ھەولێر
نازناو یانەی پایتەخت،ئەلتڕاس، ئیمپراتۆر
دامەزراندن ١٩٦٨
زەوی یاریگای فرانسۆ ھەریری
پانتایی ٢٥٠٠٠ مەتر
ڕاھێنەر لوئەی سەلاح
خول خولی تۆپی پێی عێراق

یانەی ھەولێر یاریگەیەکی نێودەوڵەتیی ھەیە بە ناوی وەرزشوانی کۆچکردووی ناوداری کوردستان فرانسۆ هەریرییەوەیە و لە ھەمان کاتدا ھۆڵێکی وەرزشیی ھەیە ھەمان ناو لەخۆدەگرێت و نەخۆشخانەیەکی وەرزشی هەیە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی وەرزشوانان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ھەولێر لە ڕووی دارایی و دابینکردنی ھەموو پێداویستیەکان پشتگیرییەکی تەواوی ئەم یانەیە دەکەن.

ھەولێر یانەیەکی جەماوەرییە و ھاندەرێکی زۆری ھەیە لە کوردستان. بەڵام دوای چەندین یاری لە بەدەستنەھێنانی ئەنجامی باش یانەی ھەولێر و سوکایەتی پێکردنێکی زۆر لەلایەن ھاندەری یانەکانی خوارووی عێڕاق لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ یانەی ھەولێر کشانەوەی خۆی لە خولی عێراقی ڕاگەیاند. دواتر لە لە ٢٠ ئابی ٢٠١٨، دوای بردنەوەی لە یانەی دیفاع مەدەنی بە ئەنجامی ٤-٠ بەفەرمی سەرکەوتەوە بۆ خولی نایابی عێراقی بۆ وەرزی ٢٠١٨ - ٢٠١٩.

دەستکەوتەکان لە تۆپی پێ

لە یاری تۆپی پێ یانەی وەرزشی ھەولێر چەندین دەستکەوتی مێژوویی بەدەستھێناوە لەوانە:

  1. چوار جار خولی نایابی عێراق
  2. سێ جار خولی نایابی کوردستان
  3. دوو جار بەدەست ھێنانی پلەی دووەم لە جامی یەکێتی ئاسیا ٢٠١٢-٢٠١٤
  4. دوو جار پلەی یەکەم لە خولی پلە یەکی عێراق

یانەی ھەولێر بووە یەکەم یانە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە یاریزانی پیشەگەر بھێنێتە ڕیزەکانی ھەریەک لە (ئیسماعیل و بۆکینای سینیگالی و سامۆرایی کینی و بۆرخا و خۆرخێی ئیسپانی).

یانەکە چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراقی کە سێ جاریان لەسەر یەک بووە، ھەروەھا چەندین جار بەشداری لە پاڵەوانییەتی جامی یەکێتی ئاسیاییدا کردووە کە دووجار پلەی دووەمی بەدەستھێناوە لە ساڵانی ٢٠١٢، ٢٠١٤، یانەی ھەولێر لە خولی نایابی کوردستانیش بەشداری کردووە کە سێ جار بووەتە پاڵەوان.

گۆڕەپان و مەیدان

یاریزانانی ئەم یانەیە بوونە یاریزانی سەرەکی ھەڵبژاردەی عێراق لە گۆڕەپان و مەیدان بەتایبەتی لە دوایین پاڵەوانییەتی یانە عەرەبییەکان کە لە ئوردن بەڕێوەچوو و ھەروەھا لە پاڵەوانییەتی عەرەبی کە ھەڵبژاردەی عێراق بەشداریی تێیدا کردبوو، کچە یاریزانی یانەی ھەولێر (گوڵستان مەحمود) توانی دوو ملوانکەی زێڕ بە دەستبھێنێت، ھەروەھا لە پاڵەوانییەتی ئاسیا لە ھۆڵی داخراو کە لە ڤێتنام ئەنجامدرا، کچە یاریزانی شاری ھەولێر (گوڵستان مەحمود) توانی ملوانکەی زیو بە دەستبھێنێت و لە ھەمان کاتدا دوای ٢٥ ساڵ توانی ژمارەی پێوانەیی عێراقی بشکێنێت.

بەرزکردنەوەی قورسایی

یانەی ھەولێر لە کاتی دامەزراندنییەوە لە زۆربەی یارییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان چەندین دەستکەوتی بە دەستھێناوە، لە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی بەتێکڕای مێژوو چەندین یاریزانی یانەی ھەولێر لە ھەڵبژاردەکانی عێراق وەرگیراون، لە ھەمان کاتدا یانەی ھەولێر لە چەندین پاڵەوانیەتی نوێنەرایەتی عێراقی کردووە بە تایبەتی لە پاڵەوانییەتی یانە عەرەبییەکان کە لە ئوردن لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجامدرا کاتێک توانیان پلەی سێیەم لەم پاڵەوانیەتیە بە دەستبھێنن، ھەروەھا یاریزانی یانەی ھەولێر لە بەرزکردنەوەی قورسایی (سوارە محەمەد پیربال) پاڵێوراو بوو بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی ئۆڵۆمپیادی پەکین.

شەتڕەنج

یاری شەترەنج کە پێشتر یارییەکی سەرەکی بوو لە یانەی ھەولێر، تێیدا نوێنەرایەتیی عێراق کردووە لە چەندین پاڵەوانیەتی عەرەبی و ئاسیایی، لە ساڵی ٢٠٠١ نوێنەری عێراق بوو لە پاڵەوانیەتی عەرەبی بۆ یانەکان کە تێیدا توانیان پلەی دووەم بە دەست بھێنن بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ خاوەن پلەی یەکەمی ئەم پاڵەوانیەتیە، لە ھەردوو یاری تۆپی بالە و تۆپی دەست دوای ئەوەی توانیان بۆ چەندین جار خولی عێراق بە دەستبھێنن، لە ھەمان کاتدا بەشدارییان لە پاڵەوانیەتیەکانی عەرەبی و ئاسیایی کردووە.

پایسکیلسواری

لە یاریی پایسکیلسواری یانەی ھەولێر چەندین نازناوی بە دەستھێناوە و چەندین ساڵ پاڵەوانی عێراق و کوردستان بووە و ھەروەھا بەشداریی لە پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی کردووە.

دەستەی کاڕگێڕی یانە

  • دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید-سەرۆکی یانە
  • عەبدولخالق مەسعود-جێگری سەرۆک
  • مەحمود عەزیز-سکرتێری یانە
  • یوسف عزەدین-ئەمینداری دارایی
  • سەفین کانەبی-ئەندام
  • شۆرش عەباس-ئەندام
  • بێجان ئیبراھیم-ئەندام
  • پشتیوان شبیب-ئەندام
  • رێبین رەمزی-بەرێوبەری راگەیاندنی یانەی ھەولێر


سەرچاوەکان



348 بینین