ڕێکخراوی قاعیدە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-03-19:27:00 - کۆدی بابەت: 9677
ڕێکخراوی قاعیدە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکخراوی قاعیدە یان ئەلقاعیدە (بە عەرەبی: تنظيم القاعدة، بە ئینگلیزی: Al-Qaeda) ڕێکخراوێکی جیهادی فرەنەتەوەییە، لە کاتی جیهادی ئەفغانستاندا لە نێوان ئابی ١٩٨٨ تا کۆتایی ١٩٨٩ و سەرەتای ١٩٩٠ دامەزراوە و داوای جیهادی نێودەوڵەتی دەکات. بە شێوەیەکی زۆر لە یەمەن، ئەفغانستان، سووریا و سۆماڵ چڕبووەتەوە. 

لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان، بەتایبەتی ئەو ئامانجانەی کە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان کردۆتە ئامانج، دیارترینیان هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بوو. ئامانجەکانی قاعیدە بریتین لە کۆتاییهێنان بە کاریگەریی دەرەکی لە وڵاتانی موسڵمان و دامەزراندنی خەلافەتێکی نوێی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاسای ئیسلامی. قاعیدە پێیوایە هاوپەیمانی مەسیحی و جوولەکە پیلانی لەناوبردنی ئیسلام دادەڕێژێت.

ئەو تەکنیکانەی قاعیدە بەکاری دەهێنن بریتین لە ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی و تەقینەوەی هاوکات بۆ ئامانجە جیاوازەکان، کە لەلایەن ئەندامێکی ڕێکخراوەکەوە ئەنجام دەدرێت کە بەیعەتی بە ئوسامە بن لادن داوە یان لەلایەن هەندێک کەسەوە کە لە کەمپێکی سەربازی تایبەت مەشق و ڕاهێنانیان کردووە. 

فەلسەفەی کارگێڕیی ڕێکخراوەکە بەوە ناوبراوە کە "ناوەندییە لە بڕیارداندا و لامەرکەزییە لە جێبەجێکردندا". دوای ١١ی سێپتەمبەر و شەڕی تیرۆر، سەرکردایەتی قاعیدە لە ڕووی جوگرافییەوە گۆشەگیر و شوێنی تەنگ بوویەوە، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی سەرکردە ناوچەییەکانی گرووپە جیاوازەکان، کە لە ژێر ناوی قاعیدەدا چالاکییان دەکرد. قاعیدە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایش، سکرتاریەتی ناتۆ، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئوستوڕالیا، هیندستان، کەنەدا، ئیسرائیل، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هۆڵەندا، شانشینی یەکگرتوو، ڕووسیا، سوید، تورکیا، سویسرا، سعوودیە، بەحرەین، مەغریب، پاکستان، توونس، لوبنان، ئوردن، میسڕ، نەیجیریا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیـیەوە وەک ڕێکخراوی تیرۆرستی ناسێنراوە.

زانیاریی گشتی

ساڵانی چالاکی ١٩٨٨ - ئێستا
ئایدۆلۆجیا
سەلەفی جیهادی
جەمسەری
دژە شیعە
کۆمەڵەکان
بنکەی ناوەندی (١٩٨٨ - ئێستا)
بنکەی جیهاد لە میزۆپۆتامیا (٢٠٠٤ - ٢٠١٣)
ئەنجوومەنی شورای موجاهیدین لە عێراق (کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ - تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ بوو بە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق)
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق (٢٠٠٦ - ٢٠١٣)
لیوا کوردییەکانی قاعیدە (٢٠٠٧ - ئێستا)
قاعیدە لە مەغریبی ئیسلامی (٢٠٠٧ - ئێستا)
قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی (٢٠٠٩ - ئێستا)
ڕێکخراوی لاوان (٢٠١٠ - ئێستا)
ئەنساروشەریعە (٢٠١١ - ئێستا)
قاعیدە لە سینا (٢٠١٢ - ئێستا)
سەربازانی ئیسلام (٢٠١١ - ئێستا)
جیهادی قاعیدە لە نیمچەکیشوەری هیندستان (٢٠١٤ - ئێستا)
ڕێکخراوی موڕابیتوون (٢٠١٥ - ئێستا)
بەرەی نوسڕە (٢٠١٢ - ٢٠١٧، لە مانگی یەکی ٢٠١٧ بووە بە هەیئەتی تەحریری شام)
جەماعەتی نوسرەتی ئیسلام و موسڵمانان (٢٠١٧ - ئێستا)
ڕێکخراوی پاسەوانانی ئایین (٢٠١٨ - ئێستا)
سەرۆکەکان

ئوسامە بن لادن ⚔ (١٩٨٨–٢٠١١)

ئەیمەن ئەلزەواهیری ⚔ (٢٠١١–٢٠٢٢)

ناوچەی چالاکی سعوودیە (٢٠٠٣-٢٠٠٧)
عێراق (٢٠٠٤-٢٠١٣)
یەمەن (٢٠٠٩-ئێستا)
سووریا (٢٠١٢-ئێستا)
ئەفغانستان
پاکستان
توونس
سۆماڵ
میسڕ
لیبیا
جەزائیر
مالی

ناوی ڕێکخراوەکە

ئوسامە بن لادن لە گرتە ڤیدیۆیەکی ساڵی ٢٠٠١دا دەڵێت: "ناوی ئەلقاعیدە زۆر لەمەوبەر بە ڕێکەوت دۆزرایەوە، خوالێخۆشبوو ئەبوو عووبەیدەی پەنجشیری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ڕووسیا کەمپی مەشق و ڕاهێنانی بۆ موجاهیدەکان دامەزراند. ئێمە بە کەمپەکانی مەشق و ڕاهێنانەکانمان دەگوت قاعیدە کە بە زمانی فارسی و ئەفغانی واتە بنکە، ناوەکەش بەو شێوەیە مایەوە."

پاشخان

سەرەتا مەبەست لە دامەزراندنی قاعیدە بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیستەکان بوو لە شەڕی سۆڤیەت و ئەفغانستان، بە پاڵپشتی ئەمریکا. ئەوکات ئەمریکا لەڕێگەی هەواڵگریی پاکستانەوە لە بەرنامەیەکی تایبەتی CIA بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی باهۆز" پارەی بۆ ئەو موجاهیدە ئەفغانییانە دابین دەکرد کە شەڕی داگیرکاری سۆڤیەتیان دەکرد.

لە هەمان کاتدا ژمارەی موجاهیدە عەرەبەکان تا دەهات زیاتر دەبوو کە پەیوەست دەبوون بە قاعیدە (بەناوی "عەرەبەکانی ئەفغانستان") بۆ ئەنجامدانی جیهاد دژی ڕژێمی مارکسیی ئەفغانستان، بە هاوکاری ڕێکخراوە ئیسلامییە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت نووسینگەی خزمەتگوزارییەکانی موجاهیدانی عەرەبی کە پارەی ساڵانەی بە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دابین دەکرد و لەلایەن حکوومەتی شانشینیی سعوودیە و دەوڵەمەندە موسوڵمانەکانەوە دەبەخشرا. 

عەبدوڵڵا عەززام و بن لادن لە ساڵی ١٩٨٤ نووسینگەی خزمەتگوزارییان لە پیشاوەری پاکستان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە ئەو نووسینگەیە تۆڕێکی نوسینگەی دامەزراندنی لە ئەمریکا کردۆتەوە کە دیارترینیان ناوەندی "پەنابەرانی کفاح" بوو لە مزگەوتی ئەلفارووقی شەقامی ئەتڵەنتیک لە شاری بروکلن. پێدەچێت موجاهیدەکانی ئەفغانستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەرچاوەی ئیلهامبەخش بوون بۆ گرووپە تیرۆریستەکان لە وڵاتانی وەک ئەندەنووسیا، فلیپین، میسڕ، سعوودیە، جەزائیر، چیچان و یووگۆسلاڤیای پێشوو. بەپێی سەرچاوە ڕووسیەکان، پێدەچێت ئەنجامدەرانی یەکەم بۆردمانی ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە ساڵی ١٩٩٣دا دەستنووسێکیان بەکارهێنابێت کە لەلایەن CIA بۆ شەڕڤانانی ئەفغانستان نووسراوە سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی ماددەی تەقینەوە.

لە کۆتایی جەنگدا یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئەفغانستان کشایەوە و حکوومەتی ئەفغانستانی محەمەد نەجیبوڵڵاش دوای جەنگ بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک حکوومەتێکی کۆمۆنیستی مایەوە، پێش ئەوەی بکەوێتە دەست موجاهیدینەکان. بەڵام موجاهیدەکان نەیانتوانی لەسەر شێوازی حوکمڕانی ڕێک بکەون و لەنێو خۆیان بوونە کۆمەڵێک گرووپی جیاواز و جەنگی ناوخۆ دەستی پێکرد.

فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان

لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، بەشێک لە موجاهیدەکان ویستیان مەودای ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی درێژکردنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ناوچەکانی تری جیهان، وەک ئیسرائیل و کشمیر. بۆ بەدیهێنانی ئەم ویستانە، چەندین ڕێکخراوی سەریەککەوتوو و تێکەڵاو پێکهێنران، لەوانە ئەلقاعیدە کە لەلایەن ئوسامە بن لادن بە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی کە لە ١١ی ئابی ١٩٨٨ بەڕێوەچوو، پێکهێنرا.

بن لادن ئارەزووی ئەوەی بوو کە ئۆپەراسیۆنی ناسەربازی لە ناوچەکانی تری جیهان ئەنجام بدات، بەڵام عەززام لە بەرانبەردا دەیویست بەردەوام بێت لە گرنگیدان بە هەڵمەتە سەربازییەکان. دوای کوشتنی عەززام لە ساڵی ١٩٨٩، نووسینگەی خزمەتگوزاری لەیەکتر جیابووەوە و ژمارەیەکی زۆر پەیوەندییان بە ڕێکخراوی بن لادنەوە کرد.

دوای داگیرکردنی کوەیت، مەترسی کەوتە سەر سعوودیە، بن لادن پێشنیاری بۆ شا فەهد کوڕی عەبدولعەزیز کرد بۆ پاراستنی شانشینی سعوودیە لەلایەن چەکدارەکانیەوە لە سوپای عێراق، بەڵام پاشای سعوودیە پێشنیارەکەی بن لادنی ڕەتکردەوە و لەبری ئەو ڕێگەی بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دا لەسەر خاکی سعوودیە بڵاوببنەوە، ئەمەش بن لادنی تووڕە کرد، چونکە پێیوابوو بوونی هێزی بیانی لە "خاکی حەرەمەین" پێشێلکردنی خاکی پیرۆزە. دوای ئەوەی بە ئاشکرا ڕەخنەی لە حکوومەتی سعوودیە گرت بەهۆی داڵدەدانی سەربازە ئەمریکییەکان، دوورخرایەوە بۆ سوودان. لە ٩ی نیسانی ١٩٩٤ ڕەگەزنامەی سعوودی لێ وەرگیرا و بنەماڵەکەی حاشایان لێکرد.

لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ ئوسامە بن لادن و قاعیدە لە سوودان جێگیر بوون، لەسەر بانگهێشتی حەسەن توورابی. لەم ماوەیەدا بن لادن هاوکاری حکوومەتی سوودانی کرد و چەندین کارگەی دامەزراند و کەمپی مەشق و ڕاهێنانی بۆ چەکدارەکانی دامەزراند. زەواهیری و جیهادی ئیسلامیی میسڕ وەک ناوکی قاعیدە خزمەتیان دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی جیاواز بوون دژی حکوومەتی میسڕ، و خراپترین بەختیان لە سوودان هەبوو. لە ساڵی ١٩٩٣ لە هەوڵێکی شکستخواردووی جیهادی ئیسلامیی میسڕ بۆ تیرۆرکردنی عاتف سدقی سەروەزیرانی میسڕ کچێکی لاو کوژرا و ڕای گشتی میسریش دژی گرووپەکە وەستانەوە. پۆلیس زیاتر لە ٢٨٠ ئەندامی جیهادی دەستگیرکرد و شەش کەسیشیان لە سێدارە دران. 

ساڵی ١٩٩٥ گرووپەکە ویستی تیرۆرکردنی حوسنی موبارەکی هەبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و وڵاتی سوودانیش لە ساڵی ١٩٩٦ گرووپەکەی لە وڵاتەکەی کردە دەرەوە.

دوای ئەوەی سوودان ڕایگەیاند کە لەو ساڵەدا چیتر پێشوازی لە بن لادن و هاوکارەکانی ناکرێت، تاڵیبان کە کۆنترۆڵی ئەفغانستانی دەکرد شوێنێکی گونجاوی بۆ قاعیدە دابین کرد بۆ دانانی بارەگای سەرەکی خۆی. ئەلقاعیدە لە پاراستنی تاڵیبان بەهرەمەند بوو، هەروەها ڕێژەیەک شەرعییەتیشی هەبوو لەبەرئەوەی بەشێک بوو لە وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان. قاعیدە لە ئەفغانستان کە لە ژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندا بوو، پەناگەیەکی سەلامەتی هەبوو، تا ئەو کاتەی تاڵیبان لەلایەن تێکەڵەیەک لە هێزە ناوخۆییەکان و بەشی چالاکییە تایبەتەکانی نیمچەسەربازیی CIA و هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا و هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١دا شکستی هێنا. بەڕای زانایانی سیاسی پێدەچێت زۆرێک لە سەرکردەکانی قاعیدە لە ناوچەکانی هاوسۆزی تاڵیبان لە ئەفغانستان یان لە ناوچە خێڵەکییەکانی سەر سنووری پاکستان بمێننەوە.

فەتواکان

لە ساڵی ١٩٩٦ قاعیدە فەتوای جیهادی بۆ دەرکردنی هێز و بەرژەوەندیخوازە بیانییەکان لە خاکە ئیسلامییەکان ڕاگەیاند. بن لادن فەتوایەکی دەرکرد، کە بە ڕاگەیاندنی گشتی شەڕ لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دادەنرا و دەستی کرد بە چڕکردنەوەی سەرچاوەکانی قاعیدە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی. لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٩٦ تاوەرەکانی خەبەر کە دەکەونە شاری خەبەری سعوودیە بۆردمان کران و بەهۆیەوە ١٩ سەربازی ئەمریکی کوژران.

لە ٢٣ی شوباتی ١٩٩٨، ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیریی سەرکردەی جیهادی ئیسلامی میسڕ لەگەڵ سێ سەرکردەی تری ئیسلامی پێکەوە هەستان بە دەرکردنی فەتوایەک لەژێر ناوی بەرەی ئیسلامی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جوولەکە و خاچپەرستان، کە تێیدا هاتبوو: "حوکمی کوشتنی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان، خەڵکی سڤیل و سەربازی، ئەرکێکی تاکەکەسییە لەسەر هەموو موسڵمانێک لە هەموو وڵاتێکدا هەرکاتێک کە بتوانێت ئەو کارە بکات، تاوەکوو مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی حەرام لە چنگی ئەوان ڕزگاری دەبێت".

هەرچەندە نە بن لادن و نە زەواهیری بڕوانامەی ئەکادیمی یاسایییان نەبووە کە هیچ فەتوایەک دەربکەن، بەڵام دەسەڵاتی زانایانی ئایینییان ڕەت دەکردەوە و دەیانوت ئەوان خزمەتکاری فەرمانڕەواکانی وڵاتەکانیانن. ئەلێکساندەر لیتڤینینکۆ، بریکاری پێشووی KGB دەڵێت کە دەزگای دژەسیخوڕی ڕووسیا هەشت مانگ پێش ڕاگەیاندنی فەتوای ساڵی ١٩٩٨ لە کەمپێکی داغستان ڕاهێنانی بە زەواهیری کردووە.

فیکر

بزووتنەوەی ئیسلامیی بناژۆخواز بەگشتی و قاعیدە بە تایبەتی لە قۆناغی ڕابوونی ئیسلامیدا لە سێ دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا لەگەڵ بزووتنەوە کەمتر توندڕەوەکانی تردا پەرەیان سەند. سەید قوتب کە کەسایەتییەکی گەورەی ئیسلامییە، دەڵێت بەهۆی جێبەجێنەكردنی شەریعەت لە جیهانی ئیسلامیدا، ئیدی ئیسلامی نەماوە و گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام. بۆ گەڕانەوەی ئیسلام، موسڵمانان پێویستیان بە دامەزراندنی "دەوڵەتی ئیسلامیی ڕاستەقینە" هەیە بە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی، و ڕزگارکردنی جیهانی موسڵمانان لە هەر کاریگەرییەکی ناموسڵمانان، وەک چەمکەکانی وەک سۆسیالیزم یان ناسیۆنالیزم. سەید قوتب پێیوایە دوژمنانی ئیسلام بریتین لە "ڕۆژهەڵاتناسە خیانەتکارەکان" و "جوولەکان" کە پیلانگێڕی بۆ ئیسلام دەکەن.

بە وتەی محەمەد جەمال خەلیفە، هاوڕێی نزیکی ئوسامە بن لادن و زاوای: "ئیسلام جیاوازە لە هەر ئایینێکی تر، شێوازی ژیانە، هەوڵ دەدەین لەوە تێبگەین کە ئیسلام چی دەڵێت سەبارەت بەوەی چۆن نان بخۆین، هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دەکەین؟ چۆن قسە دەکەین؟ ئێمە فیکری سەید قوتب دەخوێنینەوە، ئەو کاریگەرترینە لەسەر نەوەی ئێمە."

قوتب کاریگەری زیاتری لەسەر ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیری هەبووە. مەحفووز عەززامی خاڵی ئەیمەن زەواهیری یەكێك بوو لە خوێندكارەكانی قوتب و پارێزەر و جێبەجێكاری وەسیەتنامەكەی بوو، یەكێك بوو لە دوایین كەسەكان كە پێش لەسێدارەدانی قوتبی بینی. ئەیمەن زەواهیری لە تەمەنی گەنجیدا چەندین جار لە مەحفووزی خاڵیەوە گوێی لە پاکیی قوتب و ئەو ئازارەی کە لە زینداندا بەرگەی گرتبوو گرتووە. هەروەها زەواهیری لە کتێبی شوڕشگێڕان لەژێر ئاڵای پێغەمبەردا پێزانینی خۆی بۆ قوتب ڕاگەیاندووە.

کوشتنی بن لادن

ئوسامە بن لادن، سەرکردەی قاعیدە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ئایاری ٢٠١١ لە شاری ئەبووت ئاباد کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە ئیسلام ئابادەوە دوورە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتاندا کە ماوەی ٤٠ خولەکی خایاند، بە سەرپەرشتی CIA و لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کوژرا. ڕووداوەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەناوی سیڵز، هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە ناوبراو لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی تێیدا دەمێنێتەوە. شەڕ و پێکدادان لە نێوان بن لادن و پیاوەکانی و هێزەکانی ئەمریکا بە یاوەری توخمەکانی هەواڵگریی پاکستان ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەڕەکە بە تەقەکردن لە سەری کوژرا. دوای كوژرانی بن لادن، ئەیمەن زەواهیری، كە دووەم پیاوی نێو ڕێكخراوەكە بوو، سەركردایەتی قاعیدەی گرتە ئەستۆ.

هێرشەکان

١٩٩٢

لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢دا قاعیدە یەکەم هێرشی تیرۆریستی خۆی بە تەقاندنەوەی دوو بۆمب لە عەدەن ئەنجامدا. ئامانجی یەکەمی هۆتێلی مۆڤێنپیک بوو، دووەم ئامانجی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی گۆڵدمۆر بوو. ئەو بۆردمانانە هەوڵێک بوون بۆ لەناوبردنی سەربازە ئەمریکییەکان کە لە ڕێگادا بوون بۆ سۆماڵ بۆ بەشداریکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری برسێتی، وەک بەشێک لە "ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هیوا". لە ناوخۆدا قاعیدە بۆردمانەکەی بە سەرکەوتنێک دەزانی کە ئەمریکییەکانی ترساند، بەڵام لە ئەمریکا بە زەحمەت سەرنجی هێرشەکە درا.

هیچ کام لە ئەمریکییەکان نەکوژران، چونکە سەربازەکان لە چەند هۆتێلێکی جیاوازدا دەمانەوە، هەروەها وەک وادەی دیاریکراو چوون بۆ سۆماڵ. لە بۆردمانەکەدا دوو کەس کوژران، گەشتیارێکی ئوستوڕالی و کرێکارێکی هۆتێلی یەمەنی و حەوت کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان یەمەنی بوون.

ساڵی ١٩٩٣ تەقینەوەی ناوەندی بازرگانیی جیهانی

لە ساڵی ١٩٩٣ ڕەمزی یووسف بە لۆری بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە نیو یۆرک. ئامانجی هێرشەکە لەناوبردنی بناغەی تاوەری یەکەم بوو، بەمەش لەسەر تاوەری دووەم دەڕوخا و تەواوی بیناکە وێران دەبوو. یوسف هیوای خواستبوو ٢٥٠ هەزار کەس بکوژێت. تاوەرەکان لەرزین و زیانێکی گەورەی ماددی کەوت، بەڵام بیناکە نەڕووخا و تەنیا شەش کەس کوژران، بەڵام سەرەنجام ١٠٤٢ کەسی تر بریندار بوون و نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی بە شوێنەکە گەیاند.

دوای هێرشەکە یووسف هەڵات بۆ پاکستان، لەوێشەوە بەرەو مانیلا. لەوێ دەستی کرد بە پلاندانان بۆ "ئۆپەراسیۆنی بۆجینکا"، کە تێیدا پلانی دانا لە یەک کاتدا دە فڕۆکەی ئەمریکی بتەقێنێتەوە، هەروەها پلانی کوشتنی پاپا جۆن پاوڵی دووەم و بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەمریکای داڕشت. دواتر یووسف لە پاکستان دەستگیر کرا.

هیچکامێک لە تۆمەتەکانی ئەمریکا دژی ئوسامە بن لادن نەبوون، بەڵام ئەوە زانرابوو کە ڕەمزی یووسف لە کەمپێکی مەشقی ئیسلامی لە ئەفغانستان بەشداری کردووە. یووسف دوای ده‌ستگیركردنی ڕایگه‌یاند كه‌ پاساوی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م هێرشه‌ سزادانی ئه‌مریكا بوو له‌ به‌رانبه‌ر پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل له‌ داگیركردنی ناوچه‌كانی فه‌ڵه‌ستین، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هیچ پاڵنه‌رێكی ئایینی نه‌كرد.

کۆتایی نەوەدەکان

لە بۆردمانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە نایرۆبی و داروسەلام زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژران کە زۆربەیان دانیشتووی ناوچەکە بوون. لە کاردانەوە بەرانبەر بۆردمانەکە، سوپای ئەمریکا کۆمەڵێکی زۆر مووشەکی کرۆی ڕەوانەی بنکەکانی قاعیدە کرد لە خووست لە ئەفغانستان، بەڵام هیچ زیانێکی بە تۆڕی قاعیدە نەگەیاند. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠ ئەندامانی قاعیدە لە یەمەن لە هێرشێکی خۆکوژیدا کەشتی تێکشکێنەری یو ئێس ئێس کۆلیان (USS Cole) بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ١٧ سەربازی ئەمریکی کوژران و کەشتییەکەیان لە بەندەردا تێکشکاند. دوای سەركەوتنی ئەم هێرشە بوێرانە، سەركردایەتی قاعیدە دەستی كرد بە ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر خودی ئەمریكا.

هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر

هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر بە تێکدەرترین کردەوەی تیرۆریستی لە ئەمریکا دادەنرێت کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس، بەهۆی ئەوەی دوو فڕۆکە خۆیان بە تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانیی جیهانیدا کێشا، فڕۆکەی سێیەمیش لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و چوارەمیش کە پایتەختی کردە ئامانج بەڵام لە پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە. 

قاعیدە ئەم هێرشانەی بەپێی فەتوایەکی ساڵی ١٩٩٨ ئەنجامدا کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە بە سەرۆکایەتی بن لادن و زەواهیری و کەسانی تر لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەرچوو. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکەکانی خۆکوژی لەلایەن محەمەد عەتا فەرماندەی سەربازیی قاعیدە سەرکردایەتی کراون و بن لادن و ئەیمەن زەواهیری و خالید شێخ محەمەد و حەنبەلی پلانداڕێژەری سەرەکی بوون.

بن لادن دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا موسڵمانان له‌ فه‌ڵه‌ستین و چیچان و كشمیر و عێراق سزا دەدات و موسوڵمانان مافی خۆیانه‌ به‌ هێرشی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر ژنان و منداڵان نەکراوەتە ئامانج، بەڵکوو ئەوەی ئامانج بووە هێمای دەسەڵاتی سەربازی و ئابووریی ئەمریکایە. بەڵگە هەیە کە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجە سەرەتاییەکانی ئەم هێرشە، ڕەنگە وێستگەی وزەی ئەتۆمی بووبن لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. بەڵام دواتر قاعیدە ئامانجەکانی گۆڕیوە و ترسی ئەوەی هەبووە کە هێرشێکی لەو جۆرە "ڕەنگە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت".

شەڕی دژی تیرۆر

لەدوای ئەم هێرشانە، حکوومەتی ئەمریکا بڕیاریدا وەڵامی سەربازی بداتەوە، دەستیکرد بە ئامادەکردنی هێزە چەکدارەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی تاڵیبان کە داڵدەدەری قاعیدە بوو. پێش هێرشەکە، دەرفەتێکی پێشکەش بە مەلا محەمەد عومەر سەرۆکی تاڵیبان کرد بۆ ئەوەی بن لادن و لیوا باڵاکانی ڕادەست بکات، بەڵام ڕەتکرایەوە. یەکەم هێزەکان کە چوونە ناو ئەفغانستانەوە، هێزە نیمچەسەربازییەکانی بەشی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سی ئای ئەی بوون.

تاڵیبان پێشنیاری کرد کە بن لادن ڕادەستی وڵاتێکی بێلایەن بکات بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، ئەگەر ئەمریکا بەڵگەی هاوبەشی بن لادن لەو هێرشانەدا بخاتەڕوو. جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا وتی "دەزانین ئەو تاوانبارە. بیدەن بەدەستەوە". تۆنی بلێر، سەروەزیرانی بەریتانیا هۆشداری دایە ڕژێمی تاڵیبان و وتی کە واز لە بن لادن بهێنن، یان دەستبەرداری دەسەڵات بن. پاش ماوەیەکی کەم، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و لەگەڵ هاوپەیمانی باکووری ئەفغانستان و حکوومەتی تاڵیبانیان ڕووخاند.

لە ئەنجامی بەکارهێنانی هێزەکانی ئەمریکا و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئاسمانی بۆ هێزە زەمینییەکانی هاوپەیمانی باکوور، هەردوو کەمپی مەشقی تاڵیبان و قاعیدە وێران بوون و زۆرێک لە پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنی قاعیدە تێکچوو. تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢، قاعیدە گورزێکی توندی لێدرا، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان لە ئەفغانستان مانەوە و سەرکردە باڵاکانی قاعیدە واتە بن لادن و زەواهیری هەڵاتن.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤، بن لادن لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن کەناڵی جەزیرەوە پەخشکرا، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند کە ئیلهامم لە هێرشەکانی ئیسرائیل وەرگرتووە بۆ سەر تاوەرەکان لە جەنگی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢دا: "کاتێک سەیری ئەو تاوەرە وێرانکراوانەم کرد لە لوبنان، بیرم کردەوە کە ستەمکار بە هەمان شێوە سزا بدەم. بۆ ئەوەی کۆمەڵێک تاوەری ئەمریکی بڕوخێنم و هەست بە ئازارەکانی ئێمە بکەن".

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٤، حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە، دوو لەسەر سێی سەرکردەکانی قاعیدە لەلایەن نیمچەسەربازییەکانی سی ئای ئەیەوە دیل کراون، لەوانە ڕەمزی بن شەیبە، عەبدولڕەحیم نەشیری، ئەبوو زوبەیدە، خالید شێخ محەمەد، و سەیفولئیسلام میسڕی. هەروەها محەمەد عاتف و کەسانی تریش کوژران.


سەرچاوەکان



801 بینین