ساڵی ڕووناکی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-03-17:22:00 - کۆدی بابەت: 9673
ساڵی ڕووناکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ساڵی ڕووناکی ( بە عەرەبی: سنة ضوئیة، بە ئینگلیزی: Light-year) یەکەیەکی گەورەیە بۆ پێوانەکردنی دوورییە گەورە و گەردوونیییەکان بەکاردەهێنرێت و بڕەکەی یەکسانە بە ٩.٤6 ترلیۆن کیلۆمەتر یان 5.88 ترلیۆن میل لە ساڵێکدا. بەپێی پێناسەی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گەردوونی، ساڵێکی ڕووناکی بریتییە لەو دوورییەی ڕووناکی لە ساڵێکی زایینیدا دەیبڕێت واتە 365,25 ڕۆژ. لەبەر ئەوەی دەستەواژەکە وشەی (ساڵ-Year)ـی تێدایە و خۆی ئەو وشەیە لە بنەڕەتدا بۆ پێوانەی کات بەکاردەهێنرێت، بۆیە زۆرجار واتای دەستەواژەکە بە هەڵەدا دەڕوات و بە یەکەی کات دادەنرێت، لە کاتێکدا وا نییە و پێناسەی دەستەواژەکە ئاماژە بەوە دەدات یەکەی شوێنە و بۆ پێوانی دووری بەکاردەهێنرێت.

لەسەر ئاستی گەردوون، پێوانەکردنی دوورییەکان بە میل و کیلۆمەتر کارێکی قورسە چونکە ژمارەکان زۆر گەورە دەردەچن لەکاتی گەنگەشە کردندا. بۆ گەردوونناسەکان بەو شێوەیە ئاسانترە دووری ئەستێرەکان بەو کاتە بپێون کە ڕووناکی پێویستی پێیەتی بۆ بڕینی دوورییەکە لە بۆشاییدا تا دەگاتە لای ئێمە. بۆ نموونە، نزیکترین ئەستێرە لە خۆری ئێمەوە پرۆکیسما سێنتورییە کە ٤.2 ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە، ئەمە واتا ڕووناکی ئەو ئەستێرەیە کە لە زەوییەوە دەبینرێت زیاتر لە چوار ساڵ دەخایەنێت تا دەگاتە لای ئێمە.

مێژووی ساڵی ڕووناکی

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١838 زانایەکی ئەڵمانی بەناوی (فریدریک بێسڵ) ئاماژەی بە بابەتەکە دا. دووری ئەستێرەیەکی بەناوی 61Cygni پێوا و ئەنجامەکەی 66٠ هەزار ئەوەندەی نیوە تیرەی خولگەیی زەوی بوو. تێبینی ئەوەی کرد کە ئەو ڕووناکییە نزیکەی دە ساڵێک دەخایەنێت تا دەگاتە سەر زەوی، بەڵام حەزی بە زاراوەی ساڵی ڕووناکی نەبوو و بەکاری نەهێنا. یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بوو کە ئەو کات ئەوە ڕوون نەبووبووەوە کە خێراییی ڕووناکی نەگۆڕێکی بنچینەیییە لە سروشتدا. 

لە ساڵی ١85١ـدا، زاراوەکە لە بڵاوکراوەیەکی گەردوونییدا بە ناوی (Lichtjahre) لە ئەڵمانیا دەرکەوت، کە بە واتای ساڵی ڕووناکی دێت. دواتر گەردوونناسەکان زاراوەکەیان هەڵگرتەوە و ئێستا ساڵی ڕووناکی تەنانەت لەناو ئەدەبیاتە زانستییەکانیشدا یەکەیەکی پێوانەییی بەناوبانگە. 

ساڵی ڕووناکی کێبڕکێ لەگەڵ پارسێکدا دەکات، کە بە واتای چرکەی پاراڵاکس دێت و یەکسانە بە 3.26 ساڵی ڕووناکی. چرکەی پاراڵاکس ژمارەی چرکە کەوانیییەکانە (١/36٠٠ـی پلەیەک) بەو واتایەی شوێنی دەرکەوتنی ئەستێرەیەک لە کاتی پێوانەکردنی دوورییەکەیدا دەگۆڕێت. زانای فیزیا و گەردوونیی بەڕیتانی (ئارسەر ئێدینگتن)، زانایەکی دیاری سەرەتاکانی سەدەی 2٠ـەم بوو، پێرساکی بەلاوە پەسەند بوو، ساڵی ڕووناکی بەلایەوە گونجاو نەبوو، هەرچەندە شەڕی دۆڕاندنیشی دەکرد.

چۆن ساڵی ڕووناکی هەژمار دەکرێت؟

خێراییی ڕووناکی بەنێو گەردووندا نەگۆڕە و زۆر بە وردی بڕەکەی زانراوە. لە بۆشایییدا خێراییی ڕووناکی ١،٠٧٩،252،8٤٩ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا. بۆ دۆزینەوەی ساڵی ڕووناکی، ئەم خێرایییە جارانی ژمارەی کاتژمێرەکان لە ساڵێکدا دەکەیت کە 8،٧66ـە. ئەنجامەکەی بریتییە لە: یەک ساڵی ڕووناکی یەکسانە بە ٩.5 ترلیۆن کیلۆمەتر (5،8٧8،625،3٧٠،٠٠٠ میل). کاتێک بۆ یەکەمجار ئەم ژمارانە دەبینیت، دوورییەکی زۆر زۆر و بڕێکی گەورەیە بەلاتەوە، بەڵام ئاست و فراوانییە مەزنەکەی گەردوون ئەم دوورییە زۆر بچووک و کورت دەکاتەوە. بەپێی هەژمارکردنێک تیرەی گەردوونی زانراو بە 28 ملیار ساڵی ڕووناکی دیاری کراوە.

بۆچی ساڵی ڕووناکی بەکاردەهێنرێت؟

پێوانەکردنەکان بە میل و کیلۆمەتر لەسەر ئاستی گەردوونیی ناکردەییین. لە نزیکترین ناوچەی هاوسێی گەردوونیییەوە دەست پێ بکەین، نزیکترین ناوچەی دروستبوونی ئەستێرە لە ئێمەوە تۆپەڵە هەوری گاز و تۆزی ئۆریۆنە، نزیکەی 16^65*1.210 توانی شانزەیە کیلۆمەترە، یان ئەگەر بە ساڵی ڕووناکی دەرببڕێت دەکاتە ١،3٠٠ ساڵی ڕووناکی. ناوەندی گەلەئەستێرەکەمان کە گەلەئەستێرەی ڕێگەی کاکێشانە نزیکەی 2٧ هەزار ساڵی ڕووناکی دوورە. نزیکترین گەلەئەستێرەی لوولپێچی لێمانەوە، گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدایە کە 2.5 ملیۆن ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە. هەندێک لە گەلەئەستێرە زۆر دوورەکان کە دەتوانین ڕووناکیییەکەیان ببینین ملیاران ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورن. گەلەئەستێرەی GN-z11 بەدوورترین گەلەئەستێرە دادەنرێت لە زەوییەوە کە ١3.٤ ملیار ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە.

هاوشێوەی پلە، ساڵی ڕووناکیش دەتوانرێت بکرێت بە یەکەی بچووکتری وەکوو کاتژمێری ڕووناکی، خولەکی ڕووناکی و چرکەی ڕووناکی. بۆ نموونە دووری خۆر لە زەوییەوە تەنها هەشت خولەکی ڕووناکییە، لە کاتێکدا دووری مانگ تەنها چرکەیەکی ڕووناکی دوورە. 

زاناکان لەکاتی پەیوەندی کردن بە مانگی دەستکرد و گەڕۆکەکانی بۆشایی ئەم چەمکانە بەکاردەهێنن، هەروەها ئەم چەمکانە یارمەتی زاناکان دەدەن بۆ دیاریکردنی توانای تێڕوانین و بینینیان بۆ ڕابردوو. لەبەرئەوەی گەشتی ڕووناکی کات دەخایەنێت تا دەگاتە بینایی ئێمە، هەموو ئەو شتانەی لە شەواندا دەیان بینین لە ڕابردوودا ڕوویان داوە. بە واتایەکی تر، کاتێک تێبینی شتێک دەکەیت یەک ساڵی ڕووناکی لێتەوە دوورە، تۆ ڕێک بە شێوەی ساڵێک پێشتر دەیبینیت. کاتێک کە سەیری گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا دەکەین، شێوەکەی هی 2.5 ملیۆن ساڵ پێش ئێستایە. 

جێگرەوەکانی ساڵی ڕووناکی

گەردوونناسەکان پێرسێک وەکوو جێگرەوەیەک بۆ ساڵی ڕووناکی دادەنێن. کورتکراوەی چرکەی پاراڵاکسە، لە پارسێکدا سێگۆشەیی بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی دووری ئەستێرەکان. بە شێوەیەکی وردتر، پارسێک بریتییە لە دووری ئەستێرەیەک کە شێوە دەرکەوتەکەی بە یەک چرکەی کەوانەیی لە ئاسماندا دەگۆڕێت دوای ئەوەی زەوی نیوەی سوڕانەوەکەی بە دەوری خۆردا تەواو دەکات. یەک چرکەی کەوانەیی یەکسانە بە 3.26 ساڵی ڕووناکی.

بە بەکارهێنانی ساڵی ڕووناکی بێت یان پارسێک، گەردوونناسەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی هەردوو یەکەی دوورییەکە لە گەردوونە فراوان و گەورەکەماندا.


سەرچاوەکان



747 بینین